سەرەکی » ئەدەب و هونەر » لە کوردستانی تورکیا

لە کوردستانی تورکیا

د. عەزیز شەمزینی

پەیمانی لۆزان پەردەی لە ڕووی ئیمپریالیستەکان هەڵماڵی چونکە لەو پەیمانەدا باسی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد نەکراوە. کەمالیستەکان پاش گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسیی وڵات، سیاسەتی ناوخۆیان بە پیادەکردنی سیاسەتێکی شۆڤێنیستی دەستپێکرد و توانیان لە سیاسەتی دەرەکی دا بۆ ماوەیەک جیهان چەواشە بکەن و ڕووی دزێوی خۆیان بشارنەوە پێش ئەوەی بە ئاشکرا بچنە ژێر باڵی ئیمپریالیزم و پەچە لە ڕووی خۆیان هەڵماڵن.
عەبدولعەزیز یاموڵکی لەبارەی سیاسەتی کەمالیستەکانەوە بەرامبەر بە مەسەلەی کورد نووسیویەتی «تورکەکان لەمەوپێش سرب، بوڵگاریا، گریک، ئەرمەن و لەزگی‌یەکانیان تاڵان کردبوو و دەستیان چووبووە خوێنی ئەو گەلانە، ئەمجارە بۆ لەناوبردنی بێ چەند و چوونی تێکڕای گەلی کورد بەپێی نەخشەیەکی دیاریکراو کەوتوونەتە خۆسازدان».
بە مۆرکردنی پەیمانی لۆزان مستەفا کەمال خێرا لە سیاسەتی هاریکاری و پرنسیپەکانی پەیمانی نیشتمانیی تورک کە خۆی بەڵێنی جێبەجێکردنی دابوو، پەشیمانبۆوە و تەنانەت ئەو بڕیارانەشی هەڵوەشاندەوە کە دەبوایە دەوڵەتی تورکیا سەبارەت بە پاراستنی مافەکانی کەمە نەتەوەکان ئەنجامی بدا، چون کەئەو سوکە بەڵێنانەش بەبڕوای کۆنەپەرستانی تورک ئەوەیان نەدەهێنا بۆ کورد بسەلمێنرێن.
پاشان دەوڵەتی تورکیا پەرلەمانی ناچار کرد خودی پەیمانی لۆزان هەڵوەشێنێتەوە. ((لە خاڵەکانی ٣٨،٣٩،٤٠ یبەشی سێیەمی پەیمانی لۆزاندا هاتووە کە ((دەوڵەتی تورکیا دەستەبەری ئەوە دەبێ کە کورد کە کەمە ڕەگەزێکی تورکیا پێکدەهێنێ بۆی هەیە بەئاشکرا بەزمانی نەتەوەیی کورد زمان پێکەوەبنێ و بەوپەڕی ئازادییەوە لەناوخۆ و دەرەوەی تورکیا هاتوچۆ بکا و هەموو ئەو مافە سیاسییانەی دەبێ کە تورکەکان هەیانە)). خاڵی ٣٧ یش دەڵێ ((تورکیا دەستەبەری ئەوە دەبێ کە هیچ یاسایەک یا بڕیارێک بەپێچەوانەی مافە ناوبراوەکان دەرناکا)). خاڵی ٤٤ یش باسی ئەوە دەکا کە بەڵێنەکانی تورکیا بەڵێنی جیهانین، لەبەر ئەوە بەهیچ شێوەیەک بۆی نیە ئەو بەڵێنانە بشکێنێ ئەگینا ئەو دەوڵەتانەی پەیمانی لۆزانیان مۆرکردووە و دەوڵەتە ئەندامەکانی کۆمەڵەی گەلان بۆیان هەیە سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی بەڵێنەکان بکەن و تورکیا ناچاربکەن ئەو بەڵێنانە جێبەجێ بکا کە بە دەوڵەتانی داوە)).
