سەرەکی » کەلتوور » عەلی‌ بەردەشانی‌ و داستانی‌ ئەوڕەحمان پاشای‌ بابان

عەلی‌ بەردەشانی‌ و داستانی‌ ئەوڕەحمان پاشای‌ بابان

د.ئاراس محەمەد ساڵح

1-2

عەلی بەردەشانی‌ شاعیرێکی‌ میللیە، لە نیوەی‌ دووەمی‌ سەدەی‌ هەژدە و سەرەتاکانی‌ سەدەی‌ نۆزدەدا ژیاوە، لەبەر ئەوەی‌ لەکاتی‌ خۆیدا ژیانی‌ نەنوسراوەتەوە، ڕاوبۆچوونی‌ جیاواز لەبارەی‌ مێژووی‌ ژیانیەوە هەیە، تەنانەت ئەوانەشی‌ قسەیان لەسەر ژیانی‌ کردووە زانیاری‌ پێویستیان لەبەردەستدا نەبووە، هەر لەبەرئەوە زۆر بەکورتی‌ باسی ژیانی‌ کراوەو هەموو لایەنەکانی‌ ڕوون نەکراوەتەوە، بەڵام ئەوەی‌ جێگەی‌ گومان نیە لەڕۆژگاری‌ میرایەتی‌ ئەوڕەحمان پاشای‌ باباندا، کە لە نێوان ساڵانی‌ (1789-1813ز) حوکمڕانی‌ کردووە، عەلی‌ بەردەشانی‌ شاعیرێکی‌ میللی‌ نزیک لە ئەوڕەحمان پاشا بووە، چونکە لەناو بەیتەکانیدا ئاماژە بەڕوداوەکانی‌ ئەوکاتە و شەڕەکانی‌ میری‌ بابان كردووە1.

یەکەمین سەرچاوەیەک کە باسی عەلی‌ بەردەشانی‌ کردبێت، دێڕە شیعرێکی‌ حاجی‌ قادری‌ کۆییە، حاجی‌ لەبارەی‌ ئەم شاعیرە میللیەوە ئەڵێ:

دوو عەلین شاعیرن، وەکو حەسان
بەردەشان و حەریرە مەسکەنیان 2

عەلی‌ بەردەشانی‌ ئەگەر هاوسەردەمی‌ حاجی‌ قادر نەبوبێت، ئەوا زۆر پێش حاجی‌ نەبوەو ماوەی‌ نێوانیان دوور نیە لە یەکەوە، لەبەر ئەوە کۆمەڵێک چەمک لەم دێڕە شیعرەی‌ حاجی‌ وەردەگیرێت، وەک:

یەکەم/ لە ڕۆژگاری‌ حاجی‌ قادردا عەلی‌ بەردەشانی‌ شاعیرێکی‌ میللی‌ ناسراو بووە، هەربۆیە حاجی‌ لە ڕیزی‌ شاعیرە گەورەکاندا ناوی‌ هێناوەو ئاگاداری‌ شیعرەکانی‌ بووە.

دووەم/ شاعیر خەڵکی‌ گوندی‌ (بەردەشان)ی‌ بناری‌ ئاسۆس و بەری‌ مەرگە بووە.

سێیەم/ حاجی‌ قادر عەلی‌ بەردەشانی‌ تەشبیهـکردووە بە (حەسانی‌ کوڕی‌ ثابت)ی‌ شاعیری‌ پێغەمبەر (درودی‌ خوای‌ لەسەر)، کەواتە: چۆن حەسان شاعیری‌ پێغەمبەر (درودی‌ خوای‌ لەسەر) بووەو دژی‌ نەیارەکانی‌ و

بەرەی‌ بتپەرستی‌ شیعری‌ وتوەو هاوەڵانی‌ پێغەمبەری‌ (درودی‌ خوای‌ لەسەر) هانداوە بۆ جەنگی‌ سەربازی‌ و ورەی‌ بەرز کردونەتەوە، بە هەمان شێوەش عەلی‌ بەردەشانی‌ شاعیری‌ ئەوڕحمان پاشای‌ بابان بووە، لە جەنگ و هێرشەکاندا لەگەڵیدا بووەو لە رێگەی‌ شیعرەکانیەوە ورەی‌ لەشکری‌ پاشای‌ بابانی‌ بەرز کردوەتەوە.

