سەرەکی » ئەدەب و هونەر » به‌رچایی له‌ كه‌شێكی ئارامدا

کورتەچیرۆک

به‌رچایی له‌ كه‌شێكی ئارامدا

ئیڤا دێر*

له‌ فارسییه‌وه‌: محه‌مه‌د كه‌ریم

وه‌كو هه‌موو رۆژێكی دیكه‌ چووم بۆ لای (لویز) بۆ ئه‌وه‌ی قاوه‌كه‌م بخۆمه‌وه‌ و رۆژنامه‌ بخوێنمه‌وه‌. (لویز) له‌ ته‌نیشت مه‌یدانی (سان ئیپفر) كه‌ مه‌یدانێكی ئارام و بژوێنی ناوه‌ڕاستی شاره‌، رێستۆرانتێكی بچووك به‌ڕێوه‌ ده‌بات. شه‌قامه‌كانی ناوه‌ڕاستی شار زۆر باریكن، بۆیه‌ ناتوانن ئوتومبیلی زۆر له‌ خۆبگرن. ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی خۆشحاڵیی لات و بێ ئیشه‌كانی ئه‌م به‌شه‌ی شار.

به‌یانیان زوو له‌ خه‌و هه‌ڵده‌سم. هێشتا سه‌عات حه‌وت نه‌ببوو كه‌ چوومه‌ به‌له‌كۆنه‌كه‌. به‌یانییه‌كی زۆر ئارامی مانگی مایسه‌، تاڕاده‌یه‌ك له‌ بێده‌نگیدا چێژ له‌ رووناكی خۆر ده‌بینم. حه‌زناكه‌م هیچ كام له‌م ساته‌وه‌خته‌ ده‌ڵه‌مه‌ و تیژتێپه‌ڕانه‌ له‌ كیسی خۆم بده‌م. ئه‌و ساته‌وه‌ختانه‌ی مێشك له‌ هه‌موو یاده‌وه‌رییه‌ك خاڵییه‌ و هێشتا ئاگای له‌ ئێش و ئازاره‌كانی دنیا نییه‌. له‌م حاڵه‌ته‌دا، مێشك له‌ كاتی به‌رچاییدا له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌توانێت چێژ له‌ به‌خته‌وه‌ریی راسته‌قینه‌ و تیژتێپه‌ڕ ببینێت. من ته‌مه‌نم حه‌فتا ساڵه‌، ده‌زانم ئیتر بۆ پیرێكی وه‌ك من ته‌مه‌نی ئه‌و به‌یانییه‌ جوانانه‌ به‌سه‌رچووه‌.

لویز-یش به‌یانیان زوو له‌ خه‌و هه‌ڵده‌سێت. به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویست به‌وه‌ بكات داوای بكه‌م، وه‌كو نه‌ریتی رۆژانه‌ی خۆی قاوه‌یه‌كی (ئیسپرسۆ)ی ده‌بڵ و رۆژنامه‌كه‌م بۆ ده‌هێنێت. ئێمه‌ له‌ مناڵییه‌وه‌ یه‌كتری ده‌ناسین، پێكه‌وه‌ چووینه‌ته‌ قوتابخانه‌. قوتابخانه‌كه‌ سێ شه‌قام له‌ولاتره‌وه‌یه‌. دایك و باوكیشمان یه‌كتریان ده‌ناسی.

