سەرەکی » زانست » نامەیەكی دڵداری جەنگی دووەمی جیهان دەخرێتەڕووپەڕە 27

نامەیەكی دڵداری جەنگی دووەمی جیهان دەخرێتەڕوو

كەشتیی نوح

پسپۆڕان توانییان دەقی نامەیەكی دڵداریی سەردەمی جەنگی دووەمی جیهان رێكبخەنەوە و بیخەنەروو.

ئەو پسپۆڕانە سەرقاڵی لێكۆلێنەوەن لەو بابەتانەی لە ناو پارچە تێكشكاوەكانی كەشتی بارهەڵگری(SS Gairsoppa)دا لە نزیك كەنارەكانی ئێرلەندا دۆزراوەتەوە و سەرقاڵی خوێندنەوە و لێكدانەوەی چەند نامەیەكن كە لە بەشی ئاماری كەشتییەكەدا دۆزراوەتەوە لەوانەش نامەیەكی دڵدارییە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی دووەمی جیهان.

ڕۆژنامەی (Irish Times) ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە پسپۆڕان زۆر بەوردی دەقی نامەكەیان خوێندووەەوە كە لەساڵی (1941)دا سەربازێكی گومناو بۆ خۆشەویستەكەی نووسیوە بە ناوی ئیریس و توانیویانە هێما و رەمزی ناوەڕۆكی نامەكە بخوێننەوە و لێی تێبگەن.

لە نامەكەدا سەربازەكە بۆ خۆشەویستەكەی نوسیوە» ئاگات لە خۆت بێت ئازیزم، تەنها لەبەر خۆت نا، بەڵكو لەبەر منیش، با وای بێنینە بەرچاو ئەم جەنگە خوێناوییە بەم نزیكانە كۆتایی دێت».

كەشتیی (SS Gairsoppa) كەشتییەكی بەریتانیی بووە لە كالكۆتای هیندەوە بەرەو لیڤەرپولی بەریتانیا رۆیشتووە و جگە لە سەرنشینەكانی كە ژمارەیان (87) كەس بووە (717) نامەی سەرباز و ئەفسەرانی بەریتانی و چەندین تۆن زیوی باركردووە كە وەك یارمەتی نێردراوە بۆ هێزەكانی بەریتانیا ، بەڵام نەیتوانیوە نە نامەكان بگەیەنێتە شوێنی مەبەست نە زیوەكانیش، چونكە ڕۆژی (16ی شوباتی 1941) ژێردەریاییەكی ئەڵمانیی هێرشی دەكاتە سەرو كەشتیەكە تێكدەشكێت و نقوم دەبێت تەنها یەك كەس لە سەرنشینەكانی رزگاری دەبێت.

پێشتر كۆمپانیایەكی ئەمریكی بواری توێژینەوە و گەڕان لە قووڵایی دەریاكان لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا لە قوڵایی پێنج كیلۆمەتری دەریادا پارچەی تێكشكاوی ئەو كەشتییەیان دۆزیبووەوە و لە ساڵی (2012) شدا نوێنەرانی ئەو كۆمپانیایە لەگەڵ حكومەتی بەریتانیادا رێكەوتن بۆ دەرهێنانەوەی پارچە گرانبەهاكانی ئەو كەشتییە باریكردبوون .

لەو پرۆسەیەشدا توێژەرەوەكان توانیان (100) تۆن زیو و ئەو نامانەش دەربهێنن كە بەهۆی ئەوەی لە ئەمباری كەشتییەكەدا بە جوانی پارێزرابوون و وەك خۆیان مابوونەوە، بەڵام هەرگیز نەگەیشتن بەو كەسانەی بۆیان نێردرابوو .

لە ساڵی (2018 (شدا هەندێك لەو نامانە لە پێشانگایەكدا خرانەڕوو كە لە مۆزەخانەی پۆستەی بەریتانی لە لەندەن كرابووەوە و بریاریشە ئەو نامەی دڵدارییە و چەند نامەیەكی تریش لە پێشانگایەكی هاوشێوەدا بخرێتەڕوو

سەرچاوە: نۆڤۆستی

 269 جار بینراوە