سەرەکی » راپۆرت » خوێنەری کتێب وەکو خۆی ماوە؟

خوێنەری کتێب وەکو خۆی ماوە؟

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و زۆری سەرچاوەکان، نووسەران و رۆشنیران ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کتێب خوێنەری خۆی هەر ماوە، کتێبفرۆشانیش لە هەولێر دەڵێن رۆژانە کتێبی نوێ چاپدەکرێت و دێتە کتێبخانەکانیان، جەختیش دەکەنەوە خواست لەسەر کتێب زۆرە، بەڵام جۆری کتێبەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەجۆرێک ئەو کتێبانەی داواکاری زۆر لەسەرە ژمارەیەک بابەتی دیاریکراون و جیاوازە لەوانەی پێش سەردەمی تەکنەلۆجیا و زۆربوونی کەناڵەکانی راگەیاندن چاپدەکران.

ئاشتی شێرکۆ، خاوەنی یەکێک لە کتێبخانەکانی هەولێر، لەبارەی جۆری ئەو کتێبانەی خوێنەر زیاتر داوای دەکات، بۆ کوردستانی نوێی وتی: بەگشتی هەموو جۆرە کتێبێک لە کتێبخانەمان فرۆشی هەیە، بەڵام ئەوەی زیاتر داواکاری لەسەرە بابەتەکانی رۆمان و گەشەپێدان و کتێبە ئاینیەکانە، دوای ئەوان کتێبەکانی فیکری و فەلسەفی و سیاسی و زانستیەکان دێت.

بازاڕی فرۆشتنی کتێب لەم بارودۆخەشدا باشە
هەروەها لەبارەی ئاستی فرۆشتنی کتێب وتیشی: دەتوانم بڵێم بازاڕی فرۆشتنی کتێب لەم بارودۆخە نائاساییە باشە، چونکە لەلایەک پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆجیا لەلایەکی تر قەیرانی دارایی و بێ موچەیی دوای ئەوانیش هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هێشتا فرۆشتن و خوێنەری کتێب باشە بەتایبەتی لە نێو توێژی گەنجان.

گەنجان رێژەیەکی زۆری خوێنەران پێکدەهێنن
لەلایەن خۆیەوە سیروان نەجم وەک یەکێکی تر لەخاوەن کتێبخانەکانی شاری هەولێر کە چەندین ساڵە لە ژێر قەڵا کتێبخانەی هەیە بۆ کوردستانی نوێ وتی: لەگەڵ ئەوەی ماوەی چەند ساڵێکە خوێنەری گۆڤار و رۆژنامەکان بەگشتی پاشەکشەیان کردووە، بەڵام خوێنەری کتێب پاشەکشەی نەکردووە لەنێو ئەو خوێنەرانە توێژی گەنجان رێژەیەکی زۆر پێکدەهێنن و خوێنەری جدین.

چ جۆرە کتێبێک خوێنەری زیاترە؟
سەبارەت بە جۆری ئەو کتێبانەی دەفرۆشرێت ئەو خاوەن کتێبخانەیە وتیشی: ئەوانەی زیاتر داواکاری و خواستی لەسەرە زیاتر ئەو کتێبانەیە کە پەیوەندی بە گەشەی مرۆییەوە هەیە، دوای ئەویش بیرەوەرییەکان زۆرتر دەخوێنرێتەوە، بە پلەی سێیەمیش رۆمانە، هەر ئەمەش وایکردوە هەندێک لە نوسەرانیش بەگوێرەی خواستی خوێنەر کتێب بەرهەمدەهێنن و گۆڕانکاری لە شێوازی نوسینیان دەکەن.

کوالیتی کتێبەکان باش نین
راشیگەیاند: سەبارەت بە نرخەکانیش پێموایە بەراورد بە کاڵاکانی دیکە کتێب زۆر هەرزانە، بۆ نموونە رەنگە بەو پارەیەی یەک مۆبایلی پێشکەوتوو بتوانی کتێبخانەیەک دابمەزرێنی، بەڵام لە بواری کوالیتی کتێبەکان هەندێکیان وەکو پێویست نین، کە زیاتر لە وڵاتی ئێران چاپدەکرێن، دەکرێت باشتر بکرێت تاکو بەرگەی مانەوەی زیاتر بگرێت.