ماڵی لویز پێشتر كافتریایان هه‌بوو. باوكم پێڵاوی دروست ده‌كرد. خێزانه‌كانی ئێمه‌ خه‌ڵكانێكی ساده‌ و ساكار بوون، پێش ئه‌وه‌ی هیتله‌ر خۆی كه‌ر بكات و په‌لاماری پۆڵه‌ندا بدات، نیشتمانی خۆیان به‌جێهێشتبوو. لویزیش به‌ ئه‌سڵ خه‌ڵكی پۆڵه‌ندایه‌. دایك و باوكی لێره‌ نیشته‌جێ بوون، دایك و باوكی منیش ماوه‌یه‌ك دوای ئه‌وان لێره‌ دایانكوتا. مرۆڤه‌ هه‌ژاره‌كان، كار و كاسپی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یان هه‌یه‌. كافتریا ساڵانێك دوای ئه‌وه‌ هاته‌ ئاراوه‌. خێزانه‌كانی ئێمه‌ ته‌نیا كه‌سانێك نه‌بوون كه‌ له‌ نیشتمان و شوێنی له‌ دایكبوونیان رایانكردبێت. شێوه‌زاری ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ ره‌سه‌نایه‌تیانی ئاشكرا ده‌كرد، ئیتر له‌ ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵات و ئیسپانیا و ئیتالیاوه‌ هاتبن یان له‌ شوێنی دیكه‌وه‌. ئه‌م هه‌ڵاتنه‌ په‌یوه‌ندی به‌سه‌رده‌می پێش مۆسۆلینی و فرانكۆ … هه‌یه‌. به‌ڵام من بۆچی ئه‌م قسانه‌ت بۆ ده‌كه‌م؟ من ته‌نیا ده‌مه‌ویست وه‌كو ئه‌و گۆرانییه‌ی كه‌ به‌هه‌مان ناوه‌وه‌یه‌ (به‌رچایی له‌ كه‌شێكی ئارامدا) به‌رچایی له‌ كه‌شێكی ئارامدا بخۆم.
ئاخ! به‌هۆی رووداوه‌كانی دوێنێوه‌یه‌. هه‌ندێ جار شریتی خه‌یاڵم ده‌قرتێ…
دوێنی به‌یانی… سه‌روسه‌كوتی ئه‌و كابرایه‌ په‌یدا بوو. ره‌نگی پێستی مات، قژ ره‌ش و ریشن بوو.

كه‌ لویزم بینی ناوچه‌وانی دابوو به‌یه‌كدا: هه‌میشه‌ رقی له‌ مرۆڤی ریشنه‌. ده‌زگیرانه‌كه‌شی ریشی هه‌بوو-باسی نزیكه‌ی په‌نجا ساڵ پێش ئێستاتان بۆ ده‌كه‌م- كاتێ رازی بوو زه‌ماوه‌ند له‌گه‌ڵ ده‌زگیرانه‌كه‌ی بكات كه‌ ئه‌م ره‌مزی پیاوێتییه‌ی تاشی. ئه‌و كابرایه‌- پیاوێكی گه‌نج بوو-بێ ئه‌وه‌ی جورئه‌ت بكات دانیشێت به‌ده‌وری به‌له‌كۆنه‌كه‌دا ده‌خولایه‌وه‌. به‌ سه‌ر و سه‌كوت و به‌وه‌دا كه‌ ره‌نگی پێوه‌ نه‌مابوو، ئاشكرا بوو كه‌ شه‌وی رابردووی له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌سه‌ر بردووه‌. جوان دیاربوو كه‌ خه‌ریكه‌ له‌ برسا ده‌مرێت. بۆیه‌ ئاماژه‌م بۆ كرد بێته‌ سه‌ر مێزه‌كه‌ی من، به‌ڵێ، مێزه‌كه‌ی من! مێزه‌كه‌م له‌ بن داربه‌ڕوویه‌كی گه‌وره‌دایه‌ كه‌ گه‌ڵاكانی خه‌ریكه‌ رووی پێشه‌وه‌ی بیناكه‌ داده‌پۆشن. باشترین شوێنه‌ كه‌ با نایگرێته‌وه‌ و سه‌رمات نابێت، یانی په‌نا بایه‌. ئێ خۆ كه‌ش و هه‌واش خۆشه‌، به‌ڵام هێشتا سارده‌. لویزم بانگ كرد و له‌ كاتێكدا ئاماژه‌م بۆ قاوه‌ و نان و كه‌ره‌ ده‌كرد، وتم هه‌ر له‌مانه‌ بێنه‌!
لویز خراپ سه‌یری ئێمه‌ی ده‌كرد! پێشان پێم وتن، لویز قسه‌ زۆر ناكات، به‌ڵام چاوانی له‌ بری زمانی قسه‌ ده‌كه‌ن. بێ ئه‌وه‌ی ده‌م بكاته‌وه‌. منی دایه‌ به‌ر نه‌شته‌ری ره‌خنه‌.

