سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » هەولێر، 400 یەكەی نیشتەجێبوونی كرێنشینان بە تەواونەكراوی ماونەتەوە

هەولێر، 400 یەكەی نیشتەجێبوونی كرێنشینان بە تەواونەكراوی ماونەتەوە

ماوەی زیاتر لە نۆساڵە لە سنوری پارێزگای هەولێر دەست بە دروستكردنی نزیكەی چوارسەد یەكەی نیشتەجێبوون بۆخەڵكی كەمدەرامەت و كرێنشین كراوە، كەچی تاكو ئێستا ئەو یەكانە تەواونەكراوە، سەرۆكی لقی هەلێری كۆمەڵەی كرێنشینانیش رایدەگەیەنێت ئەوان بەردەوام بەدواداچون بۆ ئەو یەكانە دەكەن و ئاماژەبەوەش دەكات هەر بۆچارەسەرەسەركردنی گرفتی كرێنشینان لە رێگای وەبەرهێنێكەوە پرۆژەیكیان داوەتە حكومەتی هەرێم بۆ دروستكردنی ژمارەیەك یەكەی نیشتەجێبوون، لەسەرتاسەری هەرێم بە پارەیەكی كەم و قەرزێكی درێژخایەن دەدرێت بە كرێنشینان.

بودجەی پێویست بۆ تەواوکردنی ئەو یەکانە ئامادەنیە
مەحمود ئیسماعیل مەحمود سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی كرێنشیانی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: دوای ئەوەی لەساڵی 2012 لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێم بڕیار لەسەر دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی كرێچی و كەمدەرامەت لەشارەكانی كوردستان درا، تاكو ئێستای سێ سەد و نەود و شەش یەكەی نشتەجێبونی سنوری پارێزگای هەولێر تەواونەكراوە .
وتیشی: لایەنی حكومەت هۆكاری تەواونەكردنی ئەو یەكانە بۆ نەبوونی بودجەی پێویست دەگرێننەوە، ئەمەش لەكاتێكدا بەشێكی زۆری كارەكانی ئەو یەكانە تەواو بووە، ئەوەی ماوە خزمەتگوزارییەكانە، كە پێمانوایە بەدابەشكردنی بەشێك لە خەڵكی كەمدەرامەت سوودمەند دەبن.

وەبەرهێنێك پرۆژەیەکی ئامادەکردوە
هەرلەبارەی دروستكرنی یەكەی نیشتەجێبوون سەرۆكی لقی هەولێری كۆمەڵەی كرێنشینان وتی: هەربەئامانجی كەمكردنەوەی رێژەی كرێنشینان لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنێك لەرێگای كۆمەڵەی كرێنشینان پرۆژەیەكی ئاراستەی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستانی كردوە، لەرێگای ئەو پرۆژەیە ژمارەیەكی زۆر لە یەكەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی كوردستان دروستدەكرێت، ئەو یەكانەش دەدرێت بە خەڵكی كرێچی و كەمدەرامەت، بەجۆرێك پارەكەی بۆ ماوەی چواردەساڵ تەواو دەبێت و مانگانە تەنیا سەد دۆلار دەدرێت.وتیشی: ئەوەی لەسەر حكومەتی هەرێم پێویستە تەنیا دابینكردنی زەویی دەبێت، ئەوەی دیكە واتا سەرجەم پرۆژەكە بە خزمەتگوزارییەكانەوە لەلایەن وەبەرهێنەكەوە جێبەجێ دەكرێت.

كۆرۆنا كاریگەری كردۆتە سەر دۆخی كرێنیشینانیش
مەحمود ئیسماعیل مەحمود لەبارەی كاریگەری رەوشی دارایی و ئابووری لەسەر كرێنیشینان وتی: بەدڵنیاییەوە بارودۆخی خراپی ئابوری و دارایی هەرێم و پەتای كۆرۆنا كاریگەری زۆری كردۆتە سەر كرێنیشینان و رێژەكەی بەرزكردۆتەوە، بەجۆرێك لە كاتی ئێستا لە زیاتر نەوەد هەزار كەس وەك كرێچی ناویان لە كۆمەڵەی كرێنشینانی كوردستان تۆماركراوە، بەڵام ژمارەی راستەقینەی كرێنشینەكان لە كوردستان زۆر زیاترە.

كەرتی هەشتی حەسارۆك بۆتە گرفتێكی گەورە
لەبارەی كێشەی هاوڵاتیانی كرێنشین و خاوەن زەوییەكانی كەرتی هەشتی حەسارۆك لە هەولێر وتی: ئێمە نیگەرانین لەوەی رێگا نادارێت زیاتر لە شازدەهەزار پارچە زەوی بكرێت بە خانوو، كە ماوەی زیاتر لە هەژدەسالە دابەشكراوە و خاوەنەكانیان تاپۆیان هەیە، ئەمەش لەكاتێكدا ساڵانە باج لە خاوەنەكانیان وەردەگیرێت .ئاماژەی بەوەشكرد: بەدروستكردنی خانوو لەسەر ئەو زەوییانە بەشێك لە كێشەی كرێنیشی لە سنوری پارێزگای هەولێر چارەسەر دەبێت، بەتایبەتی ئێستا زەوییەكانی كەرتی هەشتی حەسارۆك بۆتە گرفتێكی گەورەیە، وەك چۆن لە رابردوو خانووەكانی گوندی كۆری لە هەولێر كێشەی بەشێك لەهاوڵاتیان بوو، دواتر چارەسەركرا، وتیشی بەبۆچوونی تایبەتی خۆم بەهۆی ئەوەی لەكاتی ئێستا زەوییەكانی ئەو شوێنە كەوتۆتە ناوچەیەكی ستراتیجی شاری هەولێر، گومان دەكەن لەوەی حكومەت یان ئیدارەی پارێزگای هەولێر نیازی هەبێت بۆ پرۆژەی دیكە بەكاری بهێنێت، بەڵام بەدووری دەزانم خەڵكی دەست بەرداری زەویەكانیان بن لەو شوێنە، بۆیە باشترە حكومەتی هەرێم رێگاچارەیەك بدۆزێتەوە و رێگا بە خاوەنەكانی بدات خانوەكانیان دروست بكەن، كە مافێكی سروشتی خۆیانە.

 173 جار بینراوە