بەڵام پەیمانی لۆزانیش وەک پەیمانی سیڤەر مەرەکەبی سەر کاخەز بوو. کۆمەڵەی گەلانیش ئەگەرچی خاڵە ناوبراوەکانی پەیمانی لۆزانی بەلاوە ڕوون و ئاشکرا بوو بەڵام خۆی لە مەسەلەکە گێل کرد و بێدەنگ بوو. مستەفا کەمال لەجیاتی ئەوەی بەڵێنەکانی خۆی جێبەجێ بکا، کەوتە گیانی کورد و پەلاماری دا. هەرچی ئامۆژگای کەلتوریی کوردزمان بوو داخرا، هەرچی تێکۆشەر و کوردپەروەر بوو گیرا، بەم کارەش دەوڵەتی کەمالیست سیاسەتێکی توندوتیژی گرتە پێش و هەموو جۆرە یاسایەکی پێشێل کرد. کۆمەڵەی گەلان کە یەکێ بوو لە لایەنەکانی پەیمانی لۆزان لەباتی ئەوەی دژی ڕەفتاری نامرۆڤانەی کەمالیستەکان دەنگی ناڕەزایی هەڵبڕێ، بێدەنگیی بۆ خۆی هەڵبژارد.
کەمالیستەکان نەک هەر مافە نەتەوەییەکانی کوردیان نەسەلماند، بەڵکو تەگەرەشیان لە پێشکەوتنی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی کوردستان دا، سیاسەتێکی ڕەگەزپەرستانەیان پیادە کرد، ئەفسەر و فەرمانبەر و سیاسییەکانی کوردیان گرت و بۆ ناوچە دوورەکانی تورکیا دووریان خستنەوە.
کەمالیستەکان و لەسەروو هەموویانەوە مستەفا کەمال و عیسمەت ئینونو سیاسەتێکی ڕەگەزپەرستانەیان پەیڕەوی کرد، ئەو سیاسەتەی کە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا یاکوب قەدری بەم شێوەیە دەریبڕیوە ((گڕی سووری ئەو شەڕانە کۆتایی مەسەلەکە نیە، بەڵکو سەرەتای دەستپێکی خەباتی نێوان دوو ڕەگەزە: ڕەگەزی کورد کە ئەوروپاییەکان وەکو خۆیان بە ئاری نەژاد و ڕەگەزی تورک کە بە مەغۆل نەژادی دادەنێن)).
هەر لەم بارەیەشەوە ڕۆژنامەی پان تورکیستی (ئیلری) بڵاوی کردەوە «دەبێ بێگانەکان، واتا ئەوانەی بە ڕەگەز تورک نین یا لەناو تورکیزم‌دا بتوێنەوە یا بمرن».
ئەوی ڕاستی بێ لە نێوان یەنی چارییەکانی سەردەمی سوڵتانە عوسمانییەکان و کەمالیستەکان‌دا سەبارەت بە مەسەلەی کورد هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ نیە، بەڵکو کەمالیستەکان گرەویان لە سوڵتانەکانیش بردەوە، لە دڕندێتی و ڕەشەکوژیی و خوێن ڕشتندا مامۆستای لێوەشاوە و لە لەناوبردنی بەکۆمەڵی گەلان دا بلیمەت بوون. بە کوشتار و کاری دڕندانە ناویان دەرکرد و لەسەر کەللـەسەری سەدان هەزار شەهیدی گەلانی ژێردەست تۆرانیستیی خۆیان دامەزراند.
شتێکی ئاسایی بوو کە هەڵسوکەوتی دەسەڵاتدارە کەمالیستەکان بەرامبەر بە کورد و جوڵانەوەی ڕزگاریی نیشتمانیی کوردستان، کورد لە شۆڕشی کەمالیستی هەڵوەرێنێ و وا لە گەلی کورد بکا دژی کەمالیستەکان بۆ ڕزگار بوون لە چەپۆکی تۆرانیستەکان و بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکان و ڕزگاری و سەربەخۆیی نەتەوەیی، تێبکۆشێ.
لە ساڵی ١٩٢٠ بەدواوە زنجیرە جوڵانەوەیەکی چەکداریی دژی پاشاگەردانی و دەسەڵاتی کەمالیستەکان کوردستانی تەنییەوە.