-خه‌ریكی چ گوویه‌ك ده‌خۆیت؟ حه‌قت چییه‌ به‌سه‌رییه‌وه‌. نابێت هه‌موو كه‌سێك داوه‌ت بكه‌یت!
دڵنیام لویز به‌ شێوه‌یه‌كی میكانیكی سه‌نده‌ویچێكی ده‌دا به‌ كابرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی وه‌كو نێوانگیرێك ره‌فتار بكه‌م و به‌ زۆر ئه‌وه‌ی به‌سه‌ردا بسه‌پێنم كه‌ به‌ چ شێوازێك ره‌فتار بكات و به‌ جۆرێك خۆم له‌ ئیشه‌كه‌ی هه‌ڵقورتێنم، ئه‌وه‌ شتێكه‌ ناتوانێت ته‌حه‌مولی بكات.

كه‌ به‌رچاییه‌كه‌ی له‌سه‌ر مێزه‌ خڕه‌كه‌ دانا، له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر نزیكه‌وه‌ ته‌حه‌مولی نیگای ئاگراویی چاوه‌ شینه‌كانیم ده‌كرد.

به‌ ریتمێكی جدی كه‌ جار به‌جارێك به‌كاری ده‌هێنێت وتی: پێنج یۆرۆ.

لویز هیچ كاتێ پاره‌ له‌ من وه‌رناگرێت، چونكه‌ هه‌ر كاتێ شتێك چاك بكاته‌وه‌ یان به‌رمیله‌ بیره‌ بخاته‌ ژێر ئامێری فشاره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی غازی تێبكات، یارمه‌تی ده‌ده‌م.

پیاوه‌ گه‌نجه‌كه‌ سوپاسی كردین. من بزه‌یه‌كم بۆ كرد و لویزیش له‌ رووی ئه‌ده‌به‌وه‌ سه‌رێكی بۆ له‌قان. كابرا وای هه‌ست كردبوو لویس به‌ڕێوه‌به‌ری كافتریا و مێردی ژنێكی خوێن تاڵه‌.

ته‌مه‌نی چه‌ند ساڵ بوو؟ بیست ساڵێك ده‌بوو. هه‌وڵم دا بیهێنمه‌ قسه‌. چیرۆكی ژیانی خۆی بۆ باسكردم به‌ڵام به‌ زمانی ئینگلیزی. له‌ناو قسه‌كانیدا وشه‌ی په‌ڕاگه‌نده‌ی وه‌كو سوریا، به‌ریتانیا، خێزان-م چنگ كه‌وت-هه‌موو ئه‌و وشانه‌ی له‌ راپۆرته‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌كاندا به‌رگوێمان ده‌كه‌ون-.

ده‌توانیت بڵێیت پێویستی به‌وه‌ بوو یه‌كبینه‌ -ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ پیره‌مێردێكی وه‌كو منیشدا كه‌ ته‌نیا به‌ فه‌ره‌نسی قسه‌ ده‌كات و زۆر جار ره‌سه‌نایه‌تی پۆڵه‌ندایی خۆشی له‌بیر ده‌كات- قسه‌ بكات. له‌گه‌ڵ لویزیشدا به‌ ده‌گمه‌ن به‌ زمانی پۆڵه‌ندایی قسه‌ ده‌كه‌ین-ته‌نانه‌ت ئه‌و كاتانه‌ش كه‌ به‌سه‌ر یه‌كدا ده‌نه‌ڕێنین. ئه‌وه‌مان به‌ خه‌یاڵدا نایه‌ت كه‌ به‌ زمانی پۆڵه‌ندایی قسه‌ بكه‌ین. هه‌روه‌كو چاوه‌ڕێم ده‌كرد، هه‌ر كه‌ میوانه‌كه‌م رۆیشت قیژاندی به‌سه‌رما. لویز قسه‌ زۆر ناكات، به‌ڵام كاتێ قسه‌یه‌كی له‌ دڵدا بێت ده‌بێت بیكات و خۆی خاڵی بكاته‌وه‌.

