سەرەکی » وتار » جەمال ئارێز » دیاریکردنی رۆژی شەهیدی یەکێتی بۆچی؟

دیاریکردنی رۆژی شەهیدی یەکێتی بۆچی؟

کاتێک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تاراوگە لەلایەن چەند تێکۆشەرێکەوە بەسەرکردایەتی سەرۆک مام جەلال لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٥دا دامەزرا، کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان کە نزیکەی پێنج ساڵ بوو دامەزرابوو و بەنهێنی چالاکیی دەکرد، لەگەڵ دامەزراندنی یەکێتیدا بووە باسکی بەهێز و ناوکێکی بەپیتی ئەو رێکخراوە نوێیە و گەشەکردنی لە ناوەوەی وڵات بەجۆرێک لە بزۆزی و چالاکیی ئەندامان و کادرەکانی کۆمەڵە هەر لەسەرەتاوە بوونە بناغە و کۆڵەکەی پتەوی بنیاتنانی یەکێتی لە سەرتاسەری باشووری کوردستان بە ناوچە تەعریبکراوەکان و تەنانەت بەغدای پایتەختی عیراقیشەوە.

ده‌ستگیركردنی سه‌ركرده‌كانی كۆمه‌ڵه‌ و یه‌كێتی

بۆیە ئەگەر چاو بە سەرەتاکانی مێژووی دامەزراندنی یەکێتیدا بخشێنینەوە و ئەو مژدەیە دەور بکەینەوە کە لە بەیاننامەی دامەزراندنەکەدا دراوە بە گوێی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا، کە لەدوای ساڵێک لە دامەزراندنی یەکێتی، شۆڕشی چەکداریی دەستپێدەکرێتەوە، دەبینین بەشێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵە کە لەلایەن رژێمەوە ئاشکرا نەبوون، بەوپەڕی وریاییەوە سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ پراکتیزەکردنی ئەو مژدەیەی سەبارەت بە هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش بەگوێرەی بەیاننامەکە لە ناوەوەی وڵات دراوە و بەشێک لەو سەرکردە و کادرانەش کە لەلایەن دەزگا سیخوڕیی و داپڵۆسێنەرەکانەوە ئاشکرابوون و راوەدوو دەنران، بۆ تەگبیری داهاتوو و هاوئاهەنگی، بە قاچاخ رێگەی ئێران دەگرنەبەر تا لەوێوە بگەنە شام و لەگەڵ سەرکردایەتی یەکێتی لە دەرەوەی وڵاتدا رووبەڕوو گەنگەشەی دۆخەکە و چۆنێتی ئامادەکارییەکان بکەن، بەڵام مخابن ئەو کۆمەڵە سەرکردە و کادرەی کۆمەڵە لە ئێران دەستگیر دەکرێن و بە گوێرەی رێکەوتننامەی شوومی جەزائیر لە نێوان شای ئێران و سەدام حسێندا، رادەست بە رژێمی بەعس دەکرێنەوە و پاش دادگاییەکی رەمەکی و سەرپێیی، بە سزای جیاجیا حوکم دەدرێن لە ئیعدامەوە بۆ شەش ساڵ زیندانی، ئەوەبوو لەو دادگاییەدا سەرەڕای هەوڵی زۆری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و چەند حزب و رێکخراوێکی فەلەستینی دۆست، بەڵام سیان لە کەڵە سەرکردەکانی کۆمەڵە و یەکێتی کە لەو دادگاییە رەمەکییەدا بە لە سێدارەدان حوکم درابوون، لە رۆژی ٢١/١١/١٩٧٦دا لەسێدارە دران کە ئەوانیش شەهیدانی سەرکردە شیهاب شێخ نوری شێخ ساڵح ناسراو بە (خاڵە شیهاب) و جەعفەر عەبدولواحید ناسراو بە (مامۆستا جەعفەر) و ئەنوەر زۆراب بوون.

ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شۆڕشی چه‌كداری

دیارە شەهیدبوون لە پێناوی خاک و نیشتمان و مەسەلەیەکی رەوادا، لوتکەی بەخشندەیی و لەخۆ بووردوییە کە مرۆڤ لە پێناوی مەسەلەیەکدا تا ئەوپەڕی توانای خۆی قوربانیی دەدات کە ئه‌ویش گیان بەخشینە لەو پێناوەدا. ئەگەرچی گیانبەخشین هەر گیان بەخشینە و مرۆڤەکان ئەگەر لە هەموو بوارێکدا جیاوازیی پلەو پۆست و چینایەتییان هەبێت، ئەوا قوربانیدان بە شیرینترین و خۆشەویستترین سەرمایەیەک کە گیانە، هیچ جیاوازییەکی نییە و شەهیدبوون هەر شەهیدبوونە و بێگومان لەو ماوەیەشدا کە ئەو سەرکردە و کادرانەی کۆمەڵە و یەکێتی لەناو زینداندا بوون و چاوەڕوانی دادگایی و جێبەجێکردنی حوکمەکانیان بوون، شۆڕشی چەکداریی دەستی پێکردەوە و لێرەو لەوێ لە بادینانی دەلالەوە تا هەورامان و شارەزوور و شارباژێڕ و لە کوێستانەوە بۆ گەرمیان چالاکی و بەرگریی شۆڕشگێڕانە دەستیپێکرد و لە زۆربەی ئەو نەبەردییانەدا و لە زۆربەی ناوچەکانیش شەهید بەخشراوە.

حیکمەت لە ٢١/١١ چی بوو؟
ئەو سێ شەهیدە کە لە رۆژی ٢١/١١/ ١٩٧٦ دا لەسێدارە دران، چ بەگوێرەی دانپیدانانی هەندێک لە جەللادەکانی بەعس و چ بەگوێرەی شایەتیی هاوڕێکانیان کە لە دادگاو لە زینداندا لەگەڵیاندا بوون، ئەم خاڵانەی خوارەوە گرنگترین هۆکارن کە ئەوە وایلێکردوون کە بۆ هاوڕێ زیندانییەکانیان و بۆ زیندانییانی دیکەی دوای خۆشیان بوونەتە رێبەر و مامۆستا و سەرمەشق بەتایبەتی لە مەسەلەی:

لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی.

پاراستنی نهێنییە ئاشکرانەبووەکان.

پاراستنی گیانی هاوڕێکانیان لەسەر حسابی ئازار و ئەشکەنجەی جەستەیی خۆیان.

ئەو دروشمەی خاڵە شیهابی نەمر کە دواتر بووە وێردی سەر زمانی زیندانیان و پێشمەرگەش کە بریتی بوو لە (کەم ژیان و کەڵ ژیان).

جگە لە هەموو ئەوانەش ئەگەرچی بەرلە لەسێدارەدانی ئەو سەرکردە تێکۆشەرانەش شۆڕشی نوێ بڵێسەی دابوو و رژێم ویستی بە لەسێدارەدانی ئەوان شۆڕشەکە خامۆش بکاتەوە و شۆڕشگێڕان چاوترسێن بکات، بەڵام ئاراستەی رووداوەکان پێچەوانەی بەرنامەکەی رژێم کەوتەوە و لەسێدارەدانیان بووە بەنزین و کرا بە ئاگری شۆڕشەکەدا و لە چەخماخەوە کردییە کڵپە و هەموو باشووری کوردستانی تەنییەوە و دواجار سەرەڕای شەهیدبوونی هەزاران تێکوشەری ریزەکانی یەکێتی لە سەنگەرەکانی بەرگریی و لەناو زیندانەکانەوە هەر بەو گیانەی شیهاب و جەحفەر و ئەنوەر-ەوە بەپیر مەرگەوە چوون تا بۆ یەکەمجار لە مێژووی خەباتی چەکداریی کوردایەتیدا بووە شۆڕشێک توانی لەدوای ١٦ ساڵ خەباتی بەردەوام و بێ پسانەوە، مەشخەڵی ئازادیی بە رووسوورانە بەدەستەوە بگرێت.

خاڵی وه‌رچه‌رخان و گورج بوونه‌وه
هەربۆیە ئەگەر ١ی حوزەیرانی ١٩٧٥ هەنگاوی یەکەمی هەستانەوەیەکی بوێرانەی دوای سێ مانگ لە هەرەسی شۆڕشێکی ١٤ ساڵە بووبێت، ئەوا ٢١/١١/١٩٧٦ وێڕای ئەوەی گورزێکی گەورەبووە لە یەکێتی و کۆمەڵە و خەباتگێڕان، هاوکات خاڵی وەرچەرخان و گورج بوونەوەی رەوتی هەستانەوەی دوای نسکۆ و خاڵی پێچەوانەبوونەوەی گورزەکەیە بۆ لمۆزی رژێمێکی دیکتاتۆری لە خۆبایی پاڵپشتیکراو لەلایەن هەموو جیهانی دەستڕۆیشتووی ئەو رۆژگارەوه‌.

 91 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*