شۆڕشی ساڵی ١٩٢٥ کە حیزبی تەعالی کوردستان ڕابەرایەتیی کرد، گەورەترین و توندوتیژترین شۆڕشی ئەو قۆناغە بوو.
لە ساڵی ١٩٢٥ دا حیزبی تەعالی کوردستان بەوردی نەخشەی هەڵایساندنی شۆڕشی داڕشت.. بڕیار وابوو شۆڕش لە سەرانسەری کوردستاندا لە نەورۆزی ١٩٢٥ دا هەڵگیرسێ. کۆمیتەی سەرکردایەتیی پێشمەرگەیی شۆڕش کە لەجەنراڵ ئیحسان نوری پاشا و چەند ئەفسەرێکی تر پێکهاتبوو، نەخشەی بەرپاکردنی شۆڕشی داڕشت. ئەوانەی نەخشەی شۆڕشیان داڕشت، لە هەموو لە هەموو لایەکی مەسەلەکەیان کۆڵییەوە و بڕیاریاندا ئەگەر شۆڕش تینی بۆ هات خێڵە چەکدارەکان بەسەر چەند دەستەیەک‌دا دابەش دەکەن و دەست بە شەڕی پارتیزانی دەکەن.
بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕش لە سەرانسەری کوردستاندا لەیەک کاتدا، ڕۆژی بەرپاکردنی شۆڕش بە هەموو کۆمیتەکانی ناوچە کوردنشینەکان ڕاگەیەنرا، بەڵام بەپێچەوانەی چاوەڕێی شۆڕشگێڕانەوە ئەوەی ڕوویدا هەموو نەخشەکانی لەبەریەک هەڵوەشاندەوە. چەند پێشمەرگەیەکی کۆمیتەی ناوچەی دیاربەکر کە شێخ سەعید سەرکردایەتیی دەکرد، لە دێ‌ی پیران لەگەڵ ژاندرمەکانی تورک بەشەڕهاتن و پێکادانی چەکدارانە ڕوویدا و هەڵگیرسا و سەرەنجام هێزە شۆڕشگێڕەکانی تری کوردستان نەیانتوانی لە یەک کاتدا ڕاپەڕن، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی دوژمن تەوژم بخاتە سەر چەند ناوچەیەکی دیاریکراو و ناوچەکان یەکە یەکە بەر پەلامار بکەون، هەر لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەشدا بوو کە شۆڕش لە بەشێکی ڕابەرەکانی کە سەریان لە مەسەلەی شەڕ و پێکادان دەردەچوو بێبەش بووـ چونکە بە هەڵایسانی شۆڕش پێش کاتی دیاریکراوی شۆڕش و سەرکردایەتیی جوڵانەوەکە بوون.
بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک بڵێسەی شۆڕش لە ماوەیەکی کەم دا واتە لە ١٣ ی کانونی دووەمەوە تا ٢٦ ی مارت – هەموو ناوچە کوردنشینەکانی تورکیای گرتەوە کە دەکاتە نزیکەی سێیەکی پێوانەی کۆماری تورکیا.
حیزبی تەعالی کوردستان و سەرکردایەتیی هێزی پێشمەرگە لە ڕاگەیاندنێکی ڕەسمیی دا داخوازییەکانی شۆڕشیان دەربڕی کە بریتی بوو لە ڕزگاریی کوردستان و پێکەوەنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ. هەر هەمان ڕاگەیاندن بڵاوی کردەوە کە لەمەولا جوتیاران بۆیان هەیە باج و پیتاک بە دەرەبەگەکان نەدەن و لە هەموو دانیشتووانی کوردستان بەبێ گوێدانە نەتەوە و ئایین و بیروباوەڕ داواکار بوو پشتی یەکتری بگرن، یارمەتیی پێشمەرگە بدەن و خۆراکی بۆ دابین بکەن. ئەفسەرانی کورد بەسەرکردایەتیی جەنراڵ ئیحسان نوری پاشا ڕابەرایەتیی بیست هەزار پێشمەرگەیان کرد.
