سەرەکی » کەلتوور » مەلا حەسەن و من و فریاد رواندزی و سەرلەنوێ دەرچوونەوەی کوردستانی نوێ

مەلا حەسەن و من و فریاد رواندزی و سەرلەنوێ دەرچوونەوەی کوردستانی نوێ

نازم دڵبەند

2-3

راسپاردەکەی (مەلا حەسەن) لای (فریاد رەواندزی) بوو
بۆ نانخواردنی ئێوارە کاک (فریاد) گەڕایەوە ماڵ، وەک تا ئێستا بینیبم هەمیشە میوانی بە گەرموگوڕیەوە میوانداری دەکات، دوای نانخواردن منی بانگکردە ژورەکەی تر و بە زەردەخەنەوە گوتی»راسپاردەکەی مەلا حەسەن لای منە».

سەر لەنوێ (کوردستانی نوێ) دەردەکەینەوە خۆشت دەزانی لە سلێمانی هیچ پێداویستی چاپ بەدەستناکەوێ جگە لە کاغەز دەتوانی بە قاچاخ لە رێی ئێران- ەوە دەستمان بکەوێ، بەڵام (پلێت و حوبر و دڤلۆبەرو) هەموو شتەکانی دیکە دەبێ لەبەغداوە بێت کەسیش لەتۆ چاپوکترو شارەزای ئەو مەوادانە و بەغدا نیە دەبێ سبەینێ زوو سەفەربکەی و هەتا زوو رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) دەربچێتەوە، چونکە (مام جەلال) زۆر مەتلەبیەتی خۆشت باش دەزانی کە ئەو شتێک بڵێ باگراوەندی هەیە و دەبێ جێبەجێ بکرێ. بڕوا بکەن ئەوەندە خوێن گەرمبووین من لەهەموو کەس زووتر حەزم کرد سەعاتێک زووتر (کوردستانی نوێ) دەربچێتەوە.

هەموو ئامادەباشی خۆم دەربڕی، ئەوەبوو بۆ بەیانی هەرزوو چوومە بازاڕی دۆلارەکە و (تەحویلێکی پارەم وەرگرت کە بریتیبوو لە پارچە 250 دینارییەک) وهاتمە گەراج و بەڕێکەوتم.

عەسرێکی درەنگ گەیشتمە بەغدا بەو پێیەی من پێشتر سەرپەرشتیاری چاپکردنی کتێبەکانی نوسەرو رووناکبیران بووم کە لە ئەمیندارێتی رۆشنبیری و لاوان چاپدەکرا ژمارەیەکی زۆری خاوەن چاپەمەنیەکانی بەغدا-م دەناسی، بەڵام زیاتر کارم لەگەڵ دەکردن لەمانە: محەمەد کەریم فەتحوڵڵا، هەندێکییان لە (بتاوین) بوون (ابو عصام و ابو مثنی) هەردوکیشیان شیعە مەزهەب بوون (ابو ریاض) یش مەسیحی دەڤەری (ئەلقۆش) بوو.

لە رێگا لە شۆفێرە کوردەکەم پرسی ئەرێ وەزعی بەغدا بۆ کورد چۆنە، خۆ شەوان لە ئوتێل نایانگرن.. هەرزوو گوتی: هیچ نیە ئەوان لە خوایان ئەوێ کوردێ بچێتە ئوتێلەکەیان.

چێشتخانە هەمووی کوردە، ئوتێلە راقیەکانی وەکو شیراتۆن و فەلەستینی میریدیان و مەنسور میلیا پڕیەتی لە کورد.

هەر زۆریش هەرزانە بە پارەی تەبع، ئەو فەلەستینی میریدیانە ژووری بە (13) دیناری سویسری خۆمان ئەوەستێ،کەسیش ناوت ناهێنێ.

تۆزێ هێوربوومەوە و ئەو ترسەی چەند رۆژی رابردووم لاسوکتربوو لە هەمووشتێ دڵنیابووم ئەو سەیتەرانەی حکومەت بوو کە نە داوای ناسنامەیان لێدەکردی و نە دواشیان دەخستی، خوا هەڵناگرێ کاکی شۆفێر تا بەردەمی ئوتێلی (فەلەستینی میریدیان) ی بردم، بەڵام لە هەمووی ناشازتر لام خۆم من نە (جانتایەکم پێیە نەجلوبەرگی زیادە تەنها عەلاگەکەی گۆڕی)… بەهەرحاڵ ژوورێکم وەرگرت و حەواڵەکەم لە (کەرادە) بوو هەر زوو چووم پارەکەم وەرگرت، چونکە بۆ شەو پارەم پێنەدەما.

