سەرەکی » ئەدەب و هونەر » ئۆرهان پاموك: هیچ كاره‌كته‌رێك له‌م رۆمانه‌دا نییه‌ له‌ خۆم بچێت

ئۆرهان پاموك: هیچ كاره‌كته‌رێك له‌م رۆمانه‌دا نییه‌ له‌ خۆم بچێت

ئه‌و نووسه‌ره‌ جیهانییه‌ به‌ ره‌گه‌ز توركه‌ی له‌ پڕێكدا بڕیار ده‌دات واز له‌ هونه‌ری شێوه‌كاری بهێنێت و ببێته‌ رۆماننووس به‌ رۆمانی جه‌وده‌ت به‌گ و كوڕه‌كانی دێته‌ نێو دنیای نووسین و هه‌ر به‌ وشه‌ نیگاری شار و سیما و ناخی مرۆڤه‌كانمان بۆ ده‌كێشێت، له‌ رۆمانی من ناوم سووره‌ گه‌شتی نێو وێنه‌ساز و به‌رگتێگره‌كانی ده‌ورانی عوسمانیمان بۆ ده‌نووسێته‌وه‌ و له‌ به‌فردا ده‌مانباته‌ ئه‌و زریانه‌ی شاری قارس كه‌ تێیدا كه‌مایه‌تییه‌كان ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌ و هه‌ژموونی ده‌وڵه‌ت و زیهنییه‌تی سه‌رده‌ستمان نیشان ده‌دات: ئۆرهان پاموك، ئێستا ده‌یه‌وێ به‌ رۆمانی «شه‌وانی تاعوون» بمانباته‌ دوورگه‌یه‌كی خه‌یاڵییه‌وه‌ و له‌وێوه‌ بمانخاته‌وه‌ به‌رده‌م ئاوێنه‌ی په‌تا جیهانگیره‌كان و ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌م رۆژگاره‌دا ببینین كه‌ ته‌واوی مرۆڤایه‌تی گیرۆده‌ی په‌تای كۆرۆنا بووه‌. ئه‌م وتوێژه‌ بژارده‌ی چاوپێكه‌وتنێكی درێژه‌ له‌گه‌ڵ رۆماننووس ئۆرهان پاموك.

سازدانی: مورات سابونجو

لەتورکییەوە:فەرهاد چۆمانی 

2-2

* له‌ رۆمانه‌كه‌تدا ده‌ڵێیت سوڵتان عه‌بدولحه‌مید سه‌ره‌تای دروستبوونی ئیسلامی سیاسییه‌، یاخود كه‌شفی كردووه‌. راسته‌ ده‌ڵێی له‌ رۆمانه‌كه‌مدا هیچ ئاماژه‌یه‌كم له‌ سه‌رده‌می سوڵتان عه‌بدولحه‌میده‌وه‌ بۆ ئێستا نه‌کردووە. به‌ڵام عه‌بدولحه‌مید له‌ سیاسه‌تی ئه‌مڕۆی توركیادا سیمبولێكی زۆر گرنگه‌.

– ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ عه‌بدولحه‌مید به‌ سه‌رسامی و په‌سندانه‌وه‌ له‌ خۆ ده‌گرێت و ده‌یكاته‌ سیمبوڵێكی مێژوویی و سیاسیی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی بووه‌ كه‌ گرنگی به‌ ئیسلامی سیاسیی داوه‌ و موحافه‌زه‌كار بووه‌، به‌وه‌ی هیوای له‌سه‌ر هه‌ڵچنراوه‌ سوودی به‌ سیاسی كردنی ئیسلام گه‌یاندووه‌. هه‌ر ئه‌مه‌ش رێگه‌ی له‌به‌رده‌م ئه‌وه‌دا كردۆته‌وه‌. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌مڕۆ ستایشی عه‌بدولحه‌مید بکات. هه‌ڵبه‌ته‌ لێكچوونی سته‌مكارانه‌ و نه‌ژادپه‌رستانه‌ش هه‌ن. ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مڕۆ به‌ زیاده‌ڕۆییه‌وه‌ سیفه‌تی نه‌ته‌وه‌په‌رستی ده‌ده‌نه‌ پاڵ عه‌بدولحه‌مید، بۆ ئه‌مه‌ش پێویستیان به‌و درۆیه‌ ده‌بێت كه‌ بڵێن له‌ سه‌رده‌می سوڵتان عه‌بدولحه‌مید دا ده‌وڵه‌تی عوسمانی هیچ ناوچه‌ و خاكێكی له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا له‌ ده‌ست نه‌داوه‌. ئه‌گه‌رچی له‌ راستیدا عه‌بدولحه‌مید یه‌كێكه‌ له‌و پادشایانه‌ی زۆرترین خاكی له‌ ده‌ستداوه‌.

