سەرەکی » وتار »  ‌عه‌داله‌ت عه‌بدوللا‌ » بەرگرتن لە بەعەرەبكردنەوە..!

شیكار

بەرگرتن لە بەعەرەبكردنەوە..!

هاوكێشەیەكی سەیرە!، لە هەرێمی كوردستان، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆ، زیاتر لە سێ ساڵە، نزیكەی یەك ملیۆن ئاوارەی برا عەرەبە سوننەكان، لەسەر خاكی هەرێم، پەنادراون‌و خزمەت دەكرێن، بەهۆی هێزی پێشمەرگەشەوە، هیچ ماڵێكی عەرەبی كەركوك، وەك عەرەبی ئەنبارو موسڵ‌و سەڵاحەدین‌و دیالە، ئاوارەیی‌و ماڵوێرانییان بەخۆوەنەبینیوە، كەچی راكان جبوری پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، كە عەرەبێكی سوننەی خەڵكی حەویجەیە، بەبەرنامە، كوردی سنوورەكە وەدەردەنێت‌و گوندنشینانی عەرەبی سەردەمی بەعەرەبكردن (1963-2003ز)، كە هەموویان بڕی (20) ملیۆن دیناریان وەرگرتووە بۆ ئەوەی زێدی داگیركراوی گوندنشینانی كورد چۆڵ بكەن، دەنێرێتە سەر كوردەكان‌و هەڕەشەیان لێ دەكەن!.
ئەم پەرەسەندنە ترسناكە، چۆن شیكاری دەكرێت؟ راستی ئەوەیە، ئەم سیاسەتە نوێیە كە لەیەككاتدا، پێچەوانەی دەستووری عیراق‌و ماددەی (140)ەو ناكۆكە بەخواستی ئارامی‌و سەقامگیریی سنوورەكەش، سەرلەبەر زادەی قۆستنەوەی نەبوونی كاردانەوەو بێدەنگیی لایەنە كوردییەكانە.
لەساڵانی هەشتاكاندا، بەشێك لەخێزانە شیعەكانی باشووری عیراق، واسیتەی گەورەیان دەكرد بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی سیاسەتی بەعەرەبكردندا، نەخرێنە جێگای كوردەكان، ئەوان دەیانزانی، ئەوێ سەرزەمینی ئەوان نییە. هۆكارێكی تر، ترس بوو لەتۆڵەی پێشمەرگە!. بەكردەوەش، هێزی پێشمەرگەو شۆڕش بەگشتی، رۆڵی هەبوو لەوەی بەعس (1968-2003ز) لەهەموو سنوورێكدا، نەتوانێت هەمان سیاسەت جێبەجێبكات. ئەوەبوو پرۆسەی پاكتاوكردنی رەگەزیی، لەهەندێ ناوچەدا، تەنها لەپرۆسەی راگواستندا كورت دەبۆوە، نەك بەعەرەبكردنیش، چونكە لەلایەك هەموو عەرەبێك نەیدەوێرا بچێتە جێگەی كوردەكان، لەلایەكی تریش شۆڕش‌و هێزی پێشمەرگە توانای چالاكییان لەزۆر سنووری ناوچە كوردستانییەكانی ئێستادا هەبوو، رێگەیان نەدەدا سیاسەتی بەعەرەبكردن، بەڕەهایی؛ بەسەر كورددا، بسەپێنرێت.
هەندێ دۆكۆمێنت لەدوای راپەڕینەوە (1991ز) و لەدەزگا ئەمنییەكاندا دۆزرانەوە، كە باس لەم پرسە دەكەن. بەعس لەڕقی ئەوەی پێشمەرگە ناهێڵێت عەرەبی تەعریب جێی خۆی بكاتەوە، ناچاردەبوو لەدوای راگواستنی دانیشتوانی هەر گوندێكی كورد، دەستبەجێ گوندەكە وێران‌و خاپووریش بكات، ئەمەش وەك كاردانەوەیەك لەدژی شۆڕشی كورد، كە نەیدەهێشت لەهەموو ناوچەیەكدا، بەعەرەبكردن، سەربگرێت.
ئێستا كار بگاتە ئەوەی پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، لەساڵی (2018ز)دا، واتە دوای (15) ساڵ لەنەمانی دیكتاتۆرییەت!، هێزی ئەمنی بنێرێتەسەر قوتابخانە كوردییەكان‌و تابلۆ كوردییەكان لێبكاتەوەو ئاڵای كوردستانیش قەدەغەبكات!، رووداوێكە، تراژیدی!. بێگومان پرۆسەكە، لەمەشدا ناوەستێت، ئەگەر كورد پەرچەكرداری توند، پێش هەر لایەك، لەبەرامبەر خودی راكان جبوری؛ نەنوێنێت، ئەوا پرۆسەی وەدەرنانی كوردو بەعەرەبكردن، بەرفراوانتر دەبێت. ئەم پرۆسەیە، بەپرۆژەیەكی سیاسی‌و دارایی گەورە بەڕێوەدەچێت، لەبەرامبەریشدا دەبینی، هێزە كوردییەكان، كبریائی نەتەوەییان نەماوەو ناعەقڵانییانە سەرگەرمی ململانێی حزبایەتیی بەرتەسكی خۆیانن!.

*گۆشه‌یه‌كی رۆژانه‌یه

 111 جار بینراوە