*بەرەو بازاڕی ئەلبتاوی و هەناسە ساردەکەی (ابوسامان)
وەکو پێشتر ئاماژەم پێکردبوو من بە پیی شارەزایی و ناسینی هەندێ لە چاپخانەکان بۆ بەیانی بەرەو (البتاوی) بەڕێکەوتم و لەیەکێ لە چاخانەکان نانی بەیانیم بە (گێمەڕی عەرەبی) و چا- وە نۆشکرد و ئینجا ووردە، ووردەچاپخانەی (الآديب) کە ئەو ساکە خوالێخۆشبوو) محەمەد کریم فەتحوڵڵا) ناسراو بە (ابو سامان) کوردێکی جێی متمانەبوو و خۆشی لە کۆنە (شیوعی) یەکان بوو و سەرپەرشتی چاپخانەکەی دەکرد بەهۆی ئەوەی کاتی خۆی چەند کتێبێکی ئەمیندارێتی رۆشنبیری و لاوان-مان لەوێ چاپکربوو ئاشنایەتی تەواوی متمانەکردنێکی تەواومان بەیەکتر هەبوو کە چوومە ناو چاپخانە و منی بینی ئەمجارەیان زیاتر لە جاران بە گەرمیەوە لە باوەشیی گرتم و رایکێشام بۆ ژوورەکەی خۆی و زۆر بەووردی سەیریکردم و (هەناسەیەکی زۆر ساردی هەڵکێشا زۆر بەنهێنیەوە گوتی:
«ئەوە بۆ وایلێهات…؟ بۆ دیسان کورد هانای بۆ دوژمن بردەوە…؟»
بەڵام چارەنووسی کورد هەر وایە و دەگاتە ترۆپکی سەرکەوتن و زۆر بە زوویی دەکەویتە خوارەوە…
نانت خواردوە؟
-بەڵێ (ابو سامان) زۆر سوپاس…
ئەو لیستە دەرهێنا کە بۆ پێداویستیەکانی شەو بۆ لە ئوتێل ئامادەم کردبوو و دامەدەستی و گوتیشم هەموویم بۆ (سلێمانی)یە.

سەیرێکی لیستەکەی کردو هەر زوو ئاماددەباشی خۆی بۆ ئامادەکردن دەربڕی، بەڵام گوتی:
«تۆ دەزانی رۆیشتنی مەوادی چاپ و چاپخانە بۆ کوردستان لای حکومەت وەکو تلیاک وایە و مۆری قەدەغەکردنی لەسەرە، بەڵام من رێگایەکم هەیە ئەویش لە نێوانی کوردستان و مەرکەزە لەمیانی وەزارەتی تەندروستی عیراق و لەوێ پڕۆتۆکۆلێک هەیە کە هەفتەی جارێک نەخۆشی ئەوێ دەهێنرێتە ئێرە و لێرەوەش دەرمان بۆ ئەوێ دەڕوا واشبزانم (un) سەرپەرشتی ئەو کارە دەکات و لە رێگای (مانگی سوری نێودەوڵەتی) یەوە، ئەو شۆفێرەی کە (ئیسعافەکە) لێ دەخوڕی پیاوێکی کوردە و دڵسۆزەو ئەمڕۆ قسەیەکی لەگەڵ دەکەم، چونکە لەرێگای ئەوەوە نەبێ دەبێ ئەو پێداویستیانە بە (قاچاخ) بڕوا، ئێوەش چاوێکتان لێبێ، بەڵام نابێ لای کەس باسی مەواد و ئەو قسانە بکەی، من هەر زۆر کەیف خۆشبووم و یەکسەر رەزامەندیم لەسەر هەموو شتەکان دەربڕی و پارەم لای (ئەبو سامان) جێهێشت و گوتم» من چۆن ئەو نهێنیانە باسدەکەم»

ئێوارە خوانێک و دوو بیرەی سارد
لە بەرامبەر (مسرح الوطنی) ئەوسا خۆشترین چێشتخانە هەبوو کە ئەوانەی لێی دادەنیشتی زیاتر خانەوادە خوا پێداوەکانی بەغدابوون بەتایبەت نیوەڕۆیان و شەوان، بێجگە لەدیداری کەسایەتی بازرگانان و هەندێکجار کچانی سۆزانیش گردبوونەوەیان لەوێبوو، منیش هەر بە خەیاڵی ساڵانی رابردوو کە چەند ساڵێکبوو بەغدام نەدیبوو لە دڵی خۆمدا گوتم «شتی چاکە دووبیرەی ساردو خواردنی شەویش لێرە دەخۆم و باتۆزێ درەنگ بگەڕێمەوە ئوتێل»