*سه‌رباری ئه‌مه‌ چ شتێكه‌ واده‌كات عه‌بدولحه‌مید بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئێستای توركیا ببێته‌ جۆرێك له‌ سیمبوڵ چییه‌؟

– ده‌شێ بڵێم نه‌بوونی زانیاریی و بێ ئاگاییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ش نییه‌. چونكه‌ زۆر پرۆفیسۆری نێو ئاكه‌په‌ش هه‌ن كه‌ له‌ كتێبه‌كانیاندا باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن عه‌بدولحه‌مید زۆر شوێن و مه‌مله‌كه‌تی خاكی عوسمانی له‌ ده‌ستداوه‌ و ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ راست نییه‌. به‌پێچه‌وانه‌وه‌ داخستنی په‌رله‌مان، هه‌ڵپەساردنی ده‌ستوور و به‌ كوشتدانی مه‌دحه‌ت پاشا و ئه‌م كارانه‌ی ئه‌وه‌ نیشان ده‌ده‌ن كه‌ عه‌بدولحه‌مید وه‌ك نیشتمانپه‌روه‌رێك نا، به‌ڵكو وه‌ك كه‌سێك كه‌ ته‌نیا بیر له‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆی ده‌كاته‌وه‌ و وه‌ك سته‌مكارێكی ئێگۆیست هه‌ڵسوكه‌وتی كردووه‌. یه‌كێكی تر له‌و شتانه‌ی كه‌ عه‌بدولحه‌مید بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئه‌مڕۆ ده‌كاته‌ سیمبوڵ و قاره‌مان ئه‌وه‌یه‌. ئه‌و كتێبه‌ ناجدییه‌یه‌ كه‌ نه‌جیب فازڵ به‌ ناونیشانی (ئوڵو هاكان، ئیكینجی ئابدولهامیدهان)ـه‌، پاساو بۆ ئه‌وه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ كه‌ عه‌بدولحه‌مید به‌بێ ئه‌وه‌ی شه‌ڕ بكات قوبرس بۆ ئینگلیزه‌كان به‌جێده‌هێڵێت و ده‌ستبه‌رداری ده‌بێت و ته‌نیا ئاڵایه‌ك به‌جێده‌هێڵێت.

* ماوه‌ی پێنج ساڵ سه‌رقاڵی نووسینی رۆمانه‌كه‌ت بوویت، ده‌شێ ئه‌وانه‌ی خوێندوویانه‌ته‌وه‌ ستایشی بکەن، به‌ڵام من ده‌مه‌وێ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی بپرسم، دڵخۆشیت؟

– به‌داخه‌وه‌ ئاسووده‌ و دڵخۆش نیم، ئه‌مه‌ پرسیارێكی سه‌خته‌. هۆكاره‌كه‌یشی ده‌زانن، له‌ نێوان خۆماندا باسی ده‌كه‌ین. ملیۆنان و ده‌یان ملیۆن هاونیشتمانی كۆماری توركیای هاوشێوه‌ی من كه‌ خاوه‌ن ویژدانن به‌ هۆی ئه‌و كه‌شه‌ سیاسییه‌ی كه‌ هه‌یه‌، ئاسووده‌ و دڵخۆش نین. لایه‌نگیری سیاسیی و بڕوادارییان هه‌رچییه‌ك بێت، بۆ نموونه‌ دوایین رۆمانم «ژنه‌ قژسووره‌كه‌« پێنج ساڵ به‌ر له‌ ئێستا بڵاوبووه‌وه‌، ده‌ی با رووداوه‌كانی ئه‌و پێنج ساڵه‌ی رابردوو بهێنینه‌وه‌ بیری خۆمان. سه‌ره‌تا هه‌وڵێكی (شكستخواردوو!)ی كوده‌تایه‌كی سه‌ربازی درا. ئه‌گه‌ر ئازادی و دیموكراسی زیاتر بێته‌ دی بێگومان هاونیشتمانیان پشتیوانی له‌ ریفۆرم ده‌كه‌ن. به‌ڵام منیش هاوشێوه‌ی زۆر كه‌سی تر به‌لامه‌وه‌ سه‌خته‌ بروا به‌و ریفۆرمه‌ بكه‌م. هه‌روه‌ها ئه‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ی كاره‌كانیان بۆ هه‌رس ناكرێت و به‌و یاسایانه‌ی ئێستا هه‌ن ده‌یانترسێنن.

*باشه‌ له‌م دۆخه‌دا پێویسته‌ چی بكرێت؟ به‌ڕای تۆ چ چاره‌سه‌رێک له‌به‌رچاو بگیرێت بۆ توركیا؟

– له‌ كاتێكدا ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ن باس له‌ چاكسازی یاسایی و شتی وا ده‌كه‌ن، له‌ راستیدا ئه‌م خه‌مگینیه‌ی نێو كۆمه‌ڵگه‌ هه‌ست پێ ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر چاكسازییه‌كی راسته‌قینه‌ بكرێت، ئه‌وا ده‌شێ خه‌ڵك پشتیوانیش له‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستا بكه‌ن.

