سەرەکی » ئاراستە » گوندێک چیرۆکی‌ ئازارەکانی‌ گەرمیان دەگێڕێتەوە

هەشەزینی‌

گوندێک چیرۆکی‌ ئازارەکانی‌ گەرمیان دەگێڕێتەوە

د. ئاراس محەمەد ساڵح

هەشەزینی‌ یەکێکە لە گوندەکانی‌ ناحیەی‌ سەنگاو لە قەزای‌ چەمچەماڵی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، لەدەوروبەری‌ ساڵی‌ (1970ز) لەلایەن شێخ حەسەنی‌ كوڕی‌ شێخ مەحمودی‌ کڵێسەی‌ کوڕی‌ شێخ ئیسماعیلی‌ ولیانیەوە ئاوەدانکراوەتەوە، سەرەتا شێخ حەسەن لە گوندی‌ قازانقایەی‌ قەرەداغەوە رۆیشتوەو لەشوێنی‌ هەشەزینیە کۆندا لەکەناری‌ چەمی‌ باسەڕەدا بناغەی‌ گوندەکەی‌ داناوەو ماڵ و مزگەوت و تەکێی دروستکردوە، هەر بەناوی‌ گوندی‌(هەشەمەزین)ی‌ کوردستانی‌ خۆرهەڵاتەوە، ناوی‌ ناوە (هەشەمەزین) پاشان بە تێپەڕێنی‌ ڕۆژگار بووەتە هەشەزینی‌، ئەم ناوەش کوردی‌ ڕەسەنەو بەشێوەزاری‌ گۆران واتە: (ورچی‌ سور).

ئەم گوندە وەک شێخەدێیەک هەر لەسەرەتای‌ دروستکردنیەوە بووەتە ناوەندێکی‌ ئاینی‌ و تەریقەتی‌ قادری‌، نەوەکانی‌ شێخ حەسەن یەک بەدوای‌ یەکدا کوڕ لە باوکەوە تەکێ و مزگەوت و حوجرەیان بەڕێوەبردووە، لە یەک کاتدا مەلای‌ مزگەوت و شێخی‌ تەریقەت و تەکێ بوون.

بەپێی‌ دەستنووسێکی‌ کتێبی‌ (الامالی‌) کە لەساڵی‌ (1236ک-1821ز) لەهەشەزیندا بۆ شێخ عەبدولقادری‌ کوڕی‌ شێخ حەسەنی‌ هەشەزینی‌ نوسراوەتەوەو لەکاتی‌ ئێستا لە(خانەی‌ بەڵگەنامەکان و دەستنووسەکانی‌ بەغداد) پارێزراوە، بەڵگەیە لەو رۆژگارەدا لەم گوندەدا پرۆسەی‌ خوێندن و حوجرەی‌ تێدابووە، ئەم شێخ عەبدولقادرە ئەوەندە خوێندنگەکەی‌ ئاوەدان بووە بە شێخ عەبدولقادری‌ چل فەقێ ناوبراوە، لەرۆژگاری‌ حاجی‌ شێخ محەمەدی‌ کوڕی‌ شێخ عارفدا ئەم گوندە زیاتر لە رووی‌ خوێندن و عیرفانیەوە پێشکەوتووە، زۆرێک لە مەلاکانی‌ ناوچەی‌ گەرمیان لەخوێندنگەی‌ حاجی‌ مەلا شێخ محەمەد دەرسیان خوێندووەو لە زانست و خواناسیەکەی‌ بەهرەمەند بوون.

لە ساڵی‌ (1959) بە هەوڵی‌ مەلا شێخ محەمەد قوتابخانەی‌ نوێی‌ تێداکراوەتەوە، خەڵکی‌ ئەم گوندە زۆر گرنگی‌ بەخوێندەواری‌ دەدەن و ژمارەیەکی‌ بەرچاو دەرچووی‌ زانکۆو هەڵگرانی‌ بڕوانامەی‌ باڵایان هەیە، لەسەرەتای‌ شەستەکاندا حاجی‌ شێخ محەمەد کچی‌ خۆی‌ بەناوی‌ (حەبیبە)وە ناردووەتە قوتابخانە، ئەمەیش بۆ شێخێکی‌ تەریقەت و مەلایەکی‌ ئاینی‌ و لە شوێنێکی‌ دوورەدەستی‌ وەک گەرمیاندا بۆ ئەوکاتە هەنگاوێکی‌ ئازایانەو جێگەی‌ سەرسوڕمانە.

