سەرەکی » دۆسێ » سەرۆك وەزیرانی عیراق:گروپە لەدەستدەرچووەكان دەیانەوێت وڵات لاوازبكەن

هێرش و پەلامارەكانیان بەردەوامن

سەرۆك وەزیرانی عیراق:گروپە لەدەستدەرچووەكان دەیانەوێت وڵات لاوازبكەن

سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت، هەندێك گروپی سەرەڕۆ و لەدەستدەرچوو دەیانەوێت وڵات لاواز بێت، بۆیە بە هەموو شێوەیەك رووبەڕووی ئەو جۆرە گروپانە دەبنەوە كە نێردە دیپلۆماتییەكان دەكەنە ئامانج.

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە 4ی ئەیلولی 2020 لەكۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزەكانی 25 وڵات لە بەغدا ڕایگەیاند، ئەو ئاڵنگاری و قەیرانانەی لەئێستادا بەرۆكی عیراقی گرتووە، بەرەنجامی خراپ ئیدارەدانی ساڵانی ڕابردوون.

سەرۆك وەزیرانی عیراق باسی لەوەشكرد، لەپێناو ڕزگاركردن و هەستانەوەی وڵات، بەرپرسیارێتی حكومەتی گرتووەتە ئەستۆ.

جەختیشی كردەوە، دۆخی دژواری ئابوری، خراپ ئیدارەدانی دەوڵەت و وابەستەبوون بە نەوت، دابەزینی نرخی نەوت و پەتای كۆرۆنا و كێشە ئەمنییەكان هەر هەموویان ئەو ئاڵنگاریانەن كە لەبەردەم حكومەتەكەیدان و هەوڵ بۆ تێپەڕاندیان و چارەسەركردنیان دەدات.

مستەفا كازمی باسی لە هێرشی سەر نێرە دیپلۆماتییەكان كرد و ڕایگەیاند، ڕوون و ئاشكرایە كە ئامانج لەو هێرشانە لاوازكردنی حكومەت و دوورخستنەوەیەتی لە چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی قەیرانەكان، ئەمەش بەجیا لەوەی دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەو هێرشانەوە عیراق لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی داببڕێنن، لەمەشدا گروپە لەكۆنتڕۆڵ دەرچووەكان دەیانەوێت بەردەوام دەرگای گەندەڵی بەڕوویاندا كراوە بێت.

هەر لەو ڕووەوە جەختی كردەوە، ئەو گروپە سەرەڕۆیانە خوازیاری ئەوەن عیراق لاواز و شكستخواردوو بێت، بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە دەستبەسەرداگرتنی سامان و سەرچاوەكانی وڵات.

سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوەشكرد، پاراستنی نێردە دیپلۆماتییەكان و نوێنەرایەتی وڵاتان ئەركی حكومەتە و شانیان داوەتە ژێر باری ئەو بەرپرسیارێتییە و بەرەوڕووی گروپە لەیاسا دەرچووەكان دەبنەوە و ئەوپەڕی هەوڵ دەدەن كە ڕێز و متمانە بۆ دامەزراوە ئەمنییەكان بگێڕنەوە.

سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازی ئەمریكایی لە عیراق كشاوەتەوە.

لەلایەكی ترەوە، كازمی لە دیدارێكی لەگەڵ كەناڵی (العراقیە) رایگەیاند، لە گفتووگۆی ستراتیجی لەگەڵ ئەمریكا دەستكەوتی گەورەیان بەدەستهێناوە.

بە وتەی سەرۆك وەزیرانی عیراق»ڕێكەوتن كرا لەسەر دووبارە بڵاوەپێكردنی هێزەكانی ئەمریكا و دەرچوون لە بنكە سەربازییەكان لە عیراق، لەوكاتەشەوە دوو هەزار و500 سەربازی ئەمریكی گواستراونەتەوە بۆ دەرەوەی عیراق”.

ئاشكراشیكرد، بەر لە گەشتەكەم بۆ واشنتۆن لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسییەكان كۆبوومەوە، هەندێكیان داوایان لێكردم لەبارەی كشانەوەی ئەمریكا لەماوەی هەشت ساڵدا دانوستانیان لەگەڵدا بكەم، من دانوستاندنم لەگەڵدا كردن و توانیمان سێ ساڵ بەدەستبهێنین.

