سەرەکی » راپۆرت » دۆستێکی لەمێژینەی نەتەوەی کورد

د. فێردیناند هێنەبیشلەر

دۆستێکی لەمێژینەی نەتەوەی کورد

وەرگێڕانی لە زمانی ئینگلیزی و ئەڵمانییەوە:: عەبدولحەمید حسێنی (سەپان)

ئامادەکردنی: بوار نوورەدین

فێردیناند کەسێکی ناوداری ئەوروپاییە. لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابوردووەوە، وەك دۆستێکی بەوەفای کورد لەسەر ئاستی ئەوروپا و ئەمریکا، لە پێناوی ناساندنی پرس و چارەسەری کێشەی کورددا، لە کوردستانی گەورە بە گشتی و باشووری کوردستان بە تایبەتی، هەوڵی داوە و خۆی ماندوو کردووە.

ناوبراو بەهاری 1979، لە ئاوایی ناوزەنگ- بێورانی خوارووی سەر بە شاری سەردەشت، بۆ گوزارشی دانوستانی دەستەی دانوستانکاریی تاران لەگەڵ کوردەکانی ئێراندا (حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشان و کەسایەتیی ناسراوی کورد شێخ عیزەدین حوسەینی) بە نێوانگیریی مام جەلال تاڵەبانی، بۆ ئەو شوێنە چووە. هەرچەند وا بڕیار بووە کە هیچ هەواڵنێر و ڕۆژنامەنووسێکی بیانی بۆ ئەو شوێنە نەیەن. داریوشی فرۆهەر کە سەرۆکی دەستەی دانوستانکاری حکوومەتی تاران بووە، کاتێک «فێردیناند»ی دیوە، پرسیاری لە مام جەلال کردووە: (ئایا ئەم ڕۆژنامەنووسە بیانییە، لێرە چی دەکات؟ بڕیار وابوو هیچ ڕۆژنامەنووس و هەواڵنێرێکی بیانیی ئاگادار نەکرێتەوە؟!)

مام جەلال دەڵێ: (ئەم بیانی نییە، کوردێکی نەمساوییە!)

پاش ئەوەی کۆبوونەوەکان هیچ ئەنجامێکی نابێ، مام جەلال بۆ ئاگادارکردنەوەی پێشمەرگەکان و دابینکردنی ئاسایشی ڕێی ‌گەڕانەوەیان، لەسەر پێلیژەیەک «پەیژەیەک» دادەنیشێ و خەریکی نووسین دەبێ. فێردیناند لەو کاتەدا، ئەو وێنە مێژووییەی مام جەلال دەچرکێنێ، کە لەسەر پەیژەکە دانیشتووە.

ئێمەیش وەک وەفایەک بۆ «فێردیناند»ی خۆنەویست و دڵسۆزی گەلی کورد و مرۆڤایەتی، بە بۆنەی ڕۆژی لەدایکبوون و بڵاوكردنەوەی نوێترین كتێبی: (كوردەكانی عیراق- قوربانیانی گازی ژەهراوی «توركیا كەمپی سووستو لەیۆكسەكۆڤا» ڕاپۆرتی شایەتحاڵێك 13/9/1988)، كە بڕیارە هەر ئەمڕۆ لە مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنەسوورەكە بڵاوبكرێتەوە، پێمان باش بوو ئەم بابەتە ئامادە بکەین و بەشێک لە هەوڵەکانی بخەینەڕوو، تاوەکوو دكتۆر فێردیناندی بیانیی باشتر بناسێنین، كە ساڵانێكە لە پێناوی دۆزی گەلەكەماندا تێدەكۆشێت:

فێردیناند سێی نۆڤەمبەر (تشرینی دووەم)ی 1946 لە شاری لینز Linzی وڵاتی نەمسا لە بنەماڵەیەکی دینداری نەمساویی لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و دواناوەندیی هەر لەو شارەدا تەواو کردووە. ساڵی 1965 لە زانکۆی ڤییەنا وەرگیراوە و لە بەشەکانی مێژوو، زمانەوانی، زمانناسی، شوێنەوارناسی، دەروونناسی، زمان و فەلسەفەی ئەڵمانی، لەژێر چاودێریی چەند مامۆستایەکی بەناوبانگی نەمساویدا خوێندوویەتی، وەک:

شوێنەوارناسی (Archaeology with Richard Pittioni, 1906-1985).

چاخەکانی دێرین .(Fritz Schachermeyr, 1895-1987)

مێژووی سەردەم- مۆدێرن (Heinrich Lutz, 1922-1986) .

فەلسەفەی ئەڵمانی (Werner Welzig, 1935-2018).

توێژینەوە لە زانستی زمانەوانیی هیند و ئەوروپاییدا (Manfred Mayrhofer, 1926-2011).

فەلسەفە (Leo gabriel, 1902-1987).

دەروونناسی (Hubert Rohracher, 1903-1972).

