سەرەکی » وەرزش » بارسێلۆنا له‌ كه‌یسی بارسا گه‌یت هێنرایه‌ ده‌ره‌وه‌ و بارتۆمیۆش بەشێوەیەکی ‌ كاتیی ئازادكرا

بارسێلۆنا له‌ كه‌یسی بارسا گه‌یت هێنرایه‌ ده‌ره‌وه‌ و بارتۆمیۆش بەشێوەیەکی ‌ كاتیی ئازادكرا

چی تر كه‌یسی بارسا گه‌یت په‌یوه‌ندی به‌ یانه‌ی‌ بارسێلۆناوه‌ نه‌ماو دادگاش لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ نهێنی گۆڕی بۆ ئاشكرا و كه‌یسه‌كه‌ له‌مه‌ودوا له‌گه‌ڵ كه‌سه‌كان ده‌بێت و یانه‌ی‌ بارسێلۆنا هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ناكرێت و سزاش نادرێت.

دوای شه‌وێك مانه‌وه‌ له‌ زیندان خوسێ ماریا بارتۆمیۆی سه‌رۆكی پێشووی یانه‌ی بارسێلۆنا و دوو له‌ یاریده‌ده‌ره‌كانی برانه‌ به‌رده‌م دادگا بۆ ئه‌وه‌ی‌ گه‌واهی بده‌ن، به‌ڵام ئه‌وان مافی بێ ده‌نگیان هه‌ڵبژارد و له‌به‌رده‌م دادوه‌ر قسه‌یان نه‌كرد، بۆیه‌ دادوه‌ریش به‌شێوه‌ی كاتی و به‌ كه‌فاله‌ت ئازادی كردن و راشیگه‌یاند لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان به‌رده‌وام ده‌بێت.

ئه‌لیخاندرا جیل كه‌ سه‌رۆكی ژووری 13یه‌ له‌ دادگای شاری بارسێلۆنا، لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ نهێنی له‌سه‌ر كه‌یسی بارسا گه‌یت هه‌ڵگرت كه‌ نزیكه‌ی‌ 6 مانگ به‌رده‌وامبوو، له‌مه‌ودواش كه‌یسه‌كه‌ به‌ ئاشكرا لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر ده‌كرێت و یانه‌ی‌ بارسێلۆناش وه‌كو قوربانی له‌م كه‌یسه‌ سه‌یر ده‌كرێت.

كه‌یسه‌كه‌ له‌ گشتیه‌وه‌ ده‌گۆڕێت بۆ تاكه‌ كه‌س كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ بارتۆمیۆ و خاومی ماسیفیری راوێژكاری له‌سه‌رو تۆمه‌تبارانه‌وه‌ن كه‌ وه‌كو دادگا ئاماژه‌ی پێدا له‌ كه‌یسی بارسا گه‌یت بارتۆمیۆ خاوه‌ن بیرۆكه‌ بووه‌و خاومیش جێ به‌جێكار بووه‌.

كه‌یسی بارسا گه‌یت مانگی شوباتی ساڵی رابردوو ئاشكرا بوو كه‌ بارتۆمیۆ پاره‌ی یانه‌ی بارسێلۆنای به‌كارهێنا بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ رێگه‌ی‌ چه‌ند كۆمپانیایه‌كه‌وه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌كار بهێنێت بۆ جوانكردنی وێنای خۆی و ناوزڕاندنی ئه‌ستێره‌ی ئێستا و پێشووی یانه‌كه‌.

تۆمه‌تی بارتۆمیۆ و دوو یاریده‌ده‌ره‌كه‌شی گه‌نده‌ڵی كردنه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی بارسێلۆنا و به‌كارهێنانی پاره‌ی یانه‌كه‌یه‌ بۆ زیان گه‌یاندن به‌ یانه‌كه‌ و یانه‌ی‌ بارسێلۆناش له‌م كه‌یسه‌ قوربانی ده‌بێت.

 368 جار بینراوە