سەرەکی » کەلتوور » بارام ئیبراهیم: پێویستە تاکی کورد زانیاری تەواوی لەسەر مەسەلەی راپرسی گشتی هەبێت

بارام ئیبراهیم: پێویستە تاکی کورد زانیاری تەواوی لەسەر مەسەلەی راپرسی گشتی هەبێت

کەنار قاسم باپیر

لەچوارچێوەی کۆڕەکانیدا کوردستانی نوێ، ئێوارەی رۆژی 24/11/2020 لە ھۆڵی خاک کۆڕی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی (راپرسی گشتی، ئامڕازێک بۆ سەربەخۆیی گەلان) بۆ نووسەر و مافناس بارام ئیبراھیم رێکخست.

سەرەتای کۆڕەکە نووسەر و مافناس بارام ئیبراھیم سوپاسی کوردستانی نوێی کرد کە ھاوکاربوون لەچاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبەکەیدا، دواتر کورتەیەکی لەسەر بابەت و ناوەڕۆکی کتێبەکەی پێشکەشکرد، لەکۆتاییدا کتێبەکەی پێشکەشی ئامادەبووانی کۆڕەکە کرد.

لەبارەی راپرسی گشتیەوەو لە کۆڕەکەدا بارام ئیبراهیم وتی: راپرسی گشتی یەکێکە لە کاریگەرترین ئامرازەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان لەم سەردەمەی ئەمڕۆماندا بەتایبەت لە ناوەندە نێودەوڵەتیەکان و لە ناو ئەو وڵاتانەی کە پێکهاتەی گەلەکەیان بریتیە لە پێکهاتەیەکی جیاواز لە رووی زمان و هەم لە رووی دین وهەم لە رووی تائیفە و مەزهەبەکان و ئیتنیکەکان. بەشێوەیەکی گشتی راپرسی گشتی چارەسەرە بۆ هەموو کێشە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئیداری و سەرجەم ئەو کێشانەی کە لە کایەکانی حکومرانی و ژیانی خەڵکدا دروست دەبێت.

کتێبەکە لە چوار تەوەر و دەروازەیەک پێکهاتووە، دەروازەکە کوتکراوەی تێگەیشتنی تەوەرەکانە لە رووی فکرەوە بۆ ئەوەی زهنی خوێنەر ئامادەی هەبێت بۆ وەرگرتنی هەم تێکستەکان و هەم دەستەواژەکان، هاوکات د. ئسماعیل نەجمەدین زەنگەنە پێشەکی بۆ نووسیووە .کتێبەکە وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار دەداتەوە بێگومان پرسیاری هەموو کەسێکە، راپرسی و جۆرەکانی چۆن هاتووە، چۆن سەری هەڵداوە، بۆچی راپرسی گرنگە.

لە دریژەی کۆڕەکەدا، بارام ئیبراهیم مەبەستی لە نووسینی کتیبەکە رونکردەوەو وتیشی :»پێویستە خوێنەری کورد یاخود تاکی کورد و نوخبەی سیاسی کورد زانیاری تەواوی لەسەر مەسەلەی راپرسی گشتی هەبێت، چونکە چەمکێکی هێندە گرنگە گەورەترین وڵاتەکانی دنیا پەنای بۆ دەبەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆیان. من هاتووم ئەوەی کە پێویست بووە و دەستم پێی راگەیشتووە لە ئامادەکردنی سەرچاوە و چی وردەکاری هەبووە لەم بابەتە هێناومە بە میتۆدێکی زانستی شیمکردۆتەوە بۆ ئەوەی خوێنەری کورد سودی لێ وەربگرێت و هەر بەشێوازیکی سادەو سەتحی لە راپرسی گشتی نەڕوانێ و لەکاتی جێبەجێکردنی پرۆسەی راپرسی گشتیدا تووشی هیچ کێشەو فەراغێک نەبێت. ئەوەشی گرنگە روونی بکەمەوە من بە میتۆدێکی زانستی ئەم کتێبەم نووسیوە هەرچەندە خۆی مەسەلەی راپرسی گشتی رێگەت نادات هیچ لاسەنگیەکی سیاسی پیوەبێت تەنانەت هەندێ سەرچاوە من بەکارم هێناوە پێش دروستبوونی زۆرێک لە پارتە سیاسیەکان هەبوون، بۆیە بە هیچ ئاراستەیەکدا نەبراوە و تەنها لێکوڵینەوەیەکی زانستیە.»

مەسەلەی راپسی یەکێکە لەو بابەتانەی کە بۆ هەموومان گرنگە، چونکە راپرسی یەکێکە لەو چەمکانەی ئێستا زۆر قسەی لەسەر دەکرێت. لەم کتێبە بە وردی چۆنێتی و جۆرەکانی راپرسی گشتی رونکراوەتەوە و لەمێژوودا چۆن وکەی سەری هەڵداوە، وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەی داوەتەوە کە لەناخی هەمووماندایە.

فۆتۆ: ڤینۆس فایەق

 57 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*