سەرەکی » راپۆرت » (كوردستانییه‌كان) رێگرییان له‌ تێپه‌ڕاندنی (بودجه‌) كردپەڕە 2

كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ یه‌كشه‌ممه‌

(كوردستانییه‌كان) رێگرییان له‌ تێپه‌ڕاندنی (بودجه‌) كرد

له‌ دانیشتنی دوێنێی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقدا خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام به‌هۆی ناڕه‌زایی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ ته‌واو نه‌كراو دواخرا بۆ یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو.

ناڕه‌زاییه‌كانی كورد
نه‌وزاد ره‌سوڵ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق له‌ فراكسیۆنی‌ سه‌وز به‌ كوردستانی‌ نوێ-ی راگه‌یاند: دوێنێ جارێكی‌ دیكه‌ بایكۆتی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانمان كرد، چونكه‌ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی‌ ئه‌مساڵ كرایه‌ به‌شێك له‌ كارنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌، وتیشی: وه‌ك فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ به‌غدا بڕیارێكی‌ پێشوه‌خته‌مان هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران تایبه‌ت به‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ ناكه‌ین تا ئه‌وكاته‌ی داخوازییه‌كانی‌ كوردستان له‌سه‌ر بودجه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن. راشیگه‌یاند: ناڕه‌زاییه‌كانی‌ كورد له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ئه‌مساڵ په‌یوه‌ندیی‌ به‌ چه‌ند خاڵێكه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌وانه‌ كه‌م كردنه‌وه‌ی‌ پشكی‌ هه‌رێمی كوردستان، ناساندنی‌ قه‌واره‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ك پارێزگا. ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد»دوێنێش فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان كۆبوونه‌وه‌یه‌كمان كرد و جارێكی‌ دیكه‌ ته‌ئكیدمان له‌سه‌ر یه‌كهه‌ڵوێستی‌ كرده‌وه‌ و هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیاردرا به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌راندا نه‌كه‌ین».

فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان یه‌كهه‌ڵوێستن
به‌كر ئه‌مین ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران له‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ لێدوانێكدا بۆ كوردستانی‌ نوێ رایگه‌یاند: به‌شداریمان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌راندا نه‌كرد، چونكه‌ پێمانوایه‌ هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ به‌بێ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندیی‌ به‌ كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌. وتیشی: تائێستا هیچ پێشكه‌وتنێك له‌ ده‌ستكاریكردنی‌ پشكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ بودجه‌ی‌ عیراقدا به‌دی ناكرێت، فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانیش یه‌كهه‌ڵوێستن، چونكه‌ په‌یوه‌ندیی‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌.

گرژیی له‌ ناو كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دروستبوو
هه‌روه‌ها په‌رله‌مانتار د.به‌ختیار شاوه‌یس به‌ كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: سه‌ره‌تا خوێندنه‌وه‌ی دووه‌می پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ له‌ به‌رنامه‌ی كاری كۆبوونه‌وه‌ی دوێنێدا نه‌بوو، به‌ڵام دواتر كرا به‌ یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ی كار، ئێمه‌ وه‌ك فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان ره‌تمان كرده‌وه‌ و رێگه‌مان نه‌دا خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت، بۆیه‌ گرژیی له‌ ناو كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دروستبوو، به‌و هۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران دانیشتنه‌كه‌ی دواخست بۆ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو، وتیشی: وه‌ك فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان تا داواكارییه‌كانی كورد جێبه‌جێ نه‌كرێت، به‌رده‌وام ده‌بین له‌ بایكۆتكردنی دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسای بودجه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ شامه‌وه‌ بۆ ئیمــرالی… ئۆج ئالان

وه‌رگێرانی له‌ توركیه‌وه‌: شنۆ هیرانی ن: موراد یه‌تكین بەشی دووەم ...