بە بۆچوونی‌ مامۆستا (سدیق سەفی زادە بۆرەکەیی) عەلی‌ بەردەشانی‌ خوێندەوار بووەو ماوەیەک لە شاری‌ سلێمانی‌ خوێندویەتی‌، لەوێوە لەگەڵ میرانی‌ بابان ئاشنایەتی‌ پەیدا کردوە، بە تایبەتی‌ لەگەڵ ئەوڕەحمان پاشای‌ باباندا، لە زۆرێک لە شەڕەکانیدا لەگەڵیدا بووە و هەندێجار هاوسەفەری‌ بووە بۆ ئێران و بەغداد، وەکو خۆی‌ ئەڵێ: ئەم زانیاریانەی‌ لە دەستنووسێکدا دەستکەوتووە کە لای‌ خۆی پارێزراوە، بەڵام ئەو دەستنووسە ناوی‌ چیە و کێ نوسیوێتی‌ و کەی‌ نوسراوەتەوە؟ هیچ ئاماژەیەکی‌ پێنەکردووە3.

عەلی‌ بەردەشانی‌ لە ناو بەیتەکانیدا ئاماژەی‌ بە هەندێ ڕووداو كردووە، وەک شەڕەکانی‌ خالید پاشا و سەلیم پاشا، هەروەها کاتێک ئەوڕەحمان پاشا لە ساڵی‌ (1788 – 1789ز) میری‌ بابان بووە، بەردەشانی‌ شاعیری‌ پاشا بووە، بە هەندێ پێوەر لەو کاتەدا تەمەنی‌ لە بیست ساڵ زیاتر بووە، تەنانەت لە هەندێ شوێندا ڕەخنە لە پاشای‌ بابان ئەگرێت، ئەمەیش ئەوە ئەگەیەنێت کە عەلی‌ بەردەشانی‌ لە پاشا گەورەتر بووە، یان هاوتەمەنی‌ بووبێت، ئەوڕەحمان پاشا لە ساڵی‌ (1750ز) لە قەڵاچوالان لەدایک بووە، کەواتە کاتێک شاری‌ سلێمانی‌ بنیاتنراوە، تەمەنی‌ بەردەشانی‌ لە سەرو (20-30) ساڵەوە بووە و کاتی‌ خوێندنی‌ تێپەڕیوە، ئەمەیش گومان لەسەر دەستنووسەکەی‌ (سەفی‌ زادە) دروست دەکات.

بەڵام (مامۆستا سەفی‌زادە) ساڵی‌ (1185ک- 1771ز) بە ساڵی‌ لەدایک بوون و ساڵی‌ (1228ک- 1813ز) بە ساڵی‌ کۆچی‌ دوایی ئەم شاعیرە دیاریكردوە٤. ئەگەر ئەم مێژووە پشتڕاست بکرێتەوە، ئەوە بەردەشانی‌ لەکاتی‌ بنیاتنانی‌ سلێمانیدا لە تەمەنی‌ خوێندندا بووە.

هەروەها (زیاد محەممەد ئەمین) کە دیوانی‌ عەلی‌ بەردەشانی‌ ئامادەکردوەو بە چاپی گەیاندوە، ساڵی‌ (1767ز) بە ساڵی‌ لە دایک بوونی‌ بەردەشانی‌ داناوە، بەپێی‌ هەندێ لە ئاماژەی‌ ناو شیعرەکانی‌، ساڵی‌ (1809ز) بە ساڵی‌ کۆچی‌ دوایی داناوە٥.

بەیتی‌ ئەوڕەحمان پاشای‌ بابان
عەلی‌ بەردەشانی‌ بەیتبێژ بووە و لەناو کۆڕ و کۆمەڵ و دیوەخان و بارەگای‌ ئەوڕحمان پاشای‌ باباندا کۆڕی‌ بەیت و هۆنراوەی‌ گەرم کردوە، ئەوەندەی زانیاری‌ هەبێت قەڵەمی‌ نەخستوەتە سەر کاغەز و بەیتەکانی‌ خۆی‌ نەنووسیوەتەوە، هەروەکو خۆی‌ ئەڵێ: (شایەرێکی‌ بێ دەفتەرم)، لە ڕۆژگاری‌ خۆشیدا کەسێک بەیتەکانی‌ ئەم هۆنەرە بەهرەمەندەی‌ تۆمار نەکردوە.

ڕۆژهەڵاتناسی ئەڵمانی‌ (ئۆسکارمان) یەکەم کەس بووە، لە ساڵانی‌ (1901-1903) لەسەر داوای‌ ئیمپراتۆری‌ ئەڵمان، سەردانی‌ وڵاتی‌ ئێران و کوردستانی‌ کردووە، بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو زمانانەی‌ کە خەڵکی‌ ئێران قسەیان پێكردووە، بۆ ماوەی‌ دوو ساڵ و نیو لە ئێراندا سەرقاڵی‌ لێکۆڵینەوە بووە، لە ماوەیەدا لە کوردستاندا کتێبێکی‌ نایابی لەسەر بەیت و زمانی‌ کوردی‌ ناوچەی‌ موکریان نووسیوە، لەو کتێبەدا زۆر داستان و بەیت و کەلتوری‌ ناوچەکەی‌ تۆمار کردوە، ئەو کتێبەی‌ بەناوی‌ شای‌ ئەوکاتەی‌ ئێران (مظفرالدین)ی‌ قارجاریەوە ناوناوە: (تحفەی‌ مڤفریە)، لەم کتێبەدا داستانی‌ بەیتی‌ ئەوڕحمان پاشای‌ بابانی‌ (عەلی‌ بەردەشانی‌) تۆمارکردووە، ئۆسکارمان یەکەم کەسە ئەم داستانەی‌ نووسیوەتەوە6.