جوڵانەوەکە هێندە توندوتیژ بوو بەتەواوەتی کاری کردە سەر ژیانی کۆمەڵایەتیی وڵات و هەڕەشەیەکی زۆری لە تورکیای کەمالیست کرد. حکومەتی تورکیا کە ئەو کاتە بەسەرۆکایەتیی عیسمەت ئینونو بوو، سەرکوتکردنی بێ چەندوچوونی شۆڕشەکەی یاخود بەواتایەکی ڕاستتر لەناوبردنی گەلی کوردی کردە ئامانجی سەرەکیی خۆی و بۆ ئەم مەبەستە کەوتە گیانی کورد، دێهاتەکانی کوردستانی سوتاند، زمانی کوردیی بەتەواوەتی قەدەغە کرد، کوردەکانی بەزۆر بۆ ناوچە دوورەکانی تورکیا گواستەوە و ئەو تورکانەی کە لە گریک و باڵکان دەرکرابوون لە کوردستاندا نیشتەجێی کردن.
دەوڵەت لەسەر جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتە پێی داگرت و عیسمەت ئینونو یاسایەکی تایبەتی بە پەرلەمان دەرکرد. بەپێی یاساکە دادگایەکی میلیتاری بەناوی دادگای سەربەخۆییەوە دامەزراند و دەسەڵاتێکی بێ سنووری پێدا.
مستەفا کەمال لە وتارێکدا کە لە پەرلەمان خوێندییەوە وتی ((لە هەموو شتێک گرانتر بۆ ئێمە ئەوەیە کە ئینگلیزەکان پشتیوانی لە کورد بکەن و یارمەتییان بدەن. لەمێژە ئینگلیزەکان بۆ دژایەتی کردنی تورکیا کەڵک لە کورد وەردەگرن. لە ساڵانی جەنگی جیهانی دا بریتانیا چالاکترین سیخوڕانی خۆی واتە لۆرانس و نوئێل بۆ کوردستان نارد بۆ ئەوەی لە پشت پەردەوە کورد بۆ کوشتنی تورک هان بدەن …)).
لە ١٢ی نیسانی ١٩٢٥ دا کەمالیستەکان هەموو ئەو ئەندامانەی حیزبی تەعالی کوردستانیان گرت کە ئەو کاتە لە ئیستانبول بوون. ئەو شاڵاوە بەشێکی زۆری ئەندامانی حیزبی گرتەوە وەک شێخ عەبدولقادر شێخ عوبەیدوڵڵ شەمزینی و هەموو ئەندامە چالاکەکانی کۆمیتەی ناوەندی وەک دکتۆر فوئاد، کەمال فەوزی (نووسەری ڕۆژنامەی ژین)، سەید محەمەدی شێخ عەبدولقادر، مافناس حەمە تۆفیق، خۆجە عەسکەری، مافناس حاجی تەختی، کوڕ سەعدی و هی تر.
لە ٢٧ ی ئایاردا پاش لێپرسینەوەیەکی کارتۆنی، دادگای کەمالیستی بڕیاری خنکاندنی ٩١ تێکۆشەری دەرکرد کە لەسەرووی هەموویانەوە شێخ عەبدولقادر بوو. تێکۆشەرەکان لە شاری دیاربەکر لە گۆڕەپانی بەردەمی مزگەوت هەڵواسران.
شێخ عەبدولقادر لە بەردەمی پەتی سێدارەدا بە کەمالیستەکانی وت ((جەللادەکان! سەربەرزییە بۆ ئێمە لەپێناوی ڕزگاریی نیشتمانەکەماندا پەتی سێدارە بکەینە مل. ئێوە بە هەڵواسینمان لە توڕەیی گەلی کورد هاندەدەن بۆ سەربەخۆیی و ڕزگاری تێبکۆشێ. بژی کوردستان. بژی خەباتی گەلی کورد)).
