سەرەکی » زانست » دوای چل ساڵ چین دەبێتە پێشەنگ

چوونە سەر مانگ

دوای چل ساڵ چین دەبێتە پێشەنگ

دۆزەرەوەی (Chang›e-5)ی چینی دوای بەجێهێنانی ئەركەكانی لەسەر ڕووی مانگ، ڕۆژی هەینی گەڕایەوە بۆ سەر زەوی.

دەسەڵاتدارانی چین ئاشكرایانكرد ئەو دۆزەرەوەیەی كە ڕۆژی(24)ی تشرینی دووەمی (2020) هەڵیاندا بۆ خولگەیەكی دەوری مانگ، رۆڤەرێكی ناردووەتە سەر ڕووی مانگ و بە دیاریكراوی لەسەر ڕووە تاریكەكەی مانگ نیشتووەتەوە و بە یارمەتیی چەند ئامرازێكی تایبەت لەو شوێنەی كە بە( ئۆقیانووسی گەردەلول) ناسراوە بە قوڵایی دوومەتر خاكی هەڵكەندووە و نزیكەی (2.5) كیلۆ لە نمونەی بەردو خاكی سەر ڕووی مانگی كۆكردووەتەوە و پاش (19) سەعات ئەركەكەی بە سەركەوتوویی تەواو كردووە.

ئەو لێپرسراوانە دەڵێن» دوای تەواو بوونی ئەركەكانی، ڕۆڤەرەكە پەیوەست بووەتەوە بە مەكۆی گەڕانەوەوە و بەیانی ڕۆژی هەینیش گەیشتەوە سەر زەوی لە ناوچەیەكی باكوری ئەو وڵاتەدا نیشتەوە.

بەسەركەوتنی گەشتی (Chang›e-5) كە بە پێی میتۆلۆژیای چینیی بە مانای خواوەندی مانگ دێت، چین بووە سێیەم وڵاتی جیهان كە بتوانێت لە سەر ڕووی مانگەوە نمونە بێنێتەوە، پێشتر و لە ساڵی (2019) شدا لە چوارچێوەی بەرنامەی فەزایی چیندا گالیسكەیەكی فەزایی ئەو وڵاتە لەسەر بەشە تاریكەكەی ڕووی مانگ نیشتەوە.

چاودێرانیش لەو بڕوایەدا چین بەم گەشتە نوێیەی جارێكی تر بەرنامەكانی چوونە سەر مانگی زیندووكردەوە كە ماوەی (40) ساڵ بوو ڕاگیرابوون، لەلایەكی تریشەوە هێنانەوەی ئەو نمونانەی خاك و بەردی مانگ یارمەتی زاناكان دەدات بۆ ئەوەی شارەزاییەكی زیاتر لەسەر مێژووی پێكهاتن و دروستبوونی مانگ پەیدا بكەن.

پێویستە بوترێت، دوا گەشت بۆ سەر ڕووی مانگ لە ساڵی (1976) دا بوو كە گەشتی مەكۆی(لۆنا 24)ی بێ سەرنشین بوو و یەكێتی سۆڤیەتی ئەوكات ڕەوانەی سەر ڕووی مانگی كرد.

پێشتریش ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەساڵی(1972) دا مەكۆی (ئەپۆلۆ17)ی ناردە سەر ڕووی مانگ و نمونەی خاكی سەر ڕووەكەی كۆكردەوە و دواتر هێنایەوە بۆ سەر زەوی.

پسپۆڕان دەڵێن»ئەم سەركەوتنەی چین دەبێتە هاندەرێكی گەورە بۆ ئەو وڵاتە تا بە خێرایی دەستبكات بە بونیادنانی پرۆژەی وێستگەیەكی فەزایی گەورەی هاوشێوەی وێستگەی فەزای نێودەوڵەتی كە ماوەی (20) ساڵە لە دەرەوەی خولگەی زەوی لە كاردایە.

بریاریشە ئەو وێستگەیە لەو ماوە كەمەی ئەمساڵدا كە ماوەتەوە دەستی پێبكرێت و لە ساڵی 2022دا تەواو بێت، جگە لەوەش حكومەتی چین ئومێددەكات بتوانێت لە ماوەی (10) ساڵی داهاتوودا چەند گەشتێكی سەرنشیندار بۆ سەر ڕووی مانگ رێكبخات بۆ ئەمەش ملیاران دۆلاری وەبەرهێناوە و كار بۆ ئەوە دەكات بتوانێت لە فەزاشدا كێبەركێی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ڕوسیا بكات.

سەرچاوە: فرانس 24

 267 جار بینراوە