سەرەکی » وتار » ئاشتبوونەوە لەگەڵ قەتەر

ئاشتبوونەوە لەگەڵ قەتەر

عەبدولرەحمان ئەلراشد*

و: تارا شێخ عوسمان

ئەڵبەتە ئەوە ناكۆكییەكی سیاسی ڕووتە نەك عەقیدەیی، دواجار هیچ پاساوێك نییە بۆ ئەوەی وا وێنابكرێت كە ئەوە پاشەكشێیە یان شكست یان كورتهێنانە لەپێشبینیەكاندا، هەروەها ئاشتبونەوە مانای ئەوە نییە كە پەیوەندی پچڕانەكە هەڵەبووە.

پەیوەندی پچڕانەكە لە(5)ی حوزەیرانی(2017) دا بوو و لە(5)ی كانوونی دووەمی (2021) ئاسایی بووەوە، ئەمەش ماوەیەكی زۆرە بەبەراورد بە قەیرانەكانی پێشووی كەنداو، هەرچەند ناكۆكییەكان تووندبوون، بەڵام بەپێچەوانەی هەموو ناكۆكییە هەرێمییە هاوشێوەكان كە زۆرجار خوێناوین، یەك گولە لەسنوورەوە نەتەقێندرا.

لەو بڕوایەدام، لەماوەی ئەو چل مانگەی ڕابردوودا قەتەر هەموو ئەو شتانەی جێبەجێكردووە كە چاوەڕوان دەكرا لێی، بەشێوەیەك سەرانی (ئیخوان) ئەو وڵاتەیان جێهێشت و بەنزیكەییش زۆربەی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو چوار وڵاتەی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ دەوحەدا پچڕاندبوو لەو وڵاتە نەمان، هەروەها قەتەر بەیارمەتی دەسەڵاتدارانی دارایی ئەمریكا سیستمی بانكیی خۆی كە ببووە مایەی كێشە چاككرد، ئیدی گوێشمان له‌پێدانی (فدیه- پاره‌‌) نه‌بوو و پشتیوانی دارایی ئەو گروپانەشی نەكرد كە لە ناو ئەو وڵاتانەدان کە پەیوەندی لەگەڵیاندا پچڕاندبوو.

ئیدی فەتوا نەبوو و پشتیوانی دارایی گروپەكانیشی نەكرد كە لە ناو ئەو وڵاتانەدان كە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پچڕاندبوو.

هەروەها قەتەر زۆربەی کاری ڕاگەیاندنی خۆی لە دەوحەوە گواستەوە بۆ وڵاتانی تر، بۆیە سەرنج دەدەین قەتەرییەكان مەودایەكی باشیان بڕی بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئەو چوار دەوڵەتەی لێی تووڕەبوون.

لەبەرئەوە دەتوانین بڵێین بەستنی لوتكەكە شایستەیە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو ناكۆكییانەی هێشتا ماون، بۆ ئەوەی ژیانی ئاسایی دەستپێبكاتەوە.

كێشەكە گەورەو چارەسەركردنی مەحاڵ دەبێت، كاتێك سەقفی چاوەڕوانییەكان بەرزدەكەینەوە لەسەر ئەرزی واقیع کە ئیعتیباراتی خۆی هەیە، ڕەنگە ئاشتبوونەوەكەش هەموو هیواكانمان بەدی نەهێنێت، بەڵام بەهەنگاوێكی ئەرێنی هەژماردەکرێت بۆ هەموان و ڕەنگە لەمانگەكانی داهاتوودا هەنگاوی تری بەدوادابێت، كە ئاستی هاریكاریی نێوان ئەو پێنج دەوڵەتە واتە (قەتەر و سعودیە و بەحرەین و میسر و ئیمارات) زیاتربكات، ئەم رێككەوتنانەش ڕەنگدانەوەی خۆیان دەبێت لەناوچەکەدا كەشوهەوای ئاشتبوونەوە لەنێوان هەموو وڵاتانی هەرێمی لەناوچەكەدا باشتردەكات، کە زۆرجار ململانێ و ناکۆکییەکانی کەنداو کاریگەری بەسەریانەوە هەیە، وەکو چۆن لەهەندێک ناوچەی جێ ناکۆک بەرچاومان دەکەوێت.

هەروەکو چۆن میر محەمەد بن سەلمانی جێنشینی شای سعودییە ئاماژەی پێداوە و دەڵێ «سیاسەتی جێگیر و بەردەوامی برایانتان لە شانشینی سعودیە…. ئەنجومەنێکی هاریكاریی كەنداوی یەكگرتوو و بەهێز له‌ئه‌وله‌وییه‌تی كاره‌كانیدایه‌«.

ئەگەر ئەو مامەڵەو رۆحەی لەشاری مێژوویی (عولا) بەرچاومان کەوت بەردەوام بێت، ئەوا خودی ئەنجومەنی كەنداو گەر كارابكرێتەوە، ئەوا گردبونەوەیەكی بەهێز و كاریگەرە، هەرچەندە به‌رده‌وام بەدەست ناکۆکی و درز لە ریزەکانی‌ ناڵاندوویەتی، لێرەدا نامەوێت زیادەڕۆیی لەچاوەڕوانییەکان بۆ ئاشتبوونەوەكە بكەم، بەڵام ئەمە هەنگاوێكی ئازایانەو گرنگە و نابێت جێبهێلدرێت بۆ خراپەكاران لەدەرەوە و ناوەوەی كەنداو، كە ساڵانێكی دورودرێژ هەوڵیاندا بۆ تێكدانی ئەو پەیوەندییانە، چونکە لەبنەڕەتدا هیچ هۆكارێکی لۆژیكی نییە پاڵ بەم وڵاتانەوە بنێت بۆ ململانێی.

* میدیاكار و ڕۆشنبیری سعودی و سەرنووسەری پێشووی ڕۆژنامەی (الشرق االاوسط) و بەرێوەبەری گشتیی پێشووی كەناڵی ( العربیە).

سەرچاوە: رۆژنامەی (الشرق الاوسط) ژمارە (15380)ی 6ی کانوونی دووەمی 2021

 80 جار بینراوە