دکتۆر فوئاد پێش ئەوەی لە سێدارە بدرێت هاواری کرد ((خوێن ڕێژەکان، هەرگیز وا تێمەگەن سەرەنێزەی تورک مەسەلەی کورد لەناو دەبا. گەلی کورد بە ڕقێکی ئەستوورتر تێدەکۆشێ و سەرەڕای هەموو شتێک ئازادی و سەربەخۆیی وەدەست دەهێنێت. ئێوەی خوێن ڕێژیش تەنها لاپەڕەیەکی ڕەشتان لە مێژوودا بۆ دەمێنێتەوە)).
کەمال فەوزی‌یش بەوپەڕی ئازایەتییەوە هاواری کرد ((سەربەرزییە بۆ ئێمە لەپێناوی ڕزگاری کوردستاندا بمرین. بژی کوردستان. بژی خەباتی گەلی کورد لەپێناوی ڕزگاری و سەربەخۆیی دا)).
دەوڵەتی کەمالیستی بۆ سەرکوتکردنی شۆڕش هێزێکی زۆری کۆکردەوە کە لە چەند تیپێکی پێڕۆ، سوارە و تۆپخانە، پێکهاتبوو. لە سەرێکی ترەوە کەمالیستەکان داوایان لە فەرەنسییەکانی داگیرکەری ئەوسای سوریا کرد ڕێگا بە سوپای تورکیا بدەن کەڵک لە هێڵی شەمەندەفەری حەڵەب وەرگرێ، بچێتە ناو خاکی سوریا و لەوێوە باداتەوە سەر کوردستان و لە پشتەوە لە پێشمەرگە بدات. فەرەنسییەکان لە جێبەجێکردنی داواکەی کەمالیستەکان دا دودڵ نەبوون و ماوەیان بە سوپای تورک دا بچێتە ناو خاکی سوریا.
شەڕ لەوپەڕی تین و تاودا بوو. سوپای تورکیا کە لە ١٥ تیپی پێڕۆ، ٩ بریگاردی تۆپ هاوێژ و ٣ تیپی سوارە واتە لە سەد هەزار سەربازی چەکدار پێکهاتبوو، لە ماوەیەکی کەم‌ دا واتە لە مانگی کانونی دووەمەوە تا مانگی تەموز شۆڕشەکەی کوردستانی کپ کردەوە.
زیانی گەلی کورد بەم جۆرە بوو: ١٥٦٠٢ کوژراو، سوتانی ٨٧٥٨ خانوو، کاول بوونی ٢٠٦ دێ. کەمالیستەکان بۆ سزادانی کورد کەوتنە چۆڵکردنی بەشێکی ناوچە کوردنشینەکان و ڕاپێچکردنی خەڵکەکەی بۆ ناوچە دوورەکانی تورکیا. ئەم کارەش لە وەرزی زستاندا جێبەجێ کرا و لە ئەنجام دا بەشی هەرە زۆری ڕاپێچکراوەکان لە ڕێگا تووشی بەفر و سەهۆڵبەندان بوون و پێش ئەوەی بگەنە ڕەوگەکانیان بەشێکیان مردن.
بەم شێوەیە لە ماوەی نێوان ١٩٢٥ و ١٩٢٦ دا لە ئەنجانی تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیادا پتر لە پێنج سەد هەزار کورد مردن.
بەپێی هەندێ سەرچاوەش بۆمان دەردەکەوێ کە تورکەکان تا شۆڕشەکەی کوردستانیان پێ کوژایەوە پەنجا هەزار سەربازیان لێ کوژرا وبۆ سەرکوتکردنی کورد پتر لە شەش ملیۆن جونەیهیان تەرخان کرد.
پاشان لە ڕۆژی ٢٧ ی حوزەیراندا دادگای کەمالیستی پاش لێپرسینەوەیەکی کارتۆنی بڕیاری خنکاندنی پۆلێکی تری تێکۆشەرانی کوردی دەرکرد. ئەو پۆلە کە ٤٨ کەس بوو لەو تێکۆشەرانە پێکهاتبوو: شێخ سەعید، شێخ عەبدوڵڵا، شێخ سمایل، شێخ عەبدوللـەتیف، قاسم بەگ، حاجی خالد، چەرکەس ڕەشید مەلا ئەمین، شێخ عەلی، یوزباشی فەخری، لیوتینان محەمەد شەهری، حاجی سادق و هی تر. ئەو تێکۆشەرانەش وەک ئەوانەی پێشوو لە شاری دیاربەکر هەڵواسران.