خۆم پیاکرد و لەسەر مێزێکی دوو کەسی دانیشتم و یەک، دووجار گارسۆنەکان بەلاما تێپەڕین وەکو بڵێی سەیری جلوبەرگەکەیان کردم منیان بەدڵ نەبێ و من هی ئەو شوێنە نەبم، بەڵام گوێ قوڵاخ بووم دووان لەوان هەم بە زمانی مەسیحی و هەم بەشێوەزاری کوردی بادینی قسە دەکەن، ئەوەم قۆستەوە منیش بەشێوەزارییە بادینی –یەکە بانگی (کاپتنە)ەکەم کرد و هەر زوو هاتە لام و بەخێرهاتنێکی گەرمی کردم و گوتی:

– کەرەمکە برا»،
برایی بۆ من دوو بیرەی سارد بهێنە.

– تۆ نزانی ئەوە دوو، سێ ساڵە هەمی مەشروباتێک مەمنوع بیە»
بەهەرحاڵ نە ئەو ماوەی ئەوەی هەبوو موحازەرەیەک لەسەر مەشروباتی رۆحی بۆ من بدات نە منیش دەمویست خەڵکی دەوروبەرم بزانێ من کوردم، چونکە لەو ئانوساتیدا لەبەردەم وەزعی (31)ی ئاب و شەری برا کوژی بەغداییەکان بە چاوێکی سەرسوڕمانەوە سەیری کوردانیان دەکرد.

هەر زوو گوتم:
باشە خواردن بۆ من بێنە یەک (مشەکەل)… بەڵام کەلای (ابو سامان) دەرچووم تەلەفۆنی ماڵەوەی خۆیانی دامێو گوتی:
شەو تەلەفون بکەی با شفرەکەمان ئاوابێ (ئەگەر کارەکە لەجێی خۆیدا بوو دەڵێم بەیانی مەوعیدی خەستەخانەکە تەواوە و وەکو خۆیەتی)
ئەگەر هیچیش نەکرابوو ئەوە دەڵێم:

– بەیانی دکتۆرەکە نەیە بۆ خەستەخانە
دڵخۆشبووم بەوەی کە (ابو سامان) گەشبینی بوو بۆ کارەکە جێبەجێ دەبێ و منیش دوای نانخواردنەکەم هەستام هاتمە دەرەوە و هەر لەنزیکی (مسرح الوطنی) دوکانێکی مەشروب فرۆشتن هەبوو و لامدایە لای و دوو بیرەی ساردم خستە ناو نایلۆنێکی رەش و لەگەڵ زەڵاتەیەکی سەفەری و بەرەو ئوتێل گەڕامەوە لەگەڵ گەیشتنم بۆ ئوتێل دەرگاوانەکە سەیرێکی نایلۆنەکەی کرد و منیش هەر زوو چوارد دوو سەد پەنجایی چاپی عێراقم لەدەستینا خەریکبوو هەر خۆشی بۆ بگەیەنەتە ژوورەکەم.

شەو درەنگ لەسەر پێکهاتنی خۆمان تەلەفونی (ابو سامان)م کرد هەر زوو گوتی: بەداخەوە بەیانی دکتۆرەکە نایەتە خەستەخانە.

خەریکبوو دڵم بوەستێ و لەسەر جێگاکەم راکشام و کەوتمە خەیاڵ و بیرکردنەوە و هەزارو یەک پلان و پێشهاتم بۆ گەیاندنی ئەو پێداویستانە دانا، تا بەرەبەیان خەو نەچووە چاوانم لە دوایدا بڕیارم لەگەڵ خۆمدا گوتم: ئەگەر سەریشم تیابچێ دەبێ ئەو مەوادانە بگاتە (سلێمانی) و (کوردستانی نوێ) دەربچێتەوە…

(نەجۆی قارەمان) و چایخانەی (حەسیرەکە)
لە بەرەبەیان بڕیارمدا پێش نیوەڕۆ بچمە لای (ابوسامان) و داوای لێبکەم هەموو مەوادەکانم بۆ ئامادە بکات تا بینێرین بۆ نەقڵیاتی (الشمال) بیباتە کەرکوک، چونکە ئەم نەقڵیاتە ئیجازەی هەیە تا کەرکوک و هەرخۆشی مەخزەنی هەیەو لەوێ دەمێنێتەوە مشوەری قاچاخچیەک دەخۆم و بەڕێیدەکەم.

