سەرەکی » راپۆرت » ژن بە ژن، شێوازێکی پڕ کێشەی پێکەوەنانی خێزان

ژن بە ژن، شێوازێکی پڕ کێشەی پێکەوەنانی خێزان

كەركوك، هێمن ئەحمەد

دایکی محەمەد ژنێكی تەمەن 65 ساڵە و دانیشتووی گەڕەكی ئیسكانی شاری كەركوكە، لە رابردوودا بە ژن بە ژن زەماوەندی لەگەڵ ئەو پیاوە کردووە کە هەشت منداڵی لێی هەیە، دایکی محەمەد زەماوەندی کردوو بووە خاوەن ماڵ و منداڵی خۆی دەبوو پاش ئەوەی خوشکی هاوسەرەکەی گەورەبوو لە بەرامبەردا شوو بکات بە برازای دایکی محەمەد، بەڵام پاش گەورەبوون کچە رەتیکردەوە شوو بکات بەو کەسەی پێشتر بۆی دیاریکراوە بۆیە کێشە بۆ دایکی محەمەد دروستبووە تا ئەوکاتەی هاوسەرەکەی بڕیار دەدات پارە بداتە برازاکەی دایکی محەمەد بۆ ئەوەی هەر کچێکی تر بخوازێت کە دەیەوێت و کێشەکەیان چارەسەر دەبێت، دایکی محەمەد دەڵێت:» ئەگەر هاوسەرەکەم پارەی نەدایەتە برازاکەم سەرم لێ دەشێوا و دەبوو منداڵەکانم بەجێبهێڵم»، وتیشی،» دڵخۆشم کە ئێستا خەڵک هۆشیارە و بەدڵی خۆیان کەسەکانی ژیانیان هەڵدەبژێرن».

بە هەڕەشە ژن بەژنیان پێ دەکرێت
سەلمە عەلی ژنێکی ترە کە 45 ساڵ لەمەوبەر ژنی بۆ براکەی کردووە بەبێ ئەوەی رەزامەندی وەرگیرابێت و دەڵێت:» براکەم کچێکی دراوسێمانی خۆشدەویست، چووینە داوای، باوکی کچەکە بەوە رازی بوو کچەکەی بداتە براکەم کە منیش شوو بکەم بە کوڕەکەیان هەرچەندە من بەدڵم نەبوو، بەڵام لە ژێر هەڕەشەی خێزانەکەمدا رازی بووم و خۆم گونجاند».

لە رابردوودا، ژن بە ژن، یەکێک بوو لە شێوازە باوەکانی پێکهێنانی ژیانی هاوسەری کە دواتر کێشەی گەورەی بۆ خێزانەکان دروستدەکرد و هەندێکجار ئەگەر یەکێکیان شەڕی ببوایە یان بڕۆشتایەتەوە ماڵی باوکی ئەوەی تریشیان کێشەی بۆ دروستدەبوو، دەیان خێزان بەو شێوەیە لەیەک هەڵوەشاونەتەوە کە لە بنەڕەتدا خۆیان کێشەیان نەبووە و تەنها بەهۆی ئەوەی خێزانی بەرامبەر کێشەیان هەیە ئەوانیش کێشەیان بۆ دروستدەبوو.

یەکێکی دیکە لە خراپییەکانی ژن بە ژن ئەوەیە کە هاوسەرەکان بە دڵی خۆیان هاوسەری ژیانیان هەڵنەبژاردووە بەڵکو زەماوەندیان لەگەڵ ئەو کەسە کردووە کە بۆیان هەڵبژێردراوە و دەبوو پێی رازی ببونایە.

ئێستا ئەو شێوازە بەتایبەت لە شارەکاندا زۆر دەگمەنە و نەماوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان لە بەشی رۆژئاوای شاری کەرکوک وەکو حاڵەت هێشتا ژن بە ژن باوی ماوە و توێژەرانی کۆمەڵایەتی باس لەوە دەکەن رۆژانە لەو ناوچانەوە کێشەی کۆمەڵایەتییان رووبەڕوو دەبێتەوە و هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدەن.

ژن بە ژن هەر ماوە
بڵند زەندی، توێژەری كۆمەڵایەتی، بە كوردستانی نوێی راگەیاند:» تا ئێستا ژن بەژن هێشتا هەر ماوە و بنبڕنەكراوە بەتایبەتی لە ناوچەكانی دەرەوەی شاری كەركوك تایبەت تر لەرۆژئاوای كەركوك هەیە».

لە رێگەی یاساوە چارەسەربکرێت
یاسا ناسان کۆکن لەسەر ئەوەی ژن بەژن دەبێت لە رێگەی یاساوە رێک بخرێت پاشان بنبڕ دەکرێت، پێویستە سزای ئەو کەسانە بدرێت کە بەو شێوەیە کچەکانیان بە شوو دەدەن و مامۆستایانی ئاینیش ئەو کچ وکوڕانە مارە نەبڕن کە بە ژن بەژن زەماوەند دەکەن ئەوە دەبێتە رێگرییەکی باش لەبەردەم ژن بە ژندا.

دەریا ئەحمەد پارێزەر لە دادگای كەركوك بەكوردستانی نوێی راگەیاند:» زۆر کەیسیان لایە کە بەهۆی ئەوەی بە ژن بە ژن زەماوەندیان کردووە ئێستا کێشەیان بۆ دروست بووە، سکاڵایان تۆمار کردووە و دەیانەوێت لە یەکتر جیاببنەوە».

لەبەرئەوەی لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین پیاو دەسەڵاتداری یەکەمە هەندێکجار ئەو پیاوانەی کە بە ژن بە ژن ژنیان هێناوە پاش ماوەیەک دەچن ژنی دووەم بە دڵی خۆیان دەهێنن و ئەوەش جارێکی دیکە کێشە بۆ خێزان و بە تایبەت ژنان دروست دەبێت و دووبارە ژنان تیایدا دەبنەوە قوربانی، بە بڕوای توێژەرانی کۆمەڵایەتی ئەرکی هەموو لایەکە هۆشیاری زیاتر بڵاوبکەنەوە لەسەر خراپییەکانی ئەو شێوازە شوکردن و ژنهێنانە و تاکەکان هان بدەن بەو شێوەیە زەماوەند نەکەن.

 146 جار بینراوە