سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » راپه‌ڕین وه‌كو وه‌رچه‌رخانێك

راپه‌ڕین وه‌كو وه‌رچه‌رخانێك

راپه‌ڕینی گه‌لی كورد له ‌باشووری كوردستان له‌ ئاداری ساڵی 1991دا، كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له ‌مێژوودا توانرا زۆربه‌ی‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ناو عیراق رزگاربكرێت، ده‌ره‌نجام و دوای گوشاری كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێودوڵه‌تی، قه‌واره‌ی‌ هه‌رێمی كوردستانی لێ به‌رهه‌م هات، كه‌ هێشتاش به‌رده‌وامه‌ و قه‌واره‌یه‌كی‌ ره‌سمییه‌ له‌م وڵاته‌دا و ده‌ستووریش زامنی مانه‌وه‌یه‌تی.

راپه‌ڕینی گه‌لی كورد، وه‌كو وه‌رچه‌رخانێك له ‌مێژووی ئێمه‌دا هه‌ژمارده‌كرێـت، كه‌ دوای ده‌یان ساڵ له ‌خه‌بات و شوڕشی ئه‌م میلله‌ته‌ هات، به‌رپاربوونیشی به‌هۆی‌ چه‌ند هۆكارێكه‌وه‌ بوو، كه‌ له ‌نێویاندا، جه‌ور و سته‌می ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌عس و هه‌روه‌ها خه‌باتی ئه‌م گه‌له‌ بۆ ئازادیی و دواجاریش هه‌ڵه‌ گه‌وره‌كانی عیراق و رژێمی‌ سه‌دام بوو، به‌تایبه‌تی داگیركردنی كوێت.

بێگومان ده‌ره‌نجامی هه‌وڵ و خه‌باتی هه‌ر میلله‌تێك له ‌كۆتاییدا گه‌یشتنه‌ به ‌ئازادی، كوردیش له‌و پێناوه‌دا و له ‌هه‌موو مێژووی خۆیدا به‌رده‌وام له ‌شوڕش و راپه‌ڕیندا بووه‌، دژبه ‌داگیركه‌رانی خاكه‌كه‌ی‌، كه‌ باشوورەکەی به‌شێكی بزێوی ئه‌م میلله‌ته‌یه‌ و ته‌نها له‌ دوای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عیراقه‌وه‌ له‌ 1921 چه‌ندین شۆڕش و راپه‌ڕینی دژبه ‌رژێمه‌ جیاجیاكان به‌رپاكردووه‌ به ‌مه‌به‌ستی رزگاربوون و به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی.

سه‌باره‌ت به ‌مامه‌ڵه‌ی‌ رژێمه‌ جیاجیاكانی عیراقیش به‌رامبه‌ر به‌ كورد وه‌كو میلله‌تێكی گه‌وره‌ و بنه‌ڕه‌تی ده‌وڵه‌ته‌كه‌، ئه‌وا خۆی‌ له‌ په‌راوێزخستن و پێنه‌دانی ماف و دواجاریش هه‌وڵی له‌ناوبردندا بینیووەتەوە، كه‌ ترۆپكی ئه‌و هه‌وڵه‌ش له‌ كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ڵمه‌ته‌كانی ئه‌نفالدا ده‌ركه‌وت له ‌سه‌رده‌می حکومڕانیی به‌عسدا.

ئه‌و دوو هۆكاره‌ی‌ باسم كرد، له‌پاڵ هۆكاری سێیه‌مدا كه‌ هه‌ڵه‌ سیاسییه‌كانی سه‌دام و به‌عسه‌، وایكرد كورد راپه‌ڕین به‌رپابكات و له‌ دوای شكستی سوپای عیراق به‌ده‌ستی هاوپه‌یمانان له ‌كوێت و وه‌رده‌رنانی له‌و وڵاته‌، كه‌ هاوكاتیش بوو له‌گه‌ڵ راپه‌رێنی شیعه‌كان له ‌باشووری عیراق.

ئه‌وه‌بوو كورد له‌م به‌شه‌ی‌ كوردستان بۆ یه‌كه‌مینجار توانیی سه‌ركوتووبێت له ‌رزگاركردنی شار و شارۆچكه‌ كوردییه‌ گه‌وره‌كانی له ‌ده‌ستی رژێمی به‌عس، ئه‌گه‌رچی دوای ماوه‌یه‌ك ئازادی، له‌و ناوچانه‌ و به‌هۆی‌ بوردومانكردنی هه‌ردوو راپه‌ڕینی باكوور و باشووری عیراق، ئه‌و دوو راپه‌ڕێنه‌ سه‌ركوتكران، به‌ڵام دواجار كۆمه‌ڵی‌ نێوده‌وڵه‌تی هاته‌ سه‌رخه‌ت و ناوچه‌ی‌ دژه‌فڕینی بۆ كورد له ‌باشوور به ‌بڕیارێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌ركرد، ئه‌وه‌ش ئه‌م قه‌واره‌ سیاسیی و جوگرافییه‌ی‌ هه‌رێمی كوردستانی چه‌سپاند و دواتریش په‌رله‌مان و حكومه‌تی‌ لێكه‌وته‌وه‌.

 1,318 جار بینراوە