وابزانم یەک سەعات چاوم نەچووە خەو لەناکاو راپەڕیم لە خەومدا ئەمنەکان ئەمنەکان قۆڵبەستیان کردم و خۆم و مەوادەکانیان بەو ئۆتۆمبێلەی کە تیاماندا بارمان کردبوو راپێچیان دایی ، بەڵام کە راپەڕیم هەر لەسەر جێگاکەی خۆمم و زانیم خەونە هەناسەیەکم هاتەوە بەر و ئیتر کەوتمە خۆ ئامادەکردن و عەلاگەکەم ئەوەی بیجامەیەکی بەبێ کراس و خاولیەک و موسیکی سەفەری و فڵچە و مەعجونێکی تێدابوو گرتە دەست و هاتمە خوارەوە و بەرەو (البتاوین) کەوتمەرێ لەوێ نانی بەیانم خوارد وکە گەیشتمە ئەوێ تەنها (ابو اسری) لەوێبوو پیاوێکی تەمەن شەست ساڵە لەسەر ئۆفسێتە (هایدلبرج) ەکە ئیشێکی دەکردو پەرداخێکی پڕ لە چایەکی رەشی وەکو قیڕی لەپێشبوو و جگەرەیەکیشی وەکو هەموو رۆژان بەلالێویەوەبوو ، ئەگەر سەیری نێوانی پەنجەکانی و لالێویت بکردایە هەمووی زەرد هەڵگەڕابوو لەبەر جگەرەکێشان، هەرزوو فەرمووی لێکردم و لە قۆریەکەی پێشی چایەکی بۆ تێکردم ، بەڵام ئەو دەیزانی من چای قوڕس ناخۆم، چونکە زەمەنێک بوو (ابواسری)م دەناسی و ئەویش شیعەی مەزهەب و کۆنە (شیوعی)بوو، جارو بار کە کتێبەکانی ئەمیندارێتی و رۆشنبیری و لاوان-م دەهێنا بۆ چاپ ئەگەر شەوان درەنگ بماباینەوە هەر سەر لە ئێوارەکەی دەیگوت» ناضم گیب ویاك حلیب السباح»
کە شەوانی درەنگیش دەیگەیاندە سێیەمی (پێک) و مەلزەمەی تازەی دادەنا و (کلۆس)ی دەگرت و دەیگوتە (سەکنەکەی مەستی)
دەمێکی بۆ پەرداخەکە دەبردو کۆپلەیەک شیعری (موزەفەر نەواب) ی دەخوێندەوە و سەیری سەکنەکەی دەکرد دەیگوت :
«هذا ما یعرف کل شی هسە عبالی آنی و آقرا‌ء قرآ‌ن»
منیش تێر، تێر پێدەکەنم… لەو قسانەبوین(ابو سامان) هاتە ژوورەوە بە خەفەتەوە سەیرێکی منی کرد و بە کوردییەکی پەتی گوتی:
«یەزدان پەنامانە… هیچ کارێک نیە مەیسەر نەبێ».
پێکەوە چوینە ژوورەکەی من یەکسەر بیرۆکەکەم پێگوت، ئەویش تۆزێ کەوتە بیرکردنەوە و گوتی:
«پیاوێک دەناسم لەکەرکوک ناوی (ناجۆ قارەمانە)»
تابڵێی پیاوێکی بەغیرەتە بەینی خۆمان بێ خزمی ئەو (مام رۆستەم)ەی ئەولایە ئۆتۆمۆبێلی هەیە و هاتوچۆی ئەو دەشت و دەرەی (لەیلان و ئاغجەلەر و قادرکەرەم) و ئەو شوێنانە دەکات و جێگای باوەڕە لای چایخانەی (حەسیرەکە) نزیک نەقڵیاتی سلێمانی دەوەستێ هەموو دەیناسن هەر ئیستا بڕۆ نەقڵیاتی (النهضه‌) بڕۆ کەرکوک و بڵێ (ابوسامان) لە بەغدا هەواڵت ئەپرسێ و ئەو کارەمان هەیەو دەبی هەرچۆنێ بێ بیگەینێ… لەویشەوە باشفرەمان هەر ئەوەبێ کەبڕیاریدا دڵنیاشم نائومێدمان ناکا تەلەفونێک بکەو بڵێ:
«(نەخۆشەکەمان زۆر باشترە…)و تۆ بگەڕیرەوە بەغداد»

 88 جار بینراوە