سەرەکی » مانشێت » قوباد تاڵه‌بانی: ئاماده‌ییمان نیشانداوه‌ بۆ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا سه‌باره‌ت به‌ ئیداره‌دانی نه‌وت و خاڵه‌ سنوورییه‌كان

قوباد تاڵه‌بانی: ئاماده‌ییمان نیشانداوه‌ بۆ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا سه‌باره‌ت به‌ ئیداره‌دانی نه‌وت و خاڵه‌ سنوورییه‌كان

جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، رایگه‌یاند: هه‌مه‌جۆركردنی ئابووری، له‌ پێشه‌نگی كاره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌و ئاماده‌یی خۆشمان نیشانداوه‌ بۆ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا سه‌باره‌ت به‌ به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت و خاڵه‌ سنوورییه‌كان و وردبینی كردن له‌ داهاتی شه‌ش ساڵی رابردوودا.

ئه‌مڕۆ، قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، به‌شداریكرد له‌ (كۆڕبه‌ندی ئابووریی كوردستان له‌‌ له‌‌نده‌ن)، كه‌ ئه‌مساڵ به‌هۆی په‌تای كۆرۆناوه‌ به‌شێوه‌ی ئۆنلاین به‌ڕێوه‌چوو.

له‌وته‌یه‌كدا، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، باسی له‌ ته‌حه‌ددا ئابوورییه‌كانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كردو پلانه‌كانی حكومه‌تی بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌یان خسته‌ڕوو، له‌گه‌ڵ چاكسازییه‌ جۆراوجۆره‌كان به‌ئاڕاسته‌ی ده‌ربازبوون و بنیاتنانی ژێرخانێكی ئابووریی به‌هێز له‌ هه‌ردوو كه‌رتی گشتی و تایبه‌تدا. ئاماژه‌شی به‌ كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌سه‌ر ئابووریی هه‌رێمی كوردستان و جیهان كردو رایگه‌یاند: حكومه‌تی هه‌رێم كارده‌‌كات بۆ ئه‌‌وه‌‌ی سیاسه‌تی ئابووریی خۆی له‌ پشتبه‌ستن به‌ نه‌وته‌وه‌ بگۆڕێت بۆ گه‌شه‌پێدانی پیشه‌سازی، كشتوكاڵ و گه‌شتوگوزار.

سه‌باره‌ت به‌ گه‌شه‌پێدانی كشتوكاڵ، قوباد تاڵه‌بانی، وتی: “هه‌ندێ هه‌نگاوی جددیمان ناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جووتیارانمان كه‌متر پشت به‌ حكومه‌ت ببه‌ستن، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگای هاندانی كه‌رتی تایبه‌ت، تا بتوانن رۆڵی گه‌وره‌تر بگێڕن له‌ گه‌شه‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵ له‌ هه‌رێمه‌كه‌ماندا. له‌بری پشتبه‌ستن به‌ به‌غدا تا گه‌نمی جووتیارانی كوردستان بكڕێت و دواتریش پاره‌كه‌یان نه‌دات، ئێمه‌ به‌م دواییانه‌ هاوبه‌شیمان كردووه‌ له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی راسته‌وخۆ گه‌نمی خۆمان له‌ناوخۆدا به‌بازاڕ بكرێت”. ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ نه‌ك ته‌نها ده‌سته‌به‌ری ده‌دات به‌ جووتیاران، به‌ڵكو به‌ هه‌زاران هه‌لی كاریش ده‌ڕه‌خسێنێت، هه‌روه‌ها پێداویستی نه‌ك هه‌ر بازاڕی كوردستان، به‌ڵكو بازاڕه‌ گه‌وره‌كه‌، كه‌ عیراق و ناوچه‌كه‌یه‌، پڕده‌كاته‌وه‌ به‌ گه‌نمی كوردستان.

