سەرەکی » دۆسێ » خۆپیشاندانەكانی بەغدا و باشوور سەرهەڵدەدەنەوە

حكومەت خۆپیشاندەران دەپارێزێت

خۆپیشاندانەكانی بەغدا و باشوور سەرهەڵدەدەنەوە

رەوتەكان-

لە ساڵیادی خۆپیشاندانەكانی بەغدا و پارێزگاكانی تری باشووری عیراق، خۆپیشاندانی ناڕەزایی سەرهەڵدەدەنەوە.

میدیاكانی عیراق لە 25ی تشرینی یەكەمی 2020 بڵاویانكردەوە،» لە كاتژمێر 8:00ی بەیانی ئەمڕۆ یەك شەممەوە خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەخت دەستیپێكردووەتەوە»، خۆپیشاندانەكانیش هاوكاتن لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر “خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەم”ی ساڵی ڕابردوو، كە بەهۆیەوە زیاتر لە 600 كەس كوژران و زیاتر لە 25 هەزار كەسیش برینداربوو.

بەپێی زانیارییەكان داوا لە خۆپیشاندەران كراوە دووربكەونەوە لە توندوتیژی و بەكارهێنانی چەك و پابەندبن بە ڕێنماییە تەندروستییەكان و خۆیان بپارێزن.

هەر لەو چوارچێوەیەدا مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە پەیامێكیدا ڕایگەیاندبوو، هەموو هەوڵێكیان بۆئەوەیە ڕێگری بكرێت لەساختەكاری لە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراقدا و دەیانەوێت هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەنجام بدرێت.

بە وتەی كازمی «هەڵبژاردن لە 6ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو ئەنجامدەدرێت» داواشی لە هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەكان كردبوو ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوانیاندا ڕوونەدات.

حكومەت شانازی بە خۆپیشاندانەكانەوە دەكات
ئەحمەد موللا تەڵاڵ وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاندبوو، حكومەت شانازیی بە دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانەوە دەكات لە بەغدا و ژمارەیەك لە پارێزگەكان، پاراستنی خۆپیشاندەرانیش بەرپرسیارێتی حكومەتە.

موللا تەڵاڵ لە دیمانەیەكی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاندبوو»جیاوازییەكە لەوەدایە، حكومەتێك لە وڵاتێكدا شانازیی بكات بە دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان، و لاوازنی هۆشیار كە بۆ دەیان ساڵە داوای مافی زەوتكراوییان دەكەن، ئەم خەسڵەتە تەنیا لە عیراق هەیە و لە حكومەتێكی وەك حكومەتی ئێستادا بەدی دەكرێت كە سەرۆكەكەی فەرمان دەكات بە دابینكردنی پارێزگاریی پێویست بۆ لاوانی عیراقی خۆپیشاندەر كە دەیانەوێت بەشێوەیەكی ئاشتیانە دەنگی ناڕەزایی خۆیان بگەیەنن».

وتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت»كازمی خۆپیشاندەرانی راسپاردووە ئاشتیخوازیی خۆپیشاندانەكان بپارێزن و رێگە لە دزەكردنی ئەو كەس و لایەنانە بگرن كە دەیانەوێت خۆپیشاندانەكان بشێوێنن».

سەدر: دەبێت رێگە لە گێرەشێوێنەكان بگیرێت
رابەری رەوتی سەدر رایدەگەیەنێت، كەسانی گێرەشێوێن كە خۆیان خزاندووەتە نێو خۆپیشاندەران، شۆڕشی ئاشتییانە بە لاڕێدا دەبەن و دەبێت حكومەت بەرپەرچیان بداتەوە.

موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر لەبارەی خۆپێشاندانەكانی 25ی تشرینی یەكەمی 2020 كە لە ساڵیادی خۆپیشاندانەكانی ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوون، لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) نووسیبوی، كەسانی گێرەشێوێن كە لە دەرەوە پشتیوانی دەكرێن و خۆیان خزاندووەتەوە نێو خۆپیشاندەران، دوای ئەوەی سەرۆك وەزیران رایگەیاند، كە هێزە ئەمنییەكان چەكدار ناكرێن، هەوڵدەدەن شۆڕش لە شێوازی ئاشتییانەی خۆی بەلاڕێدا ببەن.

بە وتەی موقتەدا سەدر»پێویستە حكومەت ئاسایش بەرقەرار بكات و بەرپەرچی ئەو كەسانە بداتەوە و شكۆ بۆ دەوڵەت بگێڕێتەوە».

عەللاوی: خۆپیشاندەران نیشتمانیان دەوێت
سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنیە رایگەیاند، ساڵێك لەخۆڕاگری و دان بەخۆداگرتن بە ئاڕاستەی جێبەجێكردنی داواكارییەكی سەرەكی، كە ملیۆنەها كەس لە پێناو ئەو داواكارییەدا ڕژانە سەر شەقامەكان، “گەنجانی خوێن گەرم و خۆپیشاندەران نیشتمانیان دەوێت”.