دانیشتوانی‌ ئەم گوندە لە هۆزو تیرەی‌ جیاواز پێکهاتووە، وەکو شێخانی‌ بەرزنجەو جاف و گۆران و تەنانەت کەسانی‌ ئێرانی‌ و دۆم و زۆر تیرەو بنەماڵەی‌ تری‌ تێدا ژیاوە، بەڵام بەهۆی‌ ئەوەی‌ ناوەندێکی‌ ئاینی‌ گرنگ و عیرفانی‌ بووە، خەڵکەکەی‌ زۆر خۆشەویستی‌ و رێزو هاوکاری‌ لە نێوانیاندا هەیە، هەر بەو هۆیەوە هیچ جۆرە کێشەیەکی‌ کۆمەڵایەتی‌ و عەشائیری‌ هەتا ئێستا لەم گوندەدا رووی‌ نەداوە، هێندە لەناو خۆیاندا تەبان کە دەچن بۆ ماڵی‌ یەکتری‌ وەکو ئەوە وایە بچن بۆ ماڵی‌ خۆیان.

لەبەر ئەوەی‌ هەڵکەوتەی‌ شوێنی‌ گوندەکە کەوتووەتەسەر کەناری‌ ڕوباری‌ باسەڕە، هەر لە کۆنەوە ئاشی‌ ئاوی‌ تێدا بووە، لە زۆربەی‌ گوندەکانی‌ دەوروبەریەوە خەڵکی‌ بۆ هاڕینی‌ دانەوێڵەکانیان روویان کردووەتە ئەو گوندە، تەنانەت لە ناوچەی‌ بازیانەوە خەڵکی‌ چوون بۆ ئاشەکانی‌ هەشەزینی‌، لە گرنگترین ئاشەکانی‌، ئاشی‌ شێخ قادرو ئاشی‌ کۆن و ئاشی‌ تەنەکە، ئاشە تەنەکە هەتا ساڵی (1998) ئیشی‌ کردووە.

لەبەر ئەوەی‌ گوندی‌ هەشەزینی‌ سود لە ئاوی‌ چەمی‌ باسەڕە وەردەگرن و زەوی‌ کشتوکاڵی‌ زۆریان هەیە، ئەمە وایکردووە ببێتە شوێنێکی‌ کشتوکاڵی، بەرهەمەکانی‌ وەک گەنم و جۆو نۆک و دانەوێڵەکانی‌ تری‌ لێکراوە، هەروەها مەرەزەو تەماتەو توتن و بامێ و زۆر سەوزەی‌ تریان لێکردووە، لەپێش خاپورکرانی‌ گوندەکەدا لە ساڵی‌ ((1988دا باخی‌ هەنجیرو ترێیان هەبووەو لەو کاتەدا نزیکەی‌ 100)) ماڵی‌ تێدا بووە.

هەروەها شوێنێکی‌ زۆر گونجاوە بۆ ئاژەڵداری‌ و مەڕو بزن و رەشەوڵاخ بەخێو دەکەن، لەپێش سوتانیدا زیاتر لە(12) ڕانەمەڕو گاگەلێکی‌ (500) سەری‌ تێدابووە، لە دوای‌ راپەڕینەوەو جارێکی‌ تر ئاژەڵدارەکان گەڕاونەتەوەو لەکاتی‌ ئێستادا ژمارەیەک رانەمەڕ وگاڕانێک رەشەوڵاخیان هەیە.

گوندی‌ هەشەزینی‌ وەک هەموو گوندو ناوچەکانی‌ تری‌ کوردستان و توشی‌ زۆر کارەسات و وەیشومەی‌ رۆژگار بووە، لە ساڵی‌ (1963) کەوتووەتە بەر شاڵاوی‌ حەرەس قەومی‌ و پەلامارەکانی‌ زەعیم صدیقەوە، لە هەشتاکانی‌ سەدەی‌ رابردوودا بەردەوام لەژێر هێرشی‌ تۆپباران و پەلاماری‌ سوپادا بووە، لە ساڵی‌ (1988) کەوتووەتەبەر شاڵاوی‌ جاش و سوپای‌ عێراقەوەو گوندەکە خاپورکراوەو خەڵکەکەی‌ رەوی‌ کردووە، لەساڵی‌ 1989 مزگەوت و تەکێ و مەزاری‌ شێخ عارفی‌ هەشەزینی‌ لەلایەن سوپای‌ عێراقەوەو تەقێنراوەتەوەو بەتەواوەتی‌ لەگەڵ زەویدا تەختکراوە، لەو شاڵاوانەدا زیاتر لە (٤٢) شەهیدی‌ ئەنفال و (6) شەهیدی‌ سەنگەریان هەیە.

