سەرەکی » زانست » مۆمی گوێ نەخۆشی دەروونیی دەردەخات

مۆمی گوێ نەخۆشی دەروونیی دەردەخات

زانایانی بەریتانیی ئاشكرایدەكەن دەكرێت مۆمی ناوگوێی مرۆڤ ئاماژەیەك بێت بۆ كێشە دەروونییەكان.

توێژەرەوانی پەیمانگای زانستی دەماری زانین لەزانكۆی(كۆلیدج)ی لەندەن لەنوێترین توێژینەوەیاندا كە(٣٧) خۆبەخش بەشداری تێداكردووە ئاشكرایانكردووە كە دەتوانرێت لەرێگەی دەردراوە مۆمییەكانی كەناڵی بیستنەوە ئاستی هۆرمۆنی كۆرتیزۆلی پەیوەست بە گوشاری دەروونی پێوانە بكرێت، ئەمەش دەرەتانی باشتر دەستەبەردەكات بۆ دیاریكردنی دۆخی دەروونیی كەسەكان لەوانەش خەمۆكی.

بۆ ئەم مەبەستەش (ئەندریس هیران ڤایڤس) پزیشكی دەروونی و سەرپەرشتیاری توێژینەوەكە گەشەی داوە بە جۆرە ڕووپێوێك كە ئازاری تەپڵی گوێ نادات و بە هۆیەوە دەتوانرێت ئەوە بزانرێت كە بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی ئاستی كۆرتیزۆل ئاماژەیە بۆ چی؟

ئەندرێس هیواخوازە لەكۆتاییدا ئەم ئامێرەی بتوانێت ببێتە جۆرە پێوانەیەكی بایەلۆژی شوێنەكی بۆ زانینی نیشانەی دۆخە دەروونییەكان، چونكە وەك خۆی دەڵێت «دەستنیشانكردنێكی باشی نەخۆشیی تەنها رێگەیە بۆ دەستبەركردنی چارەسەری گونجاو».

پێشتر ئەو پسپۆرە توێژینەوەی لەوە كردووە كە ڕەنگە بكرێت ئاستی كۆرتیزۆلی كەڵەكەبوو پێوانە بكرێت لە رێگەی شانەكان و ئەو شوێنانەی تری لەش كە ڕەنگە كورتیزۆل تێیدا كەڵەكە ببێت، هەروەها ماوەیەكیش لەوەی كۆڵیوەتەوە كە دەكرێت لە رێگەی پیازیلەی مووەوە ئاستی كورتیزۆل پێوانە بكرێت، بەڵام ئەوە پێویستی بە موویەك دەبێت كە درێژییەكەی(٣) سانتیمەتر بێت، ئەمەش ڕەنگە لە زۆركەسدا نەبێت یان زۆر كەس بەوە قایل نەبن و زۆرجاریش ئەو ئاستە لەوێدا جێگیر نییە، هەربۆیە بیری لەوە كردووەتەوە كە ئاستی كۆرتیزۆل لە ناو مۆمی گوێدا جێگیرترە.

ئەوەی بە لای ئەندرێسەوە گرنگە ئەوەیە توێژینەوەكەی زیاتر پەرەی پێبدرێت بۆ ئەوەی بۆ پێوانەكردنی هەندێك شتی تریش بەكار بهێنرێت، لەوانەش ئاستی گلۆكۆز و ئاستی تەنەدژە ڤایرۆسەكان لە لەشدا.

پێویستە بوترێت، كورتیزۆل بە هۆرمۆنی(ڕووبەرووبوونەوە یان هەڵاتن) ناسراوە، كاتێك ئاماژە بۆ مێشك دەنێرێت وەك كاردانەوەیەك بۆ دڵە راوكێ، دەتوانێت كاریگەریی هەبێت لەسەر هەموو سیستمی لەش لە كۆئەندامی بەرگرییەوە بۆ كۆئەندامی هەرس و كار دەكاتە سەر تێكچوونی خەوی مرۆڤ، بەڵام هێشتا كاریگەریی ئەو هۆرمۆنە لە سەر پشێوییە دەرونییەكانی وەك نیگەرانیی خەمۆكیی بە نەزانراوی ماوەتەوە.

لە ڕووی تیۆرییەوە، ئەو كەسانەی نیشانەكانی تێكچونی باری دەروونیان تێدا دەردەكەوێت دەتوانن، پشكنین بۆ ئاستی هۆرمۆنی كۆرتیزۆل بكەن، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دەستنیشانكردنی حاڵەتەكەیان.

دەكرێت لە ڕێگەی پشكنینی خوێنەوە ئاستی كۆرتیزۆل دیاری بكرێت، بەڵام ڕەنگە ئەو ئاستە پەیوەندی بە دۆخی ئەو كەسەوە هەبێت لەكاتی پشكنینەكەدا، بۆیە ڕەنگە ئەنجامی ئەو پشكنینە زۆر ڕاست دەرنەچێت.

بۆیە دەكرێت ئەو ڕێگەیەی (ئەندریس هیران ڤایڤس)ڕێگەیەكی گونجاو بێت بۆ دەستنیشانكردنی حاڵەتەكە بە شێوەیەكی ڕاستتر و دواتریش چارەسەری گونجاو بۆ كەسەكە بەكاربهێنرێت.

سەرچاوە: الصحە والحیاە

 278 جار بینراوە