ئەیاد عەللاوی، سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنیە لە تویتێكدا لەبارەی دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانەكان لە بەغدا و پارێزگەكانی تری عیراق رایگەیاند»»ساڵێك لە خۆڕاگری و دان بەخۆداگرتن بە ئاڕاستەی جێبەجێكردنی داواكارییەكی سەرەكی، كە ملیۆنەها كەس لە پێناو ئەو داواكارییەدا ڕژانە سەر شەقامەكان، ئەوەیە كە نیشتمانمان دەوێت».

عەللاوی نوسیبوی»سڵاو لە گەنجانمان، كە ڕێگەی ئاشتییانەیان بە ئامانجی بەدیهێنانی ئامانج و داواكارییەكانیان هەڵبژارد، بۆیە گرنگە داواكارییەكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ بكرێن بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەستە بە دادگاییكردنی بكوژانی خۆپیشاندەران و ئەو كەس و لایەنانەش، كە پاڵپشتییان لێ دەكەن.

دۆسێی كوشتنی خۆپیشاندەران
لە ساڵیادی بەرپابوونی خۆپیشاندانەكانی تشرین لە بەغدا و پارێزگەكانی تری عیراق، هیشام داود راوێژكاری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، باسی لە دوایین پەرەسەندن كرد سەبارەت بە دۆسێی كوشتنی خۆپیشاندەران و ئەو سەرەداوای لیژنەكانی لێكۆڵینەوە پێی گەیشتوون، ئاماژەی بە چەند لایەنێكیش كردبوو كە دەیانەوێت خۆیان لەجێگەی دەوڵەت دابنرێن كە بە وتەی ئەو «حكومەت رێگرییان لێدەكات».

داود لە دیمانەیەكی تەلەفیزیرنی رایگەیاندبوو»حكومەتەكەی مستەفا كازمی، میراتگری دەوڵەتێكی شكستخواردووی لاوازە و لە رۆژگارەكانی حكومەتی پێشوودا خۆپیشاندانەكان روویاندا».

بە وتەی هیشام داود»دادوەریی بەدواداچوون بۆ سەرەداوی تایبەت بە دۆسێی بكوژانی خۆپیشاندەران دەكات و بەوپەڕی بەرچاوڕونییش كار بۆ راگەیاندنی ئەنجامەكانی دەكات لەكاتی گونجاودا».

راوێژكاریی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەڵێت»دەبێت كاتی پێویست بدرێتە لیژنەكانی لێكۆڵینەوە، ئەو سەرەداوای حكومەتیش پێیگەیشتووە، پەیوەندی بەو لایەنانەوە هەیە كە لەنێو عیراقدا فەرمانیان بە جێبەجێكردنی تاوانی كوشتنی خۆپیشاندەران كردووە، ئەمەش پێویستی دانبەخۆداگرتن هەیە».

هیشام داود پێیوایە»حكومەتەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، لەپێناو خوێنڕشتندا هاتووە و كار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە دەكات، تا لێوەی لاوان بگەنە پەرلەمان و رۆڵییان ون نەبێت».

راوێژكاری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەڵێت»خۆپیشاندەران داوای چاودێرییەكی نێودەوڵەتی دەكەن بۆ هەڵبژاردنەكان و ئەمەش لەلایەن حكومەتەوە دەڕەخسێنرێت، داوای كۆمسیۆنێكی سەربەخۆشیان كردبوو كە هەیە، داوای یاسایەكی هەڵبژاردنی نوێیان كردووە، ئەمەش لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگ لەسەر زۆربەی بڕگەكانی درا».

داود تەئكیدی لەسەر هەوڵەكانی حكومەتیش كرد بۆ بەگژداچوونەوەی ساختەكاریی لە هەڵبژاردنەكان لەڕێی پشتبەستن بە سیستمی بایۆمیتری لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا، داواش لە لاوانی خۆپیشاندەر كرد، قەوارەی سیاسی بۆخۆیان پێكبهێنن، تا لە هەڵبژاردنی داهاتوودا نوێنەرایەتییان بكات».

ئەو راوێژكارەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەڵێت»ئەو كاتەی لەبەردەم لاوانی خۆپیشاندەردا ماوە بۆ گەیشان بە پەرلەمانی داهاتوو زۆر كەمە، بۆیە پێویستە بكەونە خۆیان تا نوێنەرایەتی گەورەترین توێژی گەل بكەن».

راوێژكارەكەی كازمی قسەی لەسەر لێدوانەكانیشی كرد بۆ رۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی سەبارەت بە «سەما لەگەڵ مارەكان و وتی»ماری زۆر لە وڵاتدا هەن، هێزەكان لە ململانێدان، عیراق بۆتە ناوچەی ناكۆكییە ئیقلیمییەكانن ئێمەش باجی ئەو جەنگە دەدەین كە تەمەنی 40 ساڵە، ئەمەش وامان لێدەكات بە هەموو شێوازە رەخساوەكان كار بۆ دەستەمۆكردنی مارەكان بكەین».

هەروەها دەڵێت»هێزە نادەوڵەتەكان دەیانەوێت خۆیان بسەپێنن و جێگەی دەوڵەت بگرنەوە لەڕێی بچوككردنەوەی چەمكی دەوڵەت، بەڵام دەوڵەت بنەمای رێكخستنی كۆمەڵگەیە و دەبێت بەوپەڕی تواناوە كار بۆ پتەوكردنی بوونی بكەین لە هەموو بوارەكاندا».

 63 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*