دواتر درێژەی بە خوێندن داوە و ساڵی 1972 بڕوانامەی دکتۆرای لە زانستی فەلسەفەدا، لە زانکۆی ڤییەنا وەرگرتووە. ساڵانی 1965 – 1973، لە دواناوەندیی شارەکانی ڤییەنا و وێڵز لە وڵاتی نەمسا مامۆستا بووە. ساڵانی 1967 -1975 و 1985-1990 هەواڵنێری بەشی دەرەوەی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی نەمسا (ORF) بووە. ساڵانی 1980-1985 لە باڵیۆزخانەکانی نەمسا لە لەندەن و ئاتێن، کاری دیپلۆماتیی کردووە. لە 1985 بە دواوە، وەك ڕۆژنامەوان، نووسەر و مێژوونووس لە بوارەکانی: یەکێتیی ئەوروپا، کورد، ئێران، عیراق، تورکیا، ئیسرائیل، فەلەستین، لوبنان و قوبرسدا کاری کردووە.

لە بوارەکانی دیپلۆماتی، کاری مرۆڤدۆستی، ئیدارە و بەڕێوەبەرایەتیدا ئەزموونی وەرگرتووە، وەک: ساڵانی 1982-1981/ 1983-1984 هەڤپەیڤین و دانوستان بۆ ڕزگارکردنی 11 کەسی سەر بە حەوت وڵاتی ئەوروپایی کە لە عیراق بە دیل گیراون. ساڵی 1984 کاری بۆ ڕزگارکردنی تێکنسیەنەکانی كۆمپانیای «تۆمسۆن» کردووە کە خەڵکی وڵاتانی: ئیتاڵیا، سویسرا، ئەڵمانیا، نەمسا و تورکیا بوون. 1984 نێوانگیریی لە نێوان وڵاتانی ئێران و فڕەنسەدا کردووە تا پێوەندییە دیپلۆماسییەکانیان ئاسایی بکەنەوە، لە کۆتاییدا هەر دوو وڵات لەسەر ئەوە ڕێککەوتن، کە فڕەنسە بڕی یەک میلیارد دۆڵار بە ئێران بدات، تا پێوەندییەکانیان ئاسایی بکرێتەوە.

ساڵانی 1983 بۆ 1985 وەك ڕاوێژكاری تایبەتیی سەرۆك وەزیرانی نەمسا (د. برونۆ کرایسکی Bruno Kreisky) سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی نەمسا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا كاری كردووە، وە لەو پەیوەندییەدا بە یارمەتیی د. هێربێرت ئێمری -جێگری سەرۆک وەزیران و باڵیۆزی ئەوکاتەی وڵاتی نەمسا لە یۆنان- لە ژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی د. برونۆ کرایسکی، کاریان بۆ ڕزگارکردنی دیلەکانی شەڕی ئیسرائیل و فەلەستین کردووە و لە ئایاری 1985دا، پڕۆسەكە بە ڕزگارکردنی سێ دیلی ئیسرائیلی بەرامبەر بە هەزار دیلی فەلەستینی و 150 شیعەی لوبنانی کۆتایی پێ ‌هاتووە.

لە نێوان مانگی خاکەلێوە بۆ جۆزەردان (نیسان – حوزەیران)ی 1991، سەرۆک و بەرپرسی گەورەترین پڕۆژەی یارمەتیی وڵاتی نەمسا بۆ پەنابەرانی کورد بووە لە ئێران (کاتی کۆڕەوەکە) بە ڕێکخستنی 500 پزیشک، پەرەستار و سەربازی ئەوروپایی، پێ‌گەیاندنی خزمەتی پزیشکی، خۆراک، بەڕێکردنی سەدان کورد بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا.

لە بواری ڕۆژنامەوانی و هەواڵنێرییدا، کاری مەیدانیی زۆری کردووە، وەک:

1985-1990 بە جێگیربوون لە قوبروس، وەك هەواڵنێری تایبەتیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کاری بۆ چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێک کردووە، وەک: PROFIL, Wiener Zeitung, NEUE ZEIT. هەروەها لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێراندا، لە تاران کاری بۆ چەند کەناڵێکی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن کردووە و هەواڵی تایبەتیی لەبارەی شۆڕشەکەوە بۆ ناردوون، وەک: NDR, RIAS, SFB, BR, WDR, SDR, SWF. بۆ ڕۆژنامەی Die Zeit و گۆڤاری Der Spiegel چاوپێکەوتن و وتوووێژی تایبەتی لەگەڵ «خەڵخالی»ی وەک قازیی شەرع و شەڕ کردووە. هەواڵنێری ڕۆژنامەکانی NZZ و SDR وڵاتی سویسرا بووە، بۆ ڕۆژنامەی (Berner Zeitung) چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لە ژێر سەردێڕی: سەرهەڵدانەوەی کوردەکان لە دوای 1975دا، لەگەڵ شەهید د. قاسملوودا کردووە.

