سەرەکی » هەواڵ » “فره‌جۆركردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات و په‌ره‌پێدانی ئابووری”

“فره‌جۆركردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات و په‌ره‌پێدانی ئابووری”

ئه‌مڕۆ، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازیی له‌ د.تۆماش سێدلاچێك گه‌وره‌ ئابووریناسی جیهانی و كۆماری چیك، كردو تاوتوێی چۆنێتی بووژانه‌وه‌ی ئابووریی هه‌رێمی كوردستانیان، كرد.

د.تۆماش سێدلاچێك گه‌وره‌ ئابووریناسی جیهانی و خاوه‌نی چه‌ندین خه‌ڵاتی نێوده‌وڵه‌تی، له‌سه‌ر بانگهێشتی ره‌سمیی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری چیك، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌و مه‌به‌ستیش له‌سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ راوێژی ئابووری و زنجیره‌یه‌ك دیدارو كۆبوونه‌وه‌و چالاكی و پێشكه‌شكردنی راوێژه‌ به‌هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی چۆنێتی فره‌جۆركردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات و په‌ره‌پێدانی ئابووری و دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌ پشتبه‌ستن به‌ نه‌وت وه‌ك تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی بودجه‌.

هه‌روه‌ها، سه‌ردانی تۆماش سێدلاچێك، له‌چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندایه‌ بۆ چۆنێتی گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونی وڵاتانی سه‌ركه‌وتوو، كه‌ هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا له‌گه‌ڵ چه‌ندین وڵات له‌ هه‌وڵدایه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونی ئه‌و وڵاتانه‌ی له‌ڕووی كشتوكاڵ و حكومه‌تی ئه‌لكترۆنی و چه‌ندین بواری دیكه‌ی حوكمڕانی، پێشكه‌وتوون و له‌ لووتكه‌دان.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران، دۆخی ئابووریی هه‌رێم و پلان و ئامانجه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی بۆ پێشخستنی ئابووری و فره‌جۆركردنی سه‌رچاوه‌كانی داهاتی، روونكرده‌وه‌و به‌گرنگییه‌وه‌ باسی له‌ سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی كۆماری چیك كرد كه‌ له‌ڕووی بووژانه‌وه‌و په‌ره‌پێدانی ئابوورییه‌وه‌، نموونه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووی پێشكه‌شكردووه‌.

لای خۆیشییه‌وه‌، تۆماش سێدلاچێك، ئاماده‌یی خۆی نیشاندا بۆ به‌خشینی به‌رچاوڕوونی به‌حكومه‌تی هه‌رێم بۆ چۆنێتی گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونی كۆماری چیك و وڵاتانی هاوشێوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ پشتبه‌ستن به‌ تاكه‌ سه‌رچاوه‌، رزگاری ببێت.

 59 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*