سەرەکی » وتار » رابەری‌ نەتەوەیی سەرۆك مام جەلال، كاریزمایەكی كەم وێنە

رابەری‌ نەتەوەیی سەرۆك مام جەلال، كاریزمایەكی كەم وێنە

سابیری سەندیکا: ئەمریکا

16 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک مام جەلال بە سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمەش وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە ژیانی سیاسیی عیراقی دوای دیکتاتۆری، بۆ گەلی کوردیش دەستکەوتێکی گرنگ بوو.

كەس نازانێ لە كوێوە هاتووین یان بۆچی هەین و هاتووین چی دەكەین، نازانین كەی دەڕۆین و بۆ كوێ مل دەنیێن، دیارە رابەری‌ نەتەوەیی سەرۆك مام جەلال كاریزمایەكی كەم وێنە بوو، ئەوەندەی خەڵكی كوردستان دەیناسن و دۆست و برادەرەكانی كه‌ ژیانیان لەگەڵ سەرۆک مام جەلال بەسەر بردووە، پێیان وایە کاریزمایەکی کەم وێنە لەو پیاوە شۆرشگێڕ و كورد پەروەرەدا هەیە، وامان هاتۆتە بەرچاو كە وشه‌ی بەرزی رەوشتی پاك و بێگەرد بووە و هەمیشە دوورەپەرێزی كارە خراپەكان بووە و بۆ چاكەی ناو كۆمەڵ لە زۆر شوێن و جێگادا جێ پەنجەی دیارە.

بۆ یەکەمجار لە مێژوودا کوردێکی سیاسەتمەدار و مامۆستا و خەباتگێڕ و دیپلۆمات و شارەزا بە هەڵبژاردنێکی ئازادانە ببێت بە سەرۆك كۆماری عیراق. چونکە سەرۆک مام جەلال وەک رابەرێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئینسانی لەو رۆژەوە كە بیری كردۆتەوە هەستی بە ژێردەستەیی گەلەكەی كردووە، بۆیە لە زۆر شوێن بواریشدا جێ پەنجەی دیارە.

سەرۆک مام جەلال فەرماندەیەكی چاكی ماندوونەناسی رێبازی رەوای نەتەوایەتی و مرۆڤایەتی بووە. نەتەوایەتی لەلای ئەو بەرزترین هەستی مرۆڤ بووە، هەر لەو پەنجەرەیەشەوە تەماشای مرۆڤایەتی كردووە و مرۆڤدۆستیی بەلاوە پیرۆزبووە.

مام جەلال- ی گەورەمان بە حیکمەت و دانایی و پشوودرێژیی سەرکەوتن، دەستکەوتی زۆری پێشکەش بە گەلەکەی کردووە، توانی ببێتە نوێنەر و پارێزەری هەموو پێکهاتەکان، چەتری کۆکەرەوەی هەموو بیروڕا جیاوازەکان و پارێزەری دەستوور بوو، هەمیشە لەگەڵ یەکڕیزیی و تەبایی و سەقامگیریی و پێکەوە ژیان بوو، دیموکراسی و فیدراڵی کردە ناسنامەی عیراقی نوێ، هەربۆیە نازناوی (صمام الا‌مان)ـ ی لێنرا.

ئێمە و هاوڕێیانی ئەو یادگارییانە دەكەینە وێنەی ناو دڵ و بەر دیدەو وێردی زمان و مێدالی شانازی تاكو ئەو رۆژەی دەبینە میوانی ئەو كوردپەروەرە تێكۆشەرە.

یەكێك لە خەسڵەتەکانی رابەری‌ نەتەوەیی سەرۆك مام جەلال ئەوەبوو، تا دوژمنان دڕندەتر دەبوون، لەوپەڕی رۆژانی رەش و بێ هیواییدا، لای ئەو خۆری رزگاری بەرز و گەش و درەوشاوەتر تیشكی سەركەوتنی پەخشان دەكرد و گوڕوتینی هاوڕێکانی نوێتر دەكردەوە.

زۆرن ئەوانەی تەنها بۆ خزمەتی بیروباوەڕی پاكی نەتەوایەتییان ژیان، لە ناوخۆشدا رابەری‌ نەتەوەیی سەرۆك مام جەلال لەگەڵ یەکڕیزیی هەموو لایەنەکان بوو، دەستی هاوکاریی و ئاشتی و تەبایی بۆ هەمووان رادەکێشا، هەمیشە کاری بۆ بەهێزبوونی پێگەی کورد دەکرد لە بەغدا، ئەوکاتەی مام سەرۆک کۆمار بوو، هەرێمی کوردستان گەشانەوە و بوژانەوەیەکی گەورەی بەخۆوە بینی.

زۆرن ئەوانەی زۆریان كردووە كەمیان بە بەركەوت، بەڵام بە ویژدانی ئاسوودەوە كۆڕی خەباتیان بەجێهێشت.

پیرە هەلۆ لە باوەشی گردی دەباشاندا ئارامی گرتووە و پێڵوی چاوەكانی لێکناوە و بە ئاسودەییەوە بۆ هەتاهەتایە سەری ناوەتەوە.

 191 جار بینراوە