ساڵانی 1990 -1992 لە شاری برۆکسلی پایتەختی یەکێتی ئەوروپا، جێگیر بووە و هەواڵنێری بۆ ڕۆژنامەی WIENER ZEITUNG و گۆڤاری PROFIL کردووە. ساڵی 1993 وەك هەواڵنێری پسپۆر لە بواری خۆرهەڵاتی ئەوروپا و ڕوانینیان بۆ بە ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا و هەروەها کێشەی تورک و کورد، لە ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی دەنگی ئەوروپا بەشداریی کردووە.

فێردیناندی دڵسۆز و خەمۆری مرۆڤایەتی و بە تایبەتیش گەلی کورد، لە بواری لێکۆڵینەوە و نووسینیشدا، لە هەوڵ و تێکۆشان بەردەوام بووە، چەند نموونەیەک لە بەرهەمەکانی دەخەینەڕوو:

-1 شۆڕشی کوردەکانی ئێران و ڕێبەرەکانیان، کە لە بەرگی 29ی ژمارەی 12ی ساڵی 1980ی ڕۆژنامەی (Neue Zrcher Zeitung)دا بڵاوکراوەتەوە.

-2 کوردەکان، نەتەوەیەکی بێ‌ دەوڵەت لە نیشتمانێکی سووتێندراودا، ساڵی 1986 لە «ئینترناسیۆناڵ»‌دا چاپ کراوە.

-3 گوزارشتێك لەبارەی بەرەنگاربوونەوە و شۆڕشی کورد لە نێوان ساڵەکانی 1975- 1982، کە ساڵی 1982 بڵاوکراوەتەوە.

-4 وتارێك بۆ کۆنفڕانسی ژمارە 22ی نێودەوڵەتی «کار و مێژووی کۆمەڵایەتی» لەبارەی چەند لایەنێکی سەرهەڵدانەوەی شوڕشی کوردەکان پاشی 1975، ساڵی 1986 بڵاوکراوەتەوە.

-5 کوردەکان و تایبەتمەندییەکانیان، لە 16 بەشدا بۆ ڕۆژنامەی (WIENER ZEITUNG) نووسراوە و ساڵی ١٩٨٧ بڵاوکراوەتەوە.

-6ئەوانەی بۆ ئازادیی دەمرن، مێژووی نەتەوەی کورد، کە بۆڕنۆکرایسکیی ڕاوێژکاری وڵاتی نەمسا پێشەکی بۆ نووسیوە، ساڵی 1988 لە ڤییەنا لە چاپخانەی حکومی لە چاپدراوە.

-7 کوردەکان، قوربانییەکانی گازی ژەهراویی، لە ئۆردووگای کاتیی سوویستوو، یوکسەکۆڤای تورکیا 13ی سیپتامبری 1988.

-8 نەمسا و کوردەکان، وتارێك لەبارەی ئازادیی لە چیاکان دایە، بۆ گۆڤاری ئازادی لە 17ی ئەیاری 1992دا.

-9 کوردەکان- مێژووی نەتەوەی کورد لە بەرەبەیانی مێژوووە تا ئێستا، کە کتێبێکی 700 لاپەڕەیە و بە زمانی ئەڵمانی نووسراوە و ساڵی 2004 چاپکراوە، تەنانەت تایپ و دیزان و خەرجیی چاپەکەیشی لەسەر ئەرکی خۆی بووە.

-10 ڕەچەڵەکی کوردەکان- زنجیرە وتارێکە کە وەك کتێب لە 700 لاپەرەدا بە ئینگلیزیی نووسیویەتی و ساڵی 2010 چاپی کردووە.

-11 خوێندنەوەیەکی نوێ لەبارەی تێرۆرکردنی د. عەبدوڕەحمان قاسملوو، ساڵنامەی دیراساتی کوردیی، ڤییەنا، 2013.

لە چەندین کۆڕ و کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی و کوردستانیشدا بەشدار بووە، کە پێوەندییان بە زمان و مێژوو و داهاتووی کوردەوە هەبووە، وەک:

داهاتووی پرس و کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی، زانکۆی تونجەلی-دەرسیم، 2-13.

ڕیکخستن و بەشداریی لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی «بژاردەکانی داهاتووی کورد» زانکۆی سلێمانی، بە دوو وتار، 2018.

ڕێکستن و بەشداریی لە کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی «شوناسی نەتەوەیی کورد لە چەمکی نوێی جیهانیدا» زانکۆی سلێمانی، 2019.

زانکۆی سلێمانی، ساڵی 2012 دکتۆرای شانازی و ڕێکخراوی «برایم ئەحمەد فاوندەیشن»یش، ساڵی 2017 «خەڵاتی زێڕینی بلە»یان پێ ‌بەخشیوە.

بۆ زانیاریی زۆرتر بڕوانە:
https://file.scirp.org/pdf/AA_2018082915514870.pdf
https://univsul.edu.iq/en/news/1975/u

 307 جار بینراوە