ئەی شارەكەم

ئەی شارەكەی فەلافل و نوكەو بایكۆت
قەت پیر نابی خۆزگەم بەخۆت
ئێمە هەموو دێین و دەڕۆین
لە كارێزی ئاهی ساردی
حەسرەتمانا
دەستنوێژ ئەشۆین
بەدەم تەحلیلی وەزعەوە
پاقلە ئەخۆین
تۆش ئەفەنی
بە ئەقڵمان پێ‌ ئەكەنی
*****
زەواڵ دێت و زاڵم ئەڕوا
مەسئول دێت و دنیا ئەخوا
نە دین ئەمێنێ‌ نە بڕوا
تۆش هەروەكو جاری جاران
گاڵتەت دێ‌ بە بەزمی یاران
*****
مەعاش ببێ‌ بە پاشەكەوت
نەكارەبا هەبێ‌ نە نەوت
وێنە نەمێنێ‌ لەگەڵ صەوت
لای تۆ هەمووی تۆزو بایە
بە خەیاڵی هینتا نایە
*****
دەك یاڕەبی بێ‌ قەزابی
ناهەقت ناگرم وابی
تۆ وەك گورگی بەفراندیدەی
بەم موشكیلانە كۆڵ نادەی
*****
تۆ زەعیم صدیقت دیوە
چەند عومەر عەلیت گۆڕیوە
بۆیە ئەمەت لا گاڵتەیە
ئەم وەزعەت پێ‌ زەڵاتەیە.

 919 جار بینراوە