سەرەکی » دۆسێ » ئەگەری سەپاندنەوەی قەدەغەكردنی هاتوچۆ هەیەپەڕە 2

تووشبوون بە كۆرۆنا لە زیادبووندایە

ئەگەری سەپاندنەوەی قەدەغەكردنی هاتوچۆ هەیە

شانەی قەیرانی پەرلەمانی عیراق، باس لە ئەگەرەكانی گەڕانەوە دەكات بۆ سەپاندنی قەدەغەكردنی هاتووچۆ لە عیراق گەر ژمارەی تووشبوونی رۆژانە بگاتە زیاتر لە 20 هەزار حاڵەتی تووشبوون، هۆشداریش دەدات لە تەوژمی نوێ‌ و داهاتووی ڤایرۆسەكە لە عیراق.

جەواد موسەوی، بڕیاردەری شانەی قەیرانی پەرلەمانی عیراق لە دیمانەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند»ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تائێستا زۆر گەویە، رۆژانە 4 بۆ 5 هەزار حاڵەتی تووشبوون تۆماردەكرێت، لە هەندێك كاتیشدا 5 هەزار حاڵەت تێدەپەڕێنین، ئەم ژمارەیەش بە گەورە دادەنرێت، بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتانی عەرەبی».

بە وتەی موسەوی»سیستمی تەندروستی ئەو ژمارانەی كۆنترۆڵكردووە، بەڵام ئێمە ترسمان لە تەوژمێكی تر هەیە كە دەكرێت لە مانگی داهاتوو یان كۆتایی مانگی داهاتوو عیراق بگرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەكاریی بۆ ئەو تەوژمە چاوەڕوانكراوە كراوە، ئامادەكارییەكان بەشێوەیەكن تیمی تایەت و ئامادەكراو تەیاركراون و زیاتر لە 10 هەزار قەرەوێڵە ئامادەكراوە، وێڕای ئامێرەكان و كەرەستەی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتایەی كە لە داهاتوودا روو لە وڵات دەكات».

جەواد موسەوی دەڵێت»مەترسییە گەورەكە لەوەدایە كە ژمارە گەورەكە بگاتە ئەو ئاستەی سیستمی تەندروستی نەتوانێت ژمارەكە لەخۆبگرێت، گەر ژمارەكە گەیشتە زیاتر لە 20 هەزار، ئەوا بە دڵنیاییەوە ناتوانرێت كۆنترۆڵبكرێت، بۆیە ناچار دەبین بگەڕێینەوە بۆ سەپاندنەوەی قەدەغەكردنی هاتووچۆی گشتیر و نیمچە گشتگیر، ئەمەش لەم رەوشە ئابورییە زۆر قورسەدا نەخوازراوە».

كۆی گشتی ژمارەی تووشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ‌ لە عیراقدا گەیشتۆتە زیاتر لە 400 هەزار حاڵەت، ژمارەی حاڵتەكانی چاكبوونەوەیەش 325 هەزار كەسیان تێپەڕاندووە، لە هەمان كاتدا ژمارەی مردن بەهۆی ڤیایرۆسەكەوە لە 10 هەزار كەس نزیك دەبێتەوە، ئەمەش بەپێی ئەو ئامارانەی رۆژانە لەلایەن وەزارەتی تەندوستی عیراقەوە بڵاودەكرێنەوە.

لە كۆتایی مانگی ئەیلولی رابردوو، وێڕای بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا، وەزارەتی تەندروستی عیراق، هۆكارەكانی هەڵگرتنی قەدەغەكردنی هاتووچۆی ئاشكراكرد و چەند شێوازێكی تری بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاكە پێشنیاركرد.

لە 28ی ئەیلولی 2020، ئاژانسی دەنگوباسی فەرمی (العراقیە) لە زاری ڕیاز عەبدولئەمیر بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی بڵاویكردەوە”هەڵگرتنی قەدەغەكردنی هاتووچۆ بەهۆی پابەندنەبوونی هاووڵاتیان بوو بە ڕێكارەكانی خۆپارێزی لەكاتی سەپاندنی قەدەغەكردنی هاتووچۆ، قەدەچەكردنی هاتووچۆ تەنیا مەرەكەبی سەر كاغەز بوو، كاریی بازگەكانیش تەنیا ڕێگرتن بوو لە ئۆتۆمبێلەكان، بەبێ‌ ئەوەی ڕێوشوێنەكانی تر جێبەجێ‌ بكرێن، هاووڵاتیانیش لە گەڕەكە میللییەكان بەئازادی هاتووچۆیان دەكرد و ئاهەنگییان سازدەكرد بەبێ‌ ئەوەی چاودێری بكرێن، یان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت”.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی تەندروستی گشتی عیراق”قەدەغەكردنی هاتووچۆ لە عیراق، تەنیا لەكاتی راگەیاندن و لە سەرەتای دروستبوونی تەنگژەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو”.

سەبارەت بە جێگرەوەكانی قەدەغەكردنی هاتووچۆش، ڕیاز عەبدولئەمیر دەڵێت”جێگرەوەی قەدەغەكردنی هاتووچۆ، هۆشیاریی هاووڵاتیان و پابەندبوونیانە بە مەرجەكانی خۆپارێزی لەڕووی بەستنی كەمامە و دووركەوتنەوە لە گردبوونەوە”.

بەر لەوە لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی بڕیاریدابوو، قەدەغەكردنی هاتووچۆ كە بۆ چەەند ڕۆژێك لە هەفتەدا دەسەپێنرا، هەڵبگیرێت.

هەر لەو چوارچێوەیەدا و سەبارەت بە هەڵكشانی ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە عیراق، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی 2020، نوێنەری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لە عیراق رایگەیاندبوو، عیراق چۆتە قۆناغی سێیەمی ڤایرۆسی كۆرۆناوە.

ئەدهەم ئیسماعیل، نوێنەری ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو»عیراق چۆتە قۆناغی بڵاوبوونەوەی گشتگیر لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە قۆناغی سێیەمە»، هۆشدارشی تەشەنەكردنی زیاتری ڤایرۆسەكەی دابوو لە سەرتاسەری عیراق.

بە وتەی نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە عیراق»ژمارەی ئەو قەرەوێڵانەی بۆ تووشبووانی كۆرۆنا لەنێو نەخۆشخانەكان دابینكراون، 50% كەمترن لە ژمارەی ئەو كەسانەی تووشی ڤایرۆسەكە بوون، نیگەرانیشین لە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان لە عیراق».

 608 جار بینراوە