سەرەکی » ئابووری » لە گەرمیان دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا دەخرێنەكار

یەكەمجارە لە ناوچەكەدا كارەبا بەرهەم دەهێنرێت

لە گەرمیان دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا دەخرێنەكار

ئا: یادگار عەلی

لە گەرمیان دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا دەكرێتەوە و بەو هەنگاوەش، بۆ یەكەمجار لە ناوچەكەدا كارەبا بەرهەم دەهێنرێت.

وەفدێكی وەزارەتی كارەبای هەرێم كە پێكهاتبوون لە وەزیر و بریكاری وەزیری كارەبا، بەڕێوەبەری گشتیی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێمی كوردستان و چوار بەڕێوەبەری گشتیی كارەبا، سەردانی گەرمیانیان كرد و لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، ئامانجی سەردانەكە خرایەڕوو.

كەمال محەمەد، وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سەرباری قەیرانی دارایی و تەندروستی، بە هاوكاری سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە بڕی زیاتر لە پێنج ملیار دینار پڕۆژەی بواری كارەبا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان جێبەجێكراوە.

وتیشی: «لەو ماوەیەدا توانیومانە (51) هەزار فیدەر كارەبای زیرەك دابنێین، هەروەها پڕۆژەی وێستگەی بەرهەمهێنانی (25) مێگاوات كارەبا لەگوندی (ساڵح ئاغا) و راكێشانی كارەبای (33 كەی ڤی) بە درێژایی حەوت كیلۆمەتر رابكێشین، لەگەڵ گۆڕینی بەشێكی زۆر لە هێڵی كارەبا».

وەزیری كارەبای هەرێم ئاماژەی بەوەشكرد، لەمانگی نیسان بۆ حوزەیرانی ئەمساڵ، پڕۆژەی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا كە بە غازی سروشتی بیرە نەوتەكانی حەسیرە كار دەكات و توانای بەرهەمهێنانی (165) مێگاوات كارەبای هەیە، دەكەوێتەكار، ئەوە بێجگە لەوەی وێستگەیەكی تری بەرهەمهێنانی كارۆئاویش بەبڕی (50) مێگاوات لە بواری جێبەجێكردندایە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بە تەواوبوونی ئەو دوو پڕۆژەیە، بۆیەكەمجار لە گەرمیان كارەبا بەرهەم دەهێنرێت.

لای خۆیەوە، جەلال نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە وەكالەت ئاماژەی بەوەكرد، داواكارینامەیەكی (12) خاڵی تایبەت بە گرفت و پێداویستییەكانی بواری كارەبایان لە گەرمیان داوەتە وەفدەكەی وەزارەتی كارەبا و بەڵێنیانداوە، بەپێی توانای بەردەست، جێبەجێیان بكەن.

 89 جار بینراوە