سەرەکی » مانشێت » “كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پشتگیریی له‌ رێكه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بكه‌ن”

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دوایین پێشهاته‌كانی گفتوگۆی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ تاوتوێكرد

“كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پشتگیریی له‌ رێكه‌وتنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بكه‌ن”

ئه‌مڕۆ، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتیی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی وه‌زیرانی وه‌زیرانی هه‌رێم كۆبۆوه‌و تاوتوێی چه‌ند پرسێكی گرنگی كرد، به‌تایبه‌ت دوایین پێشهاته‌كانی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ. دیاریكردنی ماف و ئیمتیازاتی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانیش په‌سه‌ندكرا.

له‌سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ژنان، جه‌خت له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌”حكومه‌تی هه‌رێم داكۆكی له‌پاراستنی مافه‌كانی ژنان، نه‌هێشتنی توندوتیژی و دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ نه‌خوازراوه‌كان و دابینكردنی یه‌كسانیی كۆمه‌ڵایه‌تی و جێنده‌ری، ده‌كات”.

پاشان، دواپێشهاته‌كانی دانوستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ سه‌باره‌ت به‌ ماف و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، خرایه‌ڕوو. له‌وباره‌یه‌وه‌، سه‌رۆكی حكومه‌ت جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌موو هه‌وڵێكی خۆی داوه‌و هه‌موو پابه‌ندییه‌كانی خۆی بۆ گه‌یشتن به‌ڕێكه‌وتنێكی بنه‌ڕه‌تی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ جێبه‌جێكردووه‌و به‌رده‌وامیشین له‌گفتوگۆ، وتیشی: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم، سازش له‌مافه‌ ده‌ستوورییه‌كان و شایسته‌ داراییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ناكات، دواخستنی نه‌ناردنی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش، پێشینه‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌و پێشێلكردنی مافه‌ ره‌واكانی خه‌ڵكی كوردستانه‌. هه‌روه‌ك ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاریدا نامه‌یه‌كی ره‌سمی به‌ناوی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق بكات و داوای به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات بۆ مانگه‌كانی پێنج و شه‌ش و حه‌وت و ده‌ی ئه‌مساڵ، كه‌ ماف و شایسته‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌و حكومه‌تی فیدراڵ نه‌یناردووه‌.

، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، سوپاسی هه‌ڵوێستی جنین پلاسخارت نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی له‌عیراق كرد، كه‌ له‌وتاره‌كه‌یدا بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، رایده‌گه‌یه‌نێت: “فه‌رمانبه‌رو مووچه‌خۆرانی هه‌رێم، ته‌نیا فه‌رمانبه‌رو مووچه‌خۆری هه‌رێم نین، به‌ڵكو هاووڵاتی عیراقین، پێویستیشه‌ بابه‌تی مووچه‌ نه‌كرێته‌ به‌شێك له‌كێشه‌ سیاسییه‌كان و نابێت به‌شێوه‌یه‌كی به‌كۆمه‌ڵ بكرێنه‌ قوربانی”. له‌وڕوانگه‌یه‌شه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران داوای له‌نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كرد پشتگیریی له‌ هاتنه‌ئارای رێكه‌وتنێكی بنه‌ڕه‌تی له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ بكه‌ن.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌”شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌چوارچێوه‌ی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م و چه‌سپاندنی لامه‌ركه‌زیه‌تی ئیداریی پارێزگاكاندا”.

 89 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*