لەم گوندەدا پیشەی‌ تەونکردن و دارتاشی‌ و ئاسنگەری‌ و ناڵبەندی‌ و ئاشەنانەوەو بەرداشسازی‌ و بەیتاڵی‌ و فیتەری‌ هەبووە، هەروەها بەرهەمهێنانی‌ دۆشاو سرکەو ڕۆنی‌ کوردی‌ و پەنیرو میوەی‌ وشکراوەی‌ تێدا بووە.
لە شەستەکانی‌ سەدەی‌ رابردوودا قوتاخانەو بنکەی‌ تەندروستی‌ تێدا کراوەتەوە، لە ساڵی‌ (1979) پرۆژەی‌ کارەبای‌ نیشتمانی‌ بۆ راکێشراوە، هەتا ساڵی‌ (1985) ئەم پرۆژانە بەردەوام بوون و لەو ساڵەدا لەلایەن حکومەتی‌ عێراقەوەو هەموو پرۆژە خزمەتگوزاریەکان کێشراوەتەوە.

لە دوای‌ ڕاپەڕینی‌ ساڵی‌ 1991 کوردستانەوە، ئەم گوندە لەلایەن دانیشتوانەکەیەوە ئاوەنکراوەتەوە، لەکاتی‌ ئێستا پرۆژە خزمەتگوزاریەکانی‌ وەک قوتابخانەو بنکەی‌ تەندروستی‌ و ئاو و کارەباو دوو مزگەوتیان بۆ دروستکراوە، هەروەها بەهەوڵی‌ (سوعادخانی‌ کچی‌ شێخ ئیسماعیل) پرۆژەی‌ بەنداوی‌ هەشەزینیان بۆ دروستکراوە، ئەم بەنداوە سودی‌ زۆری‌ لێوەردەگیرێت و بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری‌ و زۆربوونی‌ ئاوی‌ ژێر زەوی‌ لە ناوچەکەدا.

هەبوو نەبوو .. دێر زەمانێ
کاتێ باپیرە گەورەمان
تین و تاوی‌ بازووەکانی‌ ئەچوون بەگژ
تاوێرە بەردی‌ چیادا
کاتێ هێشتا خوێنی‌ لاوی‌ ئاگرێ بوو
لە لەشیانداو
چۆکی‌ بە تۆف و وەیشومەی‌
گەوەی‌ شاخەکان دائەدا
سەردەمێ بوو.. ژیان ئاوا بەرپێکانی‌
رۆشن نەبوون
پەنجەرەی‌ بیر.. لەسەر وشە داخراو بوو
نسێی‌ زانین.. بەستەڵەکی‌ بێ هەتاو بوو
لەو ڕۆژەدا.. هۆشیش وەکو قوتیلکەکان
کز ئەسوتا
نەی‌ ئەتوانی‌ تاریکایی ناو دارستان
روناک بکا
هەژارەکان لە ناو گەرووی‌
مەرگ و ژاندا
پاروی‌ گریاویان قوت ئەدا
تا گزنگیان ئەخستە ناو
دوای‌ ئێوارەی‌ ئەموستە چاو
رەنجیان ئەداو.. رەنجیان ئەدا….

 

سەرچاوەکان/

1/ د.عماد عبدالسلام رۆوف، مراکز پقافیه‌ مغموره‌ فی کردستان، الگبعه‌ اڵ‌ولی‌2008م، أربیل.

2/ چاوپێکەوتنی‌ نوسەر لەگەڵ کاک شێخ عوسمان شێخ ئیسماعیل، لە گوندی‌ هەشەزینی‌، ڕۆژی‌ چوارشەممە 2_12_2020

٣/ شێرکۆ بێکەس، ئاسک شانۆگەرییەکی‌ شیعرییە لە پێنج تابلۆدا، چاپی یەکەم 1978 بەغداد

 83 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*