شێخ سەعید پێش لەسێدارەدانی بەجەللادەکانی وت ((سەربەرزییە بۆ ئێمە لەئەنجامی خەباتدا بۆ ڕزگارکردنی وڵاتەکەمان لە ستەمی ئێوە پەتی سێدارە بکەینە مل. خەبات ئەرکێکی نیشتمانی بوو، ئێمەش سەربەرزانە جێبەجێمان کرد. پێویستە لەسەر هەموو هەموو کوردێکی بەشەرەف بۆ ڕزگاریی کوردستانی ژێردەستە تێبکۆشێ)).
لە ڕۆژی ٢٧ ی حوزەیراندا هەمان دادگا بڕیاری خنکاندنی ٩٣ تێکۆشەری تری دەرکرد و ئەوانیش هەر لە دیاربەکر هەڵواسران.
پاش ئەوەی شۆڕش بەشێوەیەکی کاتیی دامرکایەوە، کاربەدەستانی تورکیا بێ چەندوچوون کەوتنە گیانی کورد. حکومەتی عیسمەت ئینونو لە سەپاندنی دەسەڵاتی هەڕەمەکیی بەسەر کوردستاندا و لەو دەسەڵاتەی کە پەرلەمان پێی دابوو کەڵکی وەرگرت و بۆ ڕیشەکێشکردنی گەلی کورد ئەم بەرنامەیەی دانا:
1- لەناوبردنی بەکۆمەڵ، سووتاندنی دێهاتەکان و ڕەفتاری تری دڕندانە.
2- داماڵینی چەک لە کوردستاندا و ئەوانەی چەکیان پێدەگیرێ.
3- ڕاگوێزانی زۆرەکیی کورد بۆ ناوچە دوورە تورک نشینەکان و نیشتەجێکردنی ئەو تورکانەی لە یۆنان و باڵکان دەرکرابوون، لە کوردستاندا.
بەم شێوەیە کەمالیستەکان سیاسەتێکی دڕندانەیان گرتە پێش کە زۆر لەو سیاسەتە دڕندانەتر و توندوتیژتر بوو کە لە ساڵی ١٩١١ دا نوێنەری سەرکردایەتیی ستادی ڕوسیا کاپتن بنزنگرە لەبارەیەوە نووسیویەتی ((دەستە چەکدارەکانی تورک بەچەشنێکی دڕندانە و بێبەزەییانە کەوتنە گیانی کورد و هەر کەسێکیان دەستکەوتایە لەناویان دەبرد و دەیانفەوتاند)).
لە ساڵی ١٩٢٥ بەدواوە حیزب و تێکۆشەرانی کورد دەستیان بە سەردانی کۆنسۆڵگەکانی یەکێتیی سۆڤێت لە وان و ماکۆ کردد. بەشێکی ئەو تێکۆشەرانە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و هەندێکیان بەنامە لەگەڵ کۆنسۆڵگەکاندا پەیوەندییان دامەزراند. بۆ نموونە دەبینین نوێنەری حیزبی تەعالی کوردستان سەید عەبدوڵڵای کوڕی شێخ عەبدولقادر (کە پاش لەسێدارەدانی عەبدولقادری باوکی لەلایەن تورکەکانەوە لە ناوچەی شەمزیناندا سەرکردایەتیی شۆڕشی کرد) چەند جارێک سەردانی کۆنسۆڵگەی وان‌ی کردووە و لە کاربەدەستانی یەکێتیی سۆڤێت داواکار بوو بۆ چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد یەکێتیی دسۆڤێت یارمەتیی کورد بدا و لە خەباتیان پشتیوانی بکا. بەڵام ئەو کاتە هەلومەرجی جیهان دەرفەتی یارمەتیدانی کوردی نەدا، لەبەر ئەوە جوڵانەوەی کورد هەم لەڕووی مادییەوە هەم لەڕووی زارەکییەوە لە هەموو جۆرە یارمەتییەک بێبەش بوو.
