سەرەکی » وتار » نه‌وزادى موهه‌ندیس‌ » مەكتەب و دەزگاكان لە پەیڕەوی ناوخۆدا…

بەرەو بەستنی كۆنگرەی گشتی چوارەمی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان

مەكتەب و دەزگاكان لە پەیڕەوی ناوخۆدا…

مەكتەبی شەهیدان و دەزگای خزمەتی پێشمەرگە و تێكۆشەرە دێرینەكان و مەكتەبی كۆمەڵایەتی

• لەبەشی شەشەم (( مەكتەب و دەزگاكان)) لە پەیڕەوی ناوخۆدا باسكراوە و لە چوارچێوەی مادەكانی ((47 تا65))دا باسی هەریەكە لە (( 12 )) مەكتەب و دەزگاكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی كردوە و بەڕوونی باسی لە ئەرك و دەسەڵاتەكان و چۆنێتی بەڕێوەبردنی ئەو مەكتەب و دەزگایانەی كردوە.
• لەم بەشەی وتارەكەماندا ئیستێك لە سەر ئیشوكار و ئەرك و دەسەڵاتەكانی هەردوو ((مەكتەبی شەهیدان و دەزگای خزمەتی پێشمەرگە و تێكۆشەرە دێرینەكان و مەكتەبی كۆمەڵایەتی )) دەكەین كە لە مادەكانی((57 و 58و 64))ی پەیڕەوی ناوخۆدا باسیان لێوەكراوە.
ئاشكرایە كاری هەردوو ((مەكتەبی شەهیدان و خزمەتی پێشمەرگە وتێكۆشەرە دێرینەكان)) زۆر لەیەكتری نزیكن و دەكرێت لە چوارچێوەی تەرشیقكردنی حیزب و بەسەرداچوونەوەی كار و چالاكیەكانیان و كەمكردنەوەی ژمارەی كادر و بارەگاكان بەمەبەستی زیادكردنی داهات و ڕێكخستنەوە و كەمكردنەوەی خەرجیەكان و وەك خۆگونجاندنێكیش لەگەڵ قۆناغی ئایندە و نوێدا ، كە لەلایەك یەكێتی بكرێتە حیزبی هەڵبژاردن و خزمەتكردن بە سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگا و هەوڵدان بۆ ئەوەی بۆ ئایندە حكومەت بكرێتە حكومەتی هاوڵاتیان و تاكی كورد ببێتە پنتی سەرەكی لە هەموو پلان و سیاسەت و بەرنامەكاندا ،چونكە دەنگی تاك بەتاكی كۆمەڵگا گرنگە بۆ سەرخستن و هەڵبژاردنی حیزب و مانەوەشی لە دەسەڵاتدا ،چونكە هیچ حیزبێك تەنها بە دەنگی ئەندام و لایەنگرانی خۆی ناتوانێت سەركەوتنی گەورە بەدەستبهێنێت بەبێ‌ لایەنگری و وەدەستهێنانی دەنگی زۆرینەی جەماوەری بێ‌ لایەن لە كۆمەڵگادا.بۆیە چی دەكرێت دەبێت یەكێتی سیاسەت و بەرنامە و پڕۆگرامی ئایندەی دوور و نزیكی بەو ئاڕاستیە دابڕێژێت،لەلایەكی تریشەوە ئەوەی پەیوەستە بە شەهیدان و خانەوادە سەربەرزەكانیان و نەوەكانیشیان لەگەڵ پێشمەرگە دێرین و تێكۆشەرە دێرینەكاندا هەموانیان توانراوە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە مووچە و دەرماڵە و زەوی و جێگەی نیشتەجێبونیان بۆ دابین بكرێت و ئەركی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریەكان دەبێت تەنها لەسەر ئەستۆی حكومەتی هەرێم بێت وەكو دەزگا و دەسەڵات و خاوەن یاساوڕێسا و بودجە،بۆیە هیچ حیزبێك و بەتایبەتیش یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە خاوەنی 20 هەزار