لە دوای‌ ئۆسکارمان هەریەک لە حوزنی‌ موکریانی‌ و محەمەد تۆفیق وردی‌، ئەم داستانەیان نووسیوەتەوە، حوزنی‌ موکریانی‌ لە ساڵانی‌ سیەکانی‌ سەدەی‌ بیستەمدا، ئەم داستانەی‌ نووسیوەتەوە، بەڵام باسی نەکردووە لە کێی‌ وەرگرتووە7. هەرچی‌ محەمەد تۆفیق وردیە، لە شەستەکاندا، لە دەمی‌ (ڕەحمان بەکری‌ سابڵاخی‌) وەرگرتووە8. هەر سێ دەقەكەی‌ (ئۆسکارمان، حوزنی‌، وردی‌) جیاوازی‌ زۆریان هەیە، هەروەها لە (دیوانی‌ عەلی‌ بەردەشانی)شدا، بەیتەکە جیاوازە لەوانەی‌ پێش خۆی‌ و لە هەموو دەقەکانی تر درێژترە 9.

لەبەر ئەوەی‌ دەقی ئەم داستانە لە کاتی‌ خۆیدا نەنووسراوەتەوە، هەموو ئەوانەی‌ تۆماریان کردوەو نووسیوویانەتەوە لە دەمی‌ خەڵکیان وەرگرتووە، تەنانەت لە دوای‌ نزیکەی‌ سەدەیەک لەدوای‌ مردنی‌ عەلی‌ بەردەشانی‌ (ئۆسکارمان) بۆ یەکەمجار نووسیویەتیەوە، هەموو ئەوانەی‌ تریش دوای‌ ئۆسکامان هەر لە دەمی‌ خەڵکیان وەرگرتووە و نووسیویانەتەوە، لەبەر ئەوە جیاوازی‌ زۆر هەیە لە دەقەکاندا، ئەوانەی‌ گێڕاویانەتەوە، ڕوداوەکانیان بە پچڕپچڕی‌ و تێکەڵ و پێکەڵی‌ تۆمار کردووە، بێگومان لە دوای‌ ئەو ماوە زۆرە کە ئەم دەقەی‌ تێدا تۆمارکراوە زۆر کەم و زیادی‌ تێدا کراوە10.

سەرچاوە و پەراوێزەکان:

1-بڕوانە: د.عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ، شیعرى کوردى و ژیان و بەرهەمى شاعیرانى، چاپی یەکەم 1980 بەغداد، ل45 بەدواوە.

2- حاجى قادرى کۆیی، دیوانى حاجى قادرى کۆیی، لێکۆڵینەوەى: سەردار میران و کەریم شارەزا، پێداچوونەوەى: مەسعود محەمەد، چاپی یەکەم 1986، بەغداد، ل225.

3- سدیق بۆرەکەیی (سەفى زادە)، مێژووى وێژەى کوردى، چاپی دووەم 2008، دەزگاى ئاراس، هەولێر، ب٢ل544-545.

4- سدیق بۆرەکەیی (سەفى زادە)، مێژووى وێژەى کوردى، ب٢ل544-545.

5- عەلى بەردەشانى، دیوانى عەلى بەردەشانى، کۆکردنەوەى: زیاد محەممەد ئەمین، چاپی یەکەم 2006، هەولێر، ل14.

6- ئۆسكارمان، تحفەى مظفريە، ساغکردنەوەى: هێمن موکریانى، چاپی یەکەم 1975، چاپخانەى کۆڕى زانیارى کورد، ب1ل10-20.

7- حوزنى موكريانى، گۆڤارى ڕوناکى، ژمارە (8) سالى یەکەم (3 نیسانى 1931).

8- محەمەد تۆفیق وردى، بەیتى ئەوڕەحمان پاشاى بەبە، چاپی یەکەم 1961، بەغداد، ل11 بەدواوە.

9- عەلى بەردەشانى، دیوانى عەلى بەردەشانى، ل203-236.

10- نەشیروان مستەفا ئەمین، میرایەتى بابان لە نێوان بەرداشى ڕۆم و عەجەمدا، چاپی دووەم 1998، سلێمانى، ل 291-292.

 66 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*