پاش ئەوەی شۆڕش بەشێوەیەکی کاتیی لە بەشێکی ناوچەکاندا دامرکایەوە، سەرکردایەتی هێزی پێشمەرگە برایە ناوچە شاخاوییەکانی باکوور کە بۆ هێزەکانی تورکیا گران بوو بەئاسانی بیگەنێ، لە ناوچەی شەمزینانیش شۆڕش بەسەرکردایەتیی سەید عەبدوڵڵای کوڕی شێخ عەبدولقادر خۆی ڕاگرت، بەڵام پاش شەڕێکی سەخت و زیانێکی زۆر، پێشمەرگەکان ناچار بوون بەرەو ناوچە شاخاوییەکانی کوردستانی باشوور بکشێنە دواوە. پاشان دادگای کەمالیستی بڕیاری لەسێدارەدانی بەسەر سەید عەبدوڵڵادا سەپاند بەڵام لەبەر ئەوەی لەوێ نەبوو بڕیارەکە بە هەڵپەسێردراوی مایەوە.
لە ساڵی ١٩٢٦ دا لە ناوچەی ئاگری داخ سوپایەک بەسەرکردایەتیی جەنراڵ ئیحسان نوری پاشا و حکومەتێک بەناوی حکومەتیی ئەراراتەوە پێکەوەنرا. گروپە سیاسییەکان و تێکۆشەرانی کورد کە سەرەنجامە پڕ مەینەتییەکەی شۆڕشی پێشوویان لەبەر چاودا بوو، بۆ خۆسازدان و درێژەدان بە خەبات دژی کەمالیستەکان بڕیاریاندا کۆنگرەیەکی گشتیی ببەستن
لە بەهاری ساڵی ١٩٢٧ دا لە جێگایەکی دیاریکراوی کوردستانی تورکیادا نوێنەرانی هەموو گروپە سیاسییەکان واتە سەرانی خێڵەکان، گەورە پیاوان، ڕووناکبیرانی کورد و نوێنەرانی هێزی پێشمەرگە بەنهێنی کۆبوونەوە و کۆنگرەیەکی فراوانیان بەست. کۆنگرە بڕیاریدا هەموو حیزب و گروپە سیاسییەکان خۆیان هەڵوەشێننەوە و هەموویان پێکەوە حیزبێکی یەکگرتوو دامەزرێنن بۆ ئەوەی ڕابەرایەتیی خەباتی گەلی کورد بکا، هەموو هێزە ئازادی و سەربەخۆخوازەکان لەخۆی کۆکاتەوە و تا دەرکردنی دوا سەربازی تورک لە کوردستان درێژە بە شۆڕش بدا. بڕیارەکانی کۆنگرە بەم جۆرە بوون: پێکەوەنانی یەک سەرکردایەتیی گشتیی بۆ هێزی پێشمەرگە، خۆسازدان بۆ شەڕ و خەباتی چەکدارانە، دیاریکردنی ناوەندێکی گشتیی بۆ شۆڕش و سەرکردایەتیی گشتیی هێزی پێشمەرگە، دابینکردنی ئازوخە، پەیداکردنی چەک و کەرەستەی جەنگ و دانانی چەند بنکەیەک بۆ چالاکیی پێشمەرگانە. لەسەرێکی ترەوە کۆنگرە بڕیاریدا پەیوەندیی دۆستانە و برایانە لەگەڵ گەلانی ئێران و عێراق و سوریە پتەو بکرێ. جەنراڵ ئیحسان نوری پاشا بە فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە دانرا. بۆ بەڕێوەبردنی هەر ناوچەیەکیش چەند کارگێڕێک دانران و برایم پاشا وەک لێپرسراوی گشتیی هەموو ناوچەکان دیاریکرا.

سەرچاوە: د. عەزیز شەمزینی، جوڵانەوەی ڕزگاریی نیشتمانیی کوردستان، و: فەرید ئەسەسەرد. چاپی چوارەم لە بڵاوکراوەکانی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیجیی کوردستان – ٢٠٠٦.

 995 جار بینراوە