شەهید و كەمئەندام و زیندانیانی سیاسی وپێشمەرگە و تێكۆشەری دیرێنە،ناتوانێت لە قۆناغی ئایندەدا وەكو پێویست بەدەم داواكاریەكانی ئەو ژمارە زۆرەوە بێت، ئەوەی ئەركی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و هەرحیزبێكی تریشە كە داكۆكی لەماف و ئیمتیازات و داواكاریە ڕەواكانی خانەوادە و نەوەكانیان بكات و پشتگیریان بكات بۆ سەندن و وەرگرتنی ئەو مافانە.
بۆیە دەكرێت ئەم مەكتەب و دەزگایە هەردووكیان لە یەك ئۆرگانی نوێدا كۆبكرێنەوە وبەم شێوەیەشی زیاتر دەتوانرێت جەستە و ئەركی یەكێتی سووكتر و گورجوگۆڵتر بكرێت و بەشایستەترین شێوەش خزمەتیان پێشكەش بكات.
• ئەوەی تایبەتە بە مەكتەبی كۆمەڵایەتی، دەكرێت ئەم مەكتەبە هەڵبوەشێنرێتەوەو بكرێتە بەشێك لە مەڵبەندەكان و ئەوكار و ئەركەی كە ئێستا دەیكات،ئەوكات لەچوارچێوەی مەڵبەندەكان و لەناوچەكانی خۆیاندا دەتوانن باشتر و چالاكانەتر ئیشوكار و خەباتی خۆیان بكەن و هەر بەمەش یەكێتی دەتوانێت باشتر بچێتەوە ناو جەماوەر و لەكێشە و گرفتەكانیان بەئاگا بێت و لەلایەكی تریشەوە مەڵبەند و كادرەكانیش لەناوچەكانی خۆیاندا سەنگ و قورساییان بۆ دەگەڕێتەوە و ڕێكخستنەكانیش زیاتر بەرچاوتر و گەشەكردوتر دەبن.
بوونی ئەم مەكتەبە لە بنچینەدا لەگەڵ سروشتی كار و ئاڕاستەی فكری و ڕێبازی یەكێتی وەكو حیزبێكی سۆسیال دیموكرات و هەڵگری دروشمی سەروەری یاسا و كۆمەڵگەی مەدەنی و حكومەتی دەستوریدا تاڕادەیەك وێكنایەتەوە،هەرچەندە كۆمەڵگای كوردەواری وەك كۆمەڵگایەكی ئاینی و كۆنەپارێز و خێڵەكی و پابەند بەدابونەریتە كۆمەڵایەتیە كوردەواریەكان و نزمی ئاستی هوشیاری كۆمەڵایەتیان وادەكات كە ئەم مەكتەبی كۆمەڵایەتیە بمێنێت و لەڕابووردوشدا كار و چالاكی و خزمەتی باشی پێشكەش كردوە،بەڵام بەهەمان شێوە بۆ قۆناغی ئایندە دەكرێت لە پڕۆسەی چاكسازی و بەسەرداچونەوە و ڕێكخستنەوەی نێوماڵی یەكێتیدا ئەم مەكتەبە بكرێتە بەشێك لە مەڵبەندەكان.
• تایبەت بە مەكتەبی پەیوەندیە گشتیەكان كە لەمادە((59)) هاتوە، كە هەریەكە لە مەكتەبی پەیوەندیەكانی دەرەوە و نیشتیمانی و كوردستانی دەگرێتەوە، هەرچەندە ئەم مەكتەبە زۆر گرنگ و پێویستە بۆ یەكێتی و بۆ دروستكردنی ڕایەڵەی پەیوەندی دۆستانە و گەرموگوڕ لەگەڵ حیزبە سیاسیەكانی هەرێم و كوردستانی گەورە و عێراق و ناوچەكە و دونیاش،لەڕێگەی سەردان و بەشداریكردنی كۆڕ و كۆبونەوە و كۆنگرەكانیان و هاوكاری و هەمئاهەنگی لەگەڵیاندا لەسەر پرسە ناوخۆیی و نەتەوەیی و نیشتیمانی و عێراقی و ناوچەكە و دونیاش، چونكە یەكێتی وەكو حیزبێكی گەورە و كاریگەر و خاوەن نفوز و پێگەی سیاسی و ئابوری و سەربازی و جەماوەری پێویستی بە تۆڕێكی بەرفراوان و بەهێز هەیە لە پەیوەندیە هەمەجۆرەكانیدا،و