سەرەکی » هەواڵ » جەزائیر؛ كۆنترین حزبی ئۆپۆزسیۆن بایكۆتی هەڵبژاردن دەكات

جەزائیر؛ كۆنترین حزبی ئۆپۆزسیۆن بایكۆتی هەڵبژاردن دەكات

بەرەی هێزە سۆشیالیستەكان كە كۆنترین حزبی ئۆپۆزسیۆنە لە جەزائیر، بایكۆتی خۆی لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییە پێشوەختەكەی وڵاتەكەیان راگەیاند، كە بڕیارە لە 12ی حوزەیران بكرێت.

ئەو پارتە ئۆپۆزسیۆنەی جەزائیر، بڕیاری بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی وڵاتەكەی بۆ نەبوونی تەواوی مەرجەكان بۆ هەڵبژاردن گەڕاندۆتەوە.

دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی جەزائیر لە 21ی شوباتی رابردوو، سەرۆكی ئەو وڵاتە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی كرد، وەكو هەوڵێك بۆ كپكردنەوە ‌و كۆنترۆڵكردنی خۆپیشاندان ‌و ناڕەزاییەكانی خەڵك، كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، نزیكەی ساڵێك بوو هەڵپەسێردرابوو ‌و ئێستا دەستیپێكردۆتەوە، بەرەی هێزە سۆشیالیستەكان-یش چۆتە ریزی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانەوە لە بایكۆتكردنی هەڵبژاردندا.

پێشتریش هەریەك لە گردبوونەوە لەپێناوی كەلتور ‌و دیموكراتیدا ‌و پارتی كرێكارانی ئەو وڵاتە، بایكۆتی خۆیان بۆ هەڵبژاردنەكە راگەیاندبوو.

 117 جار بینراوە