سەرەکی » دۆسێ » ناكۆكییەكانی نێوان مالیكی و سەدر سەرهەڵدەدەنەوەپەڕە 27

پێش هەڵبژاردن یەكتر تۆمەتبار دەكەن

ناكۆكییەكانی نێوان مالیكی و سەدر سەرهەڵدەدەنەوە

جارێكی تر ناكۆكییەكانی نێوان هاوپەیمانییەكەی نوری مالیكی ئەمینداریی گشتی خزبی دەعوەی ئیسلامی و موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر سەرهەڵدەدەنەوە و یەكتری تۆمەتبار دەكەن.

ناكۆكییەكان لەنێوان حزبی دەعوەی ئیسلامی و رەوتی سەدر لە ساڵانی دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە لە 2003 دروستبوو، بەو هۆیەی حكومەتی عیراق كە لەو دەمەدا لەلایەن سەركردەكانی حزبی دەعوەوە سەرۆكایەتی دەكرا، لەگەڵ سوپای مەهدی سەر بە رەوتی سەدر بەگژداچوونەوە لەنێوانیاندا دروستوو، بەو هۆیەشەوە زۆرێك لە چەكدارانی سەر بە سوپای مەهدی كوژران و برینداربوون و ژمارەیەكی زۆریشیان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركران و خرانە زیندانەوە.

بەپێی دوایین لێدوانی عەدنان ئەسەدی، سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عیراق»رەوتی سەدر بووە ئاستەنگ لەبەردەم پڕچەككردنی سوپای عیراق لە ماوەی دووەمی سەرۆكایەتیكردنی نوری مالیكی بۆ حكومەت».

ئەسەدی لە دیمانەیەكی تەلەفیزیۆنی لە لە 10ی كانوونی دووەمی 2021، رایگەیاند»نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیراق، لە دژی سوپای عیراق وەستاوەتەوە وەك سەڵاح عوبەیدی وتەبێژی رەوتی سەدر بارسی دەكات، یان هەوڵی لاوازكردنی سوپای نەداوە، مالیكی لە دوای ساڵی 2003وە سوپای بنیاتنایەوە بە مەبەست و پلان و رێكخستن».

بە وتەی سەركردەكەی دەوڵەتی یاسا»بە گەڕانەوە بۆ ئەرشیف و هەڵوێست و چاوپێكەوتنەكانی ساڵانی رابردوو، لە ماوەی دووەمی سەرۆكایەتی مالیكی بۆ حكومەت، بەروونی دەردەكەوێت كە كێ‌ هەوڵی بۆ لاوازكردنی سوپا داوە و رێگەی پڕچەككردنی لێگرتووە، رەوتی سەدر لەگەڵ لایەنە كوردییەكان چوونە روسیا و داوایان سوپای عیراق پڕچەك نەكرێت».

عەدنان ئەسەدی دەڵێت»مەها دوری ئەندامی پێشووی فراكسیۆنی رەوتی سەدر پێشتر رایگەیاندبوو كە عیراق پێویستی بە پڕچەككردنی سوپا نییە، لەو دەمەشدا شێخ سەڵاح عوبەیدی یەكێك بوو كە لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەدا راوەستابوو».

سەبارەت بە پرسیاری تایبەت بە هۆكاریی روودانی نسكۆی حوزەیرانی 2014 كە لە ماوەی دووەمی سەرۆكایەتی حكومەتەكەی مالیكیدا روویدا، ئەسەدی وتی»ئەوەی لە موسڵ رویدا، پرۆسەیەكی داڕوخانی بەمەبەست و پاڵپشتی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بوو بە مەبەستی رێگرتن لە گەیشتنەوەی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی بە ماوەی سێیەمی سەرۆكایەتی، ئەمەش لەلایەن یەكێك لە وەزیرە ئەمریكاییەكاندا دانی پێدانرا».

پێشتر هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە لەلایەن نوری مالكییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، وەڵامی لێدوانەكانی سەڵاح عوبەیدی وتەبێژی موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر دەدایەوە كە مالیكی بە كاركردن لەسەر ئەجێندا ئەمریكاییەكان بۆ لاوازكردنی هێزە ئەمنییەكان تۆمەتبار كردبوو.

ڕەسوڵ ئەبو حەسنە، وتەبێژی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا لە 4ی كانوونی دووەمی 2021 رایگەیاندبوو”مالیكی كاتێك دەسەڵاتی گرتەدەست لە ساڵی 2006، بەغدا و پارێزگەكان لە یەكتر دابڕابوون و جەنگی نێوان میلیشیاكان و هێزە ئەمنییەكان و تیرۆركردن و سوتاندنی نوسینگەی حزبەكان و سەربڕین باڵی بەسەر ڕەوشەكەدا كێشابوو، مالیكی لە یەكەم چوار ساڵی حوكمڕانیدا، كاریی بۆ چەسپاندنی ئاسایش كرد”.

بە وتەی ئەبو حەسنە”لێدوانەكانی رەوتی سەدر، ئامانج لێیان ناوزڕاندنی سیاسییە لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكان، بە تایبەت كە ڕەوتەكە عیچ شتێكی نییە قسەی لەسەر بكات، جگە لە هێرشكردنە سەر مالیكی”.

عوبەیدی لە دیمانەیەكی تەلەفیزیۆنیدا ڕایگەیاندبوو، هێزە ئەمریكاییەكان لەسەر داوای حكومەتی عیراق بۆ بەگژداچوونەوەی داعش هاتنە عیراق، گروپە چەكدارەكانیش خۆشحاڵییان بەرانبەر بەو هەنگاوە دەربڕی.
وتەبێژەكەی موقتەدا سەدر دەڵێت، نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشتووتر، كاریی بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندا ئەمریكاییەكان كردووە، لەپێناو لاوازكردنی هێزە ئەمنییەكان.

 584 جار بینراوە