سەرەکی » دۆسێ » دابەزینی بەهای دینار مشتومڕی گەورەی لێدەكەوێتەوە

زەرەرمەندی یەكەم هاووڵاتییە

دابەزینی بەهای دینار مشتومڕی گەورەی لێدەكەوێتەوە

رەوتەكان-

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەبەرانبەر دینار، مشتومڕێكی گەورە لە شەقامی عیراقیدا دروست دەكات زۆرێك لە لایەنە سیاسییەكان و نوێنەرانی دەزگاكان هەڵوێستی خۆیان لەو بارەیەوە دەردەبڕن.

بەزركردنەوەی بەهای دۆلار لەبەرانبەر دینار لەلایەن بانكی ناوەندی عیراقەوە، بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی و رزگاركردنی حكومەتە لەو تەنگژەی تێیكەوتووە، ئەمەش بە بۆچوونی زۆرێك لە چاودێران، كاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕەوشی ژیانی خەڵك دروست دەكات و هاووڵاتیش لەو نێوەندەدا زەرەرمەندی یەكەم دەبێت.

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لەبەرانبەر دراوی نیشتمانی، دڵەڕوكێ‌ و نیگەرانی لای توێژێكی بەرفراوانی كۆمەڵگە دروست كردووە، گەر ڕەوشەكەش بەمشێوەیەی ئێستا ڕێبكات بەدوورنازانرێت داڕمانی گەورەی بەدوادابێت.

هەڵوێستی موقتەدا سەدر
رابەری ڕەوتی سەدر، دژی بەرزبوونەوەی نورخی دۆلار هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند و دەڵێت: نابێت دراو بەو دەردە ببرێت، عیراق لە قەیرانێك دەربێت و بخرێتە ناو قەیرانێكی ترەوە.

موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر لە تویتێكیدا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) نووسیویەتی: بانكی ناوەندیی و هەموو بانكەكانی تر، دیلی گەندەڵیی و گەندەڵكارانن، پێویستە حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵی پسپۆڕانەی خۆیان بدەن بۆ كۆتایی هێنان بەو دۆخە و ڕزگاركردنی بەپەلە.

سەدر، بەپێویستی دەزانێت دراوی نیشتمانی بەو دەردە نەبرێت و نەكرێتە چەكی دووسەرە، عیراق لە قەیرانێك بێتە دەرەوە و بخرێتە ناو قەیرانێكی قورسترەوە. زەرەرمەندی یەكەمیش لەم دۆخە گەل و پاروە نانەكەیەتی.

حزبی دەعوە هۆشداریی دەداتە حكومەت
حزبی دەعوەی ئیسلامی ئاشكرایدەكات، گۆڕانكاریكردن لەبەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عیراقی وڵات بەرەو دۆخێكی ئارام نابات.

حزبی دەعوەی ئیسلامی كە لەلایەن نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیراقەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و پێكهێنەری سەرەكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ڕێكارەكانی وەزارەتی دارایی و بانكی ناوەندی كاریگەری نەرێنی لەسەر هاووڵاتیان دروست دەكات.

جەخت لەوەش دەكاتەوە، ڕێكارەكان كاریگەرییان لەسەر چارەسەری قەیرانی دارایی نابێت و هەموو چین توێژەكان كاریگەری قەیرانەكە لەسەریان دەردەكەوێت.

ڕوونیشیكردەوە، داوا لە حكومەتی عیراق دەكەن بەدوای ڕێگاچارەی دیكەدا بگەڕێت بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی كە كەمترین كاریگەری لەسەر هاووڵاتیان هەبێت، بۆیە داوا دەكەن هیچ ڕێكارێك جێبەجێنەكرێت كەكاری لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و مووچەخۆران هەبێت.

هاوسەنگی نێوان دینار و دۆلار
ستەفا غالب موخیف، پارێزگاری بانكی ناوەندی عیراق، ئامادەیی بانكەكە ڕادەگەیەنێت بۆ ئەنجامدانی چەند ڕێكارێك كە دەبنە مایەی هێنانەدی هاوسەنگی لە بەهای خەرجی.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لە 17ی كانوونی یەكەمی 2020 لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراقەوە بڵاوكرایەوە” بەسەرۆكایەتی هەیسەم جبوری سەرۆك لیژنەی دارایی و ئەندامانی لیژنەكە، مستەفا غالب موخیف پارێزگاریی بانكی ناوەندی میوانداریی كرا و لە میواندارییەكەدا، تەنگژەی ئابوری و كاریگەرییەكانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لەسەر ڕەوشی بازاڕی عیراقی تاوتوێ‌ كران”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتبوو”لیژنەكە لەڕێی میواندارییەكەوە، پێداگاریی لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی كاریگەرییە نەرێنییەكانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كرد لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و چینی هەژار، وێڕای جەختكردنەوە لەسەر گرتنەبەری ڕێكاری پێویست لەلایەن بانكی ناوەندییەوە بۆ بەرگرتن لە بازاڕەكانی دراو كە لەلایەن هەندێكەوە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بەكاردەهێنرێن”.

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، داوای لە حكومەت كرد”چاكسازیی بەپەلە ئەنجام بدات بۆ پارێزگاریی لە هەژاران و تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی، لەگەڵ كارمەندانی كەرتی تایبەت، تا بەر بە هەڵاوسان بگرێت و مەوادی خۆراكی پێویست لەڕێی فۆرمی بەشە خۆراكەوە بە باشی دابین بكرێت”.

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق دەڵێت”پارێزگاری بانكی ناوەندی ڕوونكردنەوەی خستۆتەڕوو لەبارەی هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، و ئامادەیی بانكەكەی دەبڕیوە بۆ ئەنجامدانی كۆمەڵێك ڕێكار كە دەبنە مایەی دروستكردنی هاوسەنگی لە نرخی خەرجی دۆلار لە ساڵی 2021، لەوانەش دەستپێشخەرییەك بە بڕی 3 ترلیۆن دینار بۆ خاوەن داهاتە سنوردارەكان و زیادكردنی دراوی دۆلار لە بازاڕەكان و زیادكردنی ڕێژەی سودی دراوی عیراقی كە لە بانكەكاندا هەڵدەگیرێت”.

دیاریكردنی بەهای دۆلار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە
بانكی نكی ناوەندی عیراق بەنوسراوێكی رەسمی لە 20ی كانوونی یەكەمی 2020، نرخی نوێی دۆلاری ئەمریكایی رەوانەی بانكەكان كرد.

بەگوێرەی نوسراوێك، وەزارەتی دارایی یەك دۆلار بە 1450 دینار دەفرۆشێت بەبانكە ئەهلییەكان، بانكە ئەهلییەكانیش یەك دۆلار بە 1460 دینار دەفرۆشن بە بازاڕەكانی دراوی بیانی.

لەنووسراوەكەدا هاتبوو، لەبانكە ئەهلی و بازاڕەكانی دراوەكانەوە یەك دۆلار بە 1470 دینار دەفرۆشرێت بە كڕیاری ئاسایی، بەوەش، نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی بەرامبەر 147 هەزار دیناری عیراقی دەبێت.

ئەمەش لەكاتێكدایە، لە 19ی كانوونی یەكەمی 2020، بانكی ناوەندی عیراقی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلاری بەرامبەر دیناری عیراقی راگەیاند كە كاریگەریی نەرێنی لەسەر بژێوی و ژیانی هاووڵاتیانی عیراق بە گشتی دروست دەكات.

 93 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*