یەكێتی بە حوكمی ئەوەی كە لەئێستادا بۆتە ئەندامی كارای ڕێكخراوی سۆسیال ئەنتەر ناسیوناڵ،ئەركێتی كە پەیوەندی توندتۆڵی لەگەڵ هەموو ئەو حیزبە سیاسیانەدا هەبێت كە ئەندامن لەو ڕێكخراوەدا و یەكێتی لە ئێستادا لە جوغز و چوارچێوەی تەسكی كوردستانی و عێراقی و ناوچەیی دەرچوە و بۆتە ئەندامی یەكێك لەگەورەترین ڕێكخراوە بەدەسەڵات و گەورە و كاریگەرەكانی دونیا كە ئەویش نمایندەی هەموو ڕەوت و ئاڕاستە چەپ و لیبڕاڵ و دیموكرات و سۆسیالیستەكانی دونیا دەكات لەهەر 7 كیشوەركەدا، و گرنگی ئەم پەیوەندیانە و هێشتنەوەی بەگەرموگوڕی بۆ ئایندەی مەسەلەی كورد زۆر گرنگە بۆ ناو كۆڕو كۆبونەوە نێودەوڵەتیەكان ،بەتایبەتیش زۆرێك لەو حیزبانە لەدەسەڵات و ناوەندی بڕیاری وڵاتەكانیاندان.بۆیە گەرەكە ئەم مەكتەبە لە ڕابووردوو زیاتر گرنگی پێبدرێت ئەوەش بە پشتیوانی و هاوكاریكردنیان و تێكەڵكردنیان بە كادری نوێ‌ و بەتوانا و زمانزان و خاوەن پەیوەندی فراوان،بۆیە كار و ئەركی ئەم مەكتەبەش بەهەمان شێوە دەكرێت هەم گۆڕانكاری و هەمیش چاكسازی و بەسەرداچوونەوەی بۆ بكرێت.
• ڕاستە یەكێتی حیزبێكی گەورەیە و دەبێت ئۆرگانی پێویستی هەبێت بۆئەوەی ڕابگات بە ئیشوكار و ئیدارەدانی خۆو و دەرەوەی خۆشی لەكۆمەڵگادا،بەڵام هیچ پێویست ناكات كە لەشكرێك لە كادری بەموچە و ئیمتیازاتی هەبێت و هیچ پێویست بەم ژمارە زۆرەی بارەگا و كادر ناكات كەهەموانیان دەتوانن بە ژمارەیەكی كەم و پوخت بەڵام چالاك و هەڵسوڕاو هەمان ئەرك جێبەجێ‌ بكەن.لای هەموان ئاشكرایە لە ئایندەی عێراقدا،پێدەچێت هێواش هێواش ڕۆڵ و كاریگەری و هەژموونی حیزبایەتی كەم ببێتەوەو كاڵیشیش ببێتەوە لەكاتێكدا حیزب و كاری حیزبایەتی تەنها لە چوارچێوەیەكی تەسكدا قەتیس دەبێت و لەجیاتی حیزب حكومەت و دەسەڵاتی یاسا هەژمونی خۆی دەسەپێنێت و كاری حیزب تەنها لەكاتی هەڵبژاردنەكان و لەناو پەڕلەمان و حكومەت دەتوانێت خزمەت بەلایەنگران و كۆمەڵگاش بكات،هەربۆیە حیزب نابێتە خاوەنی دەسەڵات و داهاتی زۆر و لەوكاتەشدا ناتوانێت وەڵامی هەموو داوا و داخوازیەكانی لایەنگرانی بداتەوە،بۆیە دەبێت حیزبی سیاسی تەنها هەوڵی وەرگرتنی دەسەڵات و بەشداریكردنی بكات بۆئەوەی لەو ڕێگەیەوە بتوانێت خۆی و جەماوەرەكەشی لەخۆی ڕازیبكات و بەهێزیشی بكات.
• لەم پێناوەدا بەستنی كۆنگرەی چوارهەمی گشتی و گەنگەشەكردنی هەموو ئەم بیرۆكە و خوێندەوانە بۆ ئایندە،دەیسەپێنێت كە یەكێتی لەم كۆنگرەیەدا بەباشی خۆی ڕێكبخاتەوەو ڕیزەكانی یەك و یەكگرتوو بكات و كۆنگرەی گشتی چوارەهەم بكاتە كۆنگرەی هەستانە و نوێبونەوە و هەنگاونان بەرەو ئایندەیەكی ڕوونتر و گەشتر و بەهێزتر.

print

 3 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*