راشیگه‌یاند: “یه‌كێكی تر له‌ گرنگیدانه‌كانمان، كه‌ به‌شێكه‌ له‌و نه‌خشه‌ڕێگایه‌ی به‌م دواییانه‌ بۆ وه‌به‌رهێنان ده‌ستمانپێكردووه‌، ئه‌نجامدانی وه‌به‌رهێنانێكی به‌رچاوه‌ له‌ بواری پیشه‌سازییه‌ كشتوكاڵییه‌كاندا. ئه‌مانه‌ هه‌نگاون به‌ره‌و ئابوورییه‌كی ته‌ندروستتر، هه‌لی كاری زیاترو ئاسایشی خۆراك. به‌م زووانه‌ش، به‌ردی بناغه‌ی كارگه‌یه‌كی شه‌كر داده‌نێین، كه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌هۆی دابینكردنی هه‌لی كاری زیاترو زیادكردنی به‌رهه‌می ناوخۆ”.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ حكومه‌ت له‌هه‌وڵدایه‌ ژینگه‌یه‌كی گونجاوو سه‌قامگیر بۆ كه‌رتی تایبه‌ت دابینبكات، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنه‌ران به‌بێ ترس و دڵه‌ڕاوكێ پڕۆژه‌كانی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن. هه‌روه‌ها ئاشكراشیكرد به‌م زووانه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسایه‌كی نوێی چاكسازیی خانه‌نشینی ده‌كه‌ن، كه‌ ده‌بێته‌هۆی هاندانێكی باشتر بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ كه‌رتی تایبه‌تدا كارده‌كه‌ن.

قوباد تاڵه‌بانی باسیشی له‌ تۆماركردنی مووچه‌خۆران كرد له‌سیستمی بایۆمه‌تری و ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌”داتاكانی سیستمه‌كه‌ به‌كارده‌هێنین بۆ رێكخستنه‌وه‌ی قه‌باره‌ی حكومه‌ت و تائێستا ناوی 16 هه‌زارو 500 مووچه‌خۆر ئاشكراكراوه‌، كه‌ به‌شێوازێكی نایاسایی، زیاتر له‌ مووچه‌یه‌كیان وه‌رگرتووه‌”.

جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، سه‌باره‌ت به‌سه‌رپێخستنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تیش، رایگه‌یاند: “ئێمه‌ له‌ پرۆسه‌ی به‌ دیجیتاڵكردنی حكومه‌تداین بۆ باشتر رێكخستنه‌وه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌ حكومییه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتین و بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی، هه‌ر كاتێكیش ئه‌م ئامانجه‌ به‌دیهات، ئه‌وكاته‌ به‌شێك له‌خزمه‌ته‌كان ده‌كه‌ین به‌ ئۆنلاین،” وتیشی: “سه‌رقاڵی داڕشتنی رێكارو رێنمایی نوێین بۆ رێكخستنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی تۆماری كۆمپانیاكان، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت كۆمپانیایه‌ك له‌ماوه‌ی 24 سه‌عاتدا تۆماربكرێت، كه‌ له‌ ئێستادا 26 رۆژی پێویسته‌”.

له‌به‌شێكی تری وته‌كه‌یدا، ئاماژه‌ی به‌په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا كردو وتی: “چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا وه‌ك یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ له‌پێشینه‌كانمان ده‌مێنێته‌وه‌، ئاماده‌یی خۆمان نیشانداوه‌ بۆ رێكه‌وتنێكی گشتگیر له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت و گاز، رازی بووین به‌هاوبه‌شیكردن و هه‌ماهه‌نگی له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی خاڵه‌ سنوورییه‌كان و ئاماده‌ین بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر خه‌رجییه‌كان و وردبینی له‌ داهاتی شه‌ش ساڵی رابردوو. هه‌موو داوایه‌كی ده‌ستووری و به‌جێ، كه‌ لێمانكرابێت، قبوڵمان كردووه‌، بۆیه‌ هیچ پاساوێكی تر نه‌ماوه‌ته‌وه‌ بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ راگرتنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن به‌غداوه‌”.

 71 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*