سەرەکی » زانست » پشیلە زەبەلاحەكەی پیرۆ تەمەنی 2100 ساڵەپەڕە 27

پشیلە زەبەلاحەكەی پیرۆ تەمەنی 2100 ساڵە

زانایانی شوێنەوارناس وێنەی پشیلەیەكیان دۆزییەوە كەلەسەر گردێكی باشوری پیرۆ كێشراوە.

بەپێی شوێنەوارناسەكان مێژووی ئەو نیگارە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (200-100) بەرلە زایین كە درێژی نیگارەكە (37) مەترەو لەسەردەمی شارستانیەتی پاراكاس دا كێشراوە.

پشیلەش یەكێكە لەو شێوە و هێڵكارییانەی كە ئەو شارستانییەتە زۆر بایەخیان پێداوە‌و لە هێڵەكانی(نازكا) ی چیاكانی ئەندێز دروستیان كردووە و زۆر بەكاریانهێناوە لە نیگارەكانیاندا بە تایبەت لە دروستكردنی دەفر و كەلوپەلە گڵێنەكان و بابەتە چنراوەكانیان و ئێكسسوارەكانی تریاندا.

هێڵەكانی نازكا لە باشوری پیرۆ چەند شێوەیەكی (جیوگلیفی) لەخۆی دەگرێت كە لەناو لمی گردێكدا هەڵكەندراوە و بەگوێرەی شوێنەوارناسان ئێستا نزیكەی (300) شێوەی جیاوازیان دۆزیوەتەوە كە لە ڕووبەرێكی (1000) كیلۆمەتر چوارگۆشەدا دروستكراون و لە ئاسمانەوە زۆر بەجوانیی دیارن و دەبینرێن و هەروەها لەسەر تەپۆڵكەكانی دەوربەریشییەوە دیمەنێكی ناوازەیان هەیە .

هەندێك لەپسپۆڕانی شوێنەوارناسیی لەو بڕوایەدان ئەو شێوانە وێنەی ئەو قوربانیانە دەنوێنن كە پێشكەشی خواوەندەكان كراون كە ئەو شارستانیەتە پەرستویانن.

هەرچەندە لەو سەردەمانەدا تەكنەلۆژیا نەبووە، بەڵام ئەو شارستانیەتە دێرینە توانیویەتی لە ڕێگەی ئەو نیگارانەیانەوە مرۆڤی ئەم سەردەمە سەرسام بكەن .

پیرۆ وڵاتێكی ئەمریكای لاتینە و دەوڵەمەندە بە شوێنەواری بەجێماوی چەند شارستانیەتێكی جیاواز كە لەهەمویان دیارتر شارستانیەتی (پاراكاس)ە و هێلەكانی (نازكا)و ناوچەی(ماچۆپیچۆ)یە كەبەیەكێك لە یەكەمین حەوت سەرسوڕهێنەرەكەی جیهان دادەنرێن.

لە ساڵی (1994)دا ڕێكخراوی یۆنسكۆ ئەو ناوچانەی خستووەتە ناو لیستی كەلەپوری جیهانییەوە و لەو كاتەدا ئەو ڕێكخراوە باسی لەوە كردووە كە هێڵەكانی نازكا زۆر نایابن و و دیزاینێكی جیۆگلیفی هەیە، كە هیچ كارێكی تری جیهان ناتوانێت بگاتەوە بەو كارانە، چ لە ڕووی قەبارەوە چ لە ڕووی هەمەجۆریی و چ لە ڕووی گرنگیی مێژووییەوە.

سەرچاوە: Reuters

 436 جار بینراوە