سەرەکی » کەلتوور » ئەشق رێگەی ناسینی ئەشق

ئەشق رێگەی ناسینی ئەشق

مەحمود شێرزاد

کرۆکی عیرفانی مەولانا عەشقە و بە دەوری ئەم کرۆکە دوو چەمکیتر «لەئێستادابوون» و «لەدایکبوونەوە» خول دەخۆن. گەردیلەی عیرفانی مەولانا لە عەشق و ئێستا و تازەبوون پێکهاتووە.

لە عیرفانی مەولانادا عەشق ئەوەڵ و ئاخرە، عەشق دیار و نادیارە، عەشق بنەڕەت و رۆحی بەهێز و هۆشمەندی ئەم بوونەیە. عەشق یەک و نەمر و هەتاهەتاییە و عەشق خوایە، لە غەزەلی بە ناوبانگی ( من غلام قمرم ….دا) زۆر بە روونی ئاماژەی بەوەداوە کە ئەشق خوایە و خوا ئەشقە. هەروەها لە غەزەلێکتریشدا ئەشق بە دین ناو دێنێ، بە تاکە دینی راستەقینە، بۆ نمونە دەڵێ موسڵمانی تازەیە و ئەشق دێرین و ئەزەلی و ئەبەدییە و ئەشق دین و ئاینی منە. دیارە زۆر پێش مەولاناش ئەفلاتوون گوتبووی ئەشقی ئەزەلی و ئەبەدی هەموو شتێکە و لە هەموو زەڕەیەکی ئەم بوونەدا هەیە. تەنانەت زۆر پێش مەولاناش یۆگییەکانی ئێرە و خۆرهەڵاتی دوور ئاماژەیان پێداوە و باکتی یۆگا یانی یۆگای ئەشق و توانەوە لە بنەڕەتی بنەڕەتدا. لێرەوە دەردەکەوێ عارفان و کەسانی ئەهلی ناسینی نەناسراو، هەموویان بە خاڵێک دەگەن و ناوی ئەو خاڵە دەنێن عەشق. لە فیزیای کوانتۆمدا بەم خاڵە دەگوترێ کوانتۆم، خاڵێکی بەهێزی هۆشمەند، کە سەرچاوەی ئەم بوونە فیزیکییە، بەڵام خۆی لە پوورووشاوە کە حاڵەتی ئەو دیوی کوانتۆمە سەرچاوە دەگرێ، جا ئەم کوانتۆمە یان ئەم ئەشقە هەمووی لە بنەڕەتدا پێک وەسڵ کردووە و هاوسەنگی ئەم بوونەی راگرتووە، بوون خەڵق دەکا، رای دەگرێ و دەیمرێنێ.

مەولانا دەڵێ بۆ ناسینی بنەڕەت کە هەمان عەشقی ئەزەلی و ئەبەدییە، هەر شێواز و کەرەستەی عەشقیش دەبێ بەکار بێنین. یانی بۆ ئەوەی خۆمان بناسین و خوا بناسین هەر دەبێ ئاگری ئەشقی خۆناسی و خواناسی لەخۆماندا دابگیرسێنین. مەولانا لە یەکێک لە غەزەلە نایابەکانیدا دەڵێ: یارەکەم (لە عیرفاندا مەبەست مورشیدە) گەسکێکی پێدام (گەسک لە عیرفاندا مەبەست شێوازە) و گوتی بڕۆ بەم گەسکە تۆز و خۆڵی سەر ئەم دریایە گەسک بدە، بەڵام پاشان گەسکەکەی لێوەرگرتم و ئاگری تێبەردا و ئاگرەکەی پێدام یان ئاگری تێبەردام. لێرەدا مانای دەریا لە عیرفاندا و لەم غەزەلەی مەولانادا یانی بوون و بە تایبەتی بوونی زەینی کەسەکەیە، تۆزوخۆڵیش لە عیرفاندا یانی ئەم بیرکردنەوە و خەیاڵات و خووخدە و حەزوئارەزووە جەستەیی و دنیاییانەی لەسەر زەینی کەسەکان دەنیشن و چڵکنی دەکەن و ناهێڵێن زەینی کەسەکان هەقیقەت یان خوا نیشان بداتەوە. لێرەدا و لەم بابەتەی ئۆشۆی تەنیشت ئەم ستوونەدا کە دەڵێ ئێمە هەم ئاوێنەین و هەم ئەم وێنەیەین کە ئاوێنەکە نیشانی دەدا، مەبەستی ئەمەیە، زەینی ئێمە ئەگەر تۆزوخۆڵی لەسەر بنیشێ، ئێمە پەی بەم هەقیقەتە نابەین. هەروەها ئاگریش بە مانای ئەشقی خۆناسی و خواناسیی دێ، ئەم ئەشقە لەبەر ئەوەی سوتێنەرە بە ئاگر دەشوبهێندرێ. مەولانا لەم غەزەلەدا دەڵێ مورشێدەکەم لە رێگەی ئەشقەوە، واتە لە رێگەی داگیرساندنی ئاگری ئەشقی خۆناسیی و خواناسییەوە لە ناخمدا یارمەتیدام تا چڵک و چەپەری سەر زەینم خاوێن بکەمەوە، ئەو تۆزوخۆڵەی کە لە سەر بوونی ئەزەلی و ئەبەدی خۆم نیشتبوو، نەیدەهێشت پەی بە هەقیقەتی ئەزەلی و ئەبەدی خۆم بەرم و بنەڕەتی خۆم و ئەم گەردوونە کە هەمان خوایە، کە هەمان ئەشقە بناسم.

لێرەدا کە دەڵێ هەم ئاوێنەیەن و هەم وێنە، مەبەستی ئەمەیە، لێرەدا هەم ئەو بینینەشین کە ئاوێنەکە و وێنەکە دەبێنێ، یانی هەمووی یەکە و مەگەر تووشی وەهم و نەزانی بین و بە جیایان بزانین، دەنا ئەگەر کەسێک ئاگری ئەشقی لە ناخی بەربووبێ و زەینی خاوێن بووبێتەوە، سەری سوڕدەمێنێ کە دەبینێ بینەر و بینین و بینراو هەر یەکن، ئەم بوونە یەکە و ئێمە دوو
بوونمان نیە.

 145 جار بینراوە