فلاش فیکشن

میرابۆق

لەو رۆژەوە كە سەرۆك لە كۆبوونەوەی فەرماندە دێرینەكاندا، یەك سەعات باسی (میرابۆ)یان بۆ دەكات. میران یەكلاق خەیاڵێكی سەیر لە كەللەی دەدا. سەرۆك جەخت لە رۆڵی دەنگە زوڵاڵەكەی میرابۆ دەكاتەوە.

بەڵام، دوور و نزیك باسی ئەوە ناكات كە میرابۆ فایلی هەبووە و پاشان گۆڕ بەگۆڕ كراوە. بۆیە میران یەكسەر ئەوەی بە خەیاڵدا دێت بۆچی نەبێتە میرابۆ؟ بەبێ ئەوەی گوێ بەوە بدات ئیتر راپەڕین كراوە و شتێك نەماوە بە ناوی شۆڕش تا ئەم ببێتە خەتیبەكەی.

دوای ئەوەی دەگاتەوە بارەگاكەی خۆی یەكسەر سكرتێرەكەی بانگ دەكات، دوو بە دوو دەرگا لەسەر خۆیان دادەخەن، بیرۆكەكەی بۆ باس دەكات. سكرتێرەكەی لەوە شەیتانترە كە ئەم هەلە لە كیسی خۆی بدات كە پاداشتێكی چەوری لە دوایە. بۆیە پێی ناڵێت ئاخر گەمژەی خڵەفاو تۆ لە ژیانتدا كتێبێكت نەخوێندۆتەوە، هەر تەقەت كردووە و دەم و پلی قسەكردنت نییە، فڵتە فڵت نەبێت هیچ نازانیت، چۆن دەبیتە میرابۆ؟ پێی دەڵێت: قوربان جگە لە جەنابت كێ دەتوانێت ببێتە میرابۆ؟ قسەزان و دەنگ زوڵاڵ، چی لەوە ئاسانترە میران بكەیت بە میرابۆ؟
ئیتر خۆی لێ دەبێتە میرابۆ، دەبێتە میوانی قەشمەری كەناڵەكان. بۆ نەگبەتی من و باوكم دانیشتووین لە پڕ بە قاتە كوردییەكەی و سەرە بۆزەكەیەوە دێتە سەر شاشەكە.

« دوای راهین راپەڕین، خەڵك نانی، نانی رەش، نان بۆ نانەوا، گۆشت، ئێسقان بۆ، مامۆستا، سی سی ساڵە، دەسەڵات، مووچە مووچەی چی، گەگە گەنم، گەندەڵی، گەنم گرتی، كش كش، كشە كشە، كشتوكاڵ، مر مردن، مریشكە، جوو جووتیار، رەشە، لە لە برسا…»

باوكم یەكسەر كەناڵەكە دەگۆڕێت، چاویلكەی لە چاودا نییە، دەڵێت: «ئەوە ئەم گوودەمە كێیە؟ لەوساوە وەكو بۆق دەقیڕێنی و…»
«ئەمە میران یەكلاقە، بە خۆی دەڵێ میرابۆ.»
«میرابۆۆۆ، نا، نا، ئەمە میرابۆقە.»

محەمەد كەریم

 81 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*