سه‌رنج بده‌ن… ئه‌م جاره‌ به‌ فێڵ یاریم پێكرد. به‌ پۆڵه‌ندایی- به‌ زمانی ئه‌و خێزانانه‌مان كه‌ له‌وێ ماونه‌ته‌وه‌- وه‌ڵامم دایه‌وه‌. لویز چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌كرد غافڵگیر بوو. لویز نه‌ مرۆڤێكی گێله‌ و نه‌ خراپ. لویزی له‌مه‌ڕ خۆمان ته‌نیا مرۆڤێكی مۆنه‌، هه‌میشه‌ مۆنه‌.

هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كوڕه‌كه‌ی … ئاخ! دیسان خه‌ریكه‌ له‌ناو روونكردنه‌وه‌ی جیاوازدا نغرۆ ده‌بم … له‌ ده‌رفه‌تێكی تردا بۆتان باس ده‌كه‌م. كورتییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌، كوڕه‌كه‌ی، بوو به‌ مرۆڤێكی خراپ. باشه‌، سه‌باره‌ت به‌ كوڕه‌كه‌ی دیكه‌ی، ته‌قریبه‌ن هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی كوڕه‌كه‌ی تریدا بوو، ئه‌و كاره‌ساته‌ روویدا… لویز له‌ راده‌به‌ده‌ر تووڕه‌ بوو.

كه‌ گوێی لێبوو من به‌ پۆڵه‌ندایی قسه‌ ده‌كه‌م، وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌مێك سه‌راپای وجودی داگیر كردبێت. باش له‌وه‌ تێگه‌یشت كه‌ وشه‌كان له‌ رێگایه‌كی دووره‌وه‌ هاتوون. ئه‌م وشانه‌ ئه‌وه‌یان به‌یاد هێنایه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ش خه‌ڵكی شوێنێكی دیكه‌ین.

پێم وت، ده‌رفه‌ت به‌ ئینسان بده‌. له‌ به‌ریتانیاش وه‌كو ئێره‌، ماوه‌یه‌كی زۆری پێده‌چێت هه‌تا ئه‌م گه‌نجه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی خۆیدا خۆی ده‌گونجێنێت و خۆی سه‌قامگیر ده‌كات. بواری پێبده‌، چونكه‌ رۆژگار له‌به‌رده‌می ئه‌ودایه‌، تازه‌ رۆژگار بۆ ئێمه‌مانان هێنده‌ی نه‌ماوه‌، كه‌واته‌ چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر بتوانین یارمه‌تی كه‌سێك بده‌ین …

لویزی له‌مه‌ڕ خۆمان، بێ ئه‌وه‌ی وه‌ڵامێك بداته‌وه‌ به‌ره‌و چێشتخانه‌كه‌ی رۆیشت. به‌ڵام هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و چه‌ند دڵۆپه‌ فرمێسكه‌ی سڕییه‌وه‌ كه‌ به‌ چاوانیدا هاتبوونه‌ خوارێ.
نابێت زوو بڕیار له‌سه‌ر مرۆڤه‌كان بده‌ین… ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ زۆر ئاڵۆزه‌.

* چیرۆکنووسێکی فەرەنسییە.

سه‌رچاوه‌: Nebesht.com

 354 جار بینراوە