سەبارەت بەداخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكاش لە بەغدا، كازمی وتی»واشنتۆن بە بەغدای ڕاگەیاندووە كە بێزار و نیگەرانە لە كردنە ئامانجی نێردەكانی دیپلۆماتی لە عیراق بەهۆی هێرشە مووشەكییەكان، داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكاش لە بەغدا، عیراق دووچاری قەیرانی ڕاستەقینە دەكات و لێكەوتەی ترسناكی دەبێت، ئەوەش دەبێتەهۆی داڕمانی راستەوخۆی ئابووری، چونكە زۆربەی یارمەتییە داراییەكان بۆ عیراق لە ڕێگەی ئەمریكاوەیە.

هەر لەو بارەیەوە ەزیری دەرەوەی عیراق رایگەیاند، پاشەكشەكردەنی ئەمریكا لە عیراق ئەنجامی خراپی دەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و وەزیری دەرەوەی عیراق تاوتوێی بڕیارەكەی واشنتۆنیان كردووە بۆ كشانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا و گفتوگۆیان لەسەر ئەو ڕێكارانە كردووە كە حكومەتی عیراق بۆ ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی هێرشەكان بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا دەیگرێتەبەر.

وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عیراق نیگەرانی خۆی لە بڕیاری كشانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا دەربڕیوە و ئاشكرایكردووە ئەو بڕیارە ئەنجامی خراپی دەبێت.

وتیشی، “حكومەتی عیراق چەندین ڕێكاری ئەمنی و سیاسی و دپلۆماسی گرتۆتەبەر، بۆ ڕاگرتنی هێرشەكان بۆ سەر ناوچەی سەوز و فڕۆكەخانە و بەڵێنیشیداوە لە ئایندەیەكی نزیك ئەنجامی ئەو ڕێكارانە دەربكەون”.

لای خۆشیەوە پۆمپیۆ بەڵێنی داوە لە هەر بڕیارێكیان دوایین پێشهاتەكان تاوتوێ دەكەنەوە و هەبوونی پەیوەندییەكی باشیشی لەگەڵ عیراق بە گرنگ زانیوە، هەموو ئەگەرەكانی داهاتووی باڵیۆزخانەكەشیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عیراق تاوتوێ كردووە.

هەموو ئەمانە لەكاتێكدان كە هێرشكردنە سەر هێزەكانی هاوپەیمانان و هەوڵەكانی بە ئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسییەكان لە عیراق درێژەیان هەیە،
لە 4ی ئەیلولی 2020یش/ سەرچاوەیەكی ئەمنی ڕایەگەیاندبوو،، كاروانێكی هاوپەیمانان لە پارێزگەی بابل بە مووشەك كرایە ئامانج.

سەرچاوەیەكی ئەمنی بە میدیاكانی عیراقی ڕاگەیاندبوو”كاروانێكی هاوپەیمانان كە پاڵپشتی لۆجستی هەڵگرتبوو، لە پارێزگەی بابل بە مووشەك كرایە ئامانج”.

سەرچاوەكە ڕەتیكردەوە هێرشەكە لە ناوچەی شوملی پارێزگەی بابل ڕویدا، قوربانی لێكەوتبێتەوە.

سەرچاوەكە دەڵێت”ڕووداوەكە هەندێك زیانی كەمی لێكەوتۆتەوە و هیچ قوربانییەكەی بەدواوە نەبووە، بۆیە كاروانەكە بەردەوام بووە لەڕێكردن بەرەو شوێنی مەبەست”.

هەر لەو چوارچێوەیەودا و لە 4ی ئەیلولی 2020 دوو موشەكی جۆری كاتیۆشا لەنزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد كەوتنە خوارەوە.

بەپێی هەواڵی میدیا عیراقییەكانیش، دوو موشەكی جۆری كاتیۆشا ئاڕاستەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد كراون و لەناوچەیەكی چۆڵدا كەوتوونەتە خوارەوە، شوێنی كەوتنەخوارەوەی مووشەكەكان بەو هۆیەی چۆڵ بووە، هیچ زیانێكی لێنەكەوتۆتەوە و كەس نەبۆتە قوربانی.

لەم ماوەیەی دواییدا هێرشەكان بۆسەر كاروانەكانی هاوپەیمانان و نێردە دیپلۆماسییەكان لە عیراق ڕوویان لە زیادبوون كردووە، ئەمەش لەلایەن زۆرێكەوە بە دەستەواژەیەكی مەترسیدار و یەكلاكەرەوە لە ململانێكانی سەر گۆڕەپانی عیراق، لێكدانەوەی بۆ دەكرێت.

 673 جار بینراوە