لەبارەی خوێندنەوەی کتێب لەرێگای ئۆنلاین سیروان نەجم وتیشی: خوێندنەوەی کتێب بە ئۆنلاین بەو شێوەیە نییە و خوێنەر زیاتر حەز دەکات لە رێگای کتێبەوە بخوێنێتەوە، خوێندنەوەی کتێب بەشێوەی راستەوخۆ تاموچێژی زیاترە لە
شێوازی ئۆنلاین.

کتێبە سیاسیەکان کەمترین خوێنەری هەیە
خاوەن کتێبخانەیەکی تر لە شاری هەولێر بەناوی بەهجەت مەحەمەد لەبارەی هەمان بابەت بۆچوونی خۆی خستەروو و بۆ کوردستانی نوێ وتی: لەم سەردەمە هەموو جۆرە کتێبێک خواستی لەسەرە، بەڵام کتێبی سیاسیەکان کەمترین داواکاری هەیە، زۆربەشی ئەو کتێبانەی داوا دەکرێت بە زمانی کوردیە و بەتایبەتی ئەوانەی تەرفیهین و کورتن.

دوای کۆچی دوایی نووسەر خوێنەری بەرهەمەکانی زیاتر دەبێت
وتیشی: کتێبی کەسایەتیەکانیش خواستی لەسەر هەیە، بەڵام زیاتر ئەو کاتانەی نووسەرەکان کۆچی دوایی دەکەن، واتا ئەو کەسە ئەگەر لە ژیاندا مابێت کەم کەس بەلایەوە دەچێت، کاتێکیش کۆچی دواییدەکات رێژەی داواکاری لەسەر بەرهەمەکانی زیاتر دەبێت، بۆ نموونە بەم دواییە پرۆفیسۆر د. کەمال مەزهەر کۆچی دوایی کرد ئینجا خواست لەسەر کتێبەکان زیاتر بوو.

لەبەر هەرزانی زیاتر لە ئێران کتێب چاپدەکرێت
لەبارەی چاپکردنی کتێب وتیشی: کتێبەکان بەهۆی هەرزانی نرخەکەی زیاتر لەوڵاتی ئیران چاپ دەکرێت، بەڵام کوالێتیەکەی وەکو پێویست نیە، هەرچەندە چاپخانەی باش لەناوخۆی کوردستان هەیە، بەڵام لەبەر گرانی نرخی چاپ نوسەران پەنای بۆ نابەن، بەڵام باشترین شوێن بۆ چاپکردنی کتێب وڵاتی لوبنانە.

کتێبی کوردی خوێنەری زیاترە
کەمال دیبەگەیی وەک خوێنەرێک لە نزیک یەکێک لە کتێبخانەکانی هەولێر وتی: بە بۆچوونی خۆم خوێنەر لە کوردستان بەگشتی کەمبۆتەوە یەکێک لەهۆکارەکانی تەکنەلۆجیایە، لەگەڵ ئەوەش خوێنەری کتێب هەر ماوە بەتایبەتی ئەوانەی قەبارە بچوک و کەم لاپەڕەن، ئەوانە زیاتر خواستی لەسەرە و دەبینین گەنجان داوای دەکەن، بەڵام کەمن ئەوانەی بەدوای ئەو کتێبانە دەچن کە ژمارەی لاپەرەکانی پێنج سەد و شەش سەد لاپەڕەیە.

ئەو خوێنەرە ئاماژەی بەوەشکرد: جگە لە رێژەی خوێنەر و جۆری ئەو کتێبانەی خواستیان لەسەرە، تێبینی ئەوە دەکەین زۆربەی گەنجان کتێبی کوردی دەخوێننەوە و کەمتر بەلای کتێبی زمانەکانی تردا دەچن، بەتایبەتی ئەوانەی بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی نووسراوە، ئەمەش لەکاتێکدا زانینی ئەو دوو زمانە بۆ گەنجانی ئێمە پێویستە و هۆکارێکە بۆ ئەوەی دەستیان بگاتە سەرچاوەی زیاتر.

 172 جار بینراوە