*بۆ ئه‌وه‌ی ئومێد له‌سه‌ر حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتێك هه‌ڵبچنرێ پێویسته‌ چ شتێكی بنچینه‌یی بكرێت؟

– رۆماننووس ئه‌حمه‌د ئاڵتان، كه‌ هاوڕێمه‌، عوسمان كاڤاڵا، سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش نموونه‌ی وه‌ها هه‌ن، كه‌سانی جه‌ربه‌زه‌ن و له‌ زیندانن، تاوه‌كو ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ سه‌ڕاستانه‌ و هه‌موو رۆژنامه‌نووسانی ئۆپۆزسیۆن له‌ زیندان ئازاد نه‌كرێن، ئه‌سته‌مه‌ نه‌ كۆمه‌ڵگا بچێته‌وه‌ دۆخی ئاسایی نه‌ هه‌ست به‌ دڵخۆشی بكه‌ین.

*به‌ڕای ئێوه‌ له‌م دۆخه‌دا ئه‌و ئه‌ركه‌ چییه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانی رووناكبیر و رۆماننووسێك؟

– ئه‌وه‌ی راستی بێت زۆر جیاوازیم له‌وانی تر نییه‌، بگره‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی به‌ ده‌نگی به‌رز بیرم كردۆته‌وه‌، له‌ سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌، چونكه‌ داوام كردووه‌ زیندانه‌كان چۆڵ بكرێن، به‌مه‌ش بێت خۆم به‌ بەختیار ده‌بینم. نووسه‌ران و رووناكبیران و رۆژنامه‌نووسانی وه‌ك ئێوه‌ كه‌ به‌ هه‌زار زۆر و زه‌حمه‌تییه‌وه‌ كاری خۆتان ده‌كه‌ن و ناهه‌قی و نایاسایی گه‌وره‌ ئاشكرا ده‌كه‌ن. به‌ڕای من كه‌سانی خوێنده‌وار ئه‌ركێكی تریشیان هه‌یه‌. ئه‌وه‌ش زۆر به‌ كه‌می ده‌كرێت، كه‌ پێویسته‌ زۆرتر بكرێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ رێگربین له‌ راهاتن له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی ئێستا. توركیا له‌ روانگه‌ی ئازادی بیركردنه‌وه‌ به‌پێی هه‌موو رێكخراوه‌ خاوه‌ن پێگه‌كانی دنیا، یه‌كێكه‌ له‌ وڵاته‌ هه‌ره‌ دواكه‌وتووه‌كان. ئێمه‌ی نووسه‌ران بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ نائاساییه‌ به‌ ئاسایی نه‌بینرێ ده‌شێ كۆمه‌ڵگه‌ هۆشیار بكه‌ینه‌وه‌. به‌ رێگه‌ی ته‌نز، ئایرۆنی و شێوازی تری نووسین ئه‌م كاره‌ بكه‌ین، چونكه‌ خه‌ریكه‌ هه‌ڵوێستی فشار و نائاسایی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌وه‌ هه‌ستی پێناكرێت.

*دوای ئه‌م كاره‌ چی ده‌كه‌ی؟ رۆمانێكی تازه‌تر، یان كارێكی نوێت ده‌بێت؟

– باسمان له‌ «شه‌وانی تاعوون» كرد، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كاره‌كته‌ره‌كانم پزیشك و پاشاكان بوون، هیچ كاره‌كته‌رێك له‌م رۆمانه‌دا نییه‌ كه‌ له‌ خۆم بچێت. به‌ڵام له‌ رۆمانه‌ تازه‌كه‌مدا كه‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ ده‌ستم به‌ كاره‌كانی كردووه‌، نیگاركێشێكی تێدایه‌ كه‌ وه‌ك من له‌ ئه‌سته‌نبوڵ ده‌ژی و گرنگی به‌ شاره‌كه‌ ده‌دات. بۆ نووسینی ئه‌و رۆمانه‌ نوێیه‌شم خه‌ریكم دووباره‌ كتێبخانه‌كه‌م رێک دەخەمەوە كتێبه‌ مێژووییه‌كانی سه‌رده‌می سوڵتان عه‌بدولحه‌مید، كتێبه‌ مێژووییه‌كانی پزیشكی نوران یڵدرم، كتێبه‌ مێژووییه‌كانی پۆسته‌چیی و ده‌رمانخانه‌كان، سه‌دان كتێبی سیاسیی ده‌ورانی عه‌بدولحه‌مید، ئه‌و پێداویستییه‌ ئه‌رشیڤیانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات هێنابوومن. له‌سه‌ر مێزه‌كه‌م لاده‌چن و له‌ جێی ئه‌وان هونه‌ری نیگاركێشان، ته‌كنیك و سكێچبه‌ندی، كتێبه‌كانی مێژووی هونه‌ر. ئه‌و كاره‌ هه‌ڵكۆڵینانه‌ی كه‌ ئه‌سته‌نبوڵی كۆن نیشان ده‌ده‌ن دێنه‌ شوێنیان. بۆ من یه‌كه‌م هه‌نگاو بۆ نووسینی رۆمانێكی تازه‌، بوونه‌ كه‌سێكی تره‌ گونجاوه‌ بۆ نووسینی رۆمانه‌كه‌. بۆ ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م كارم گۆڕینی شوێنی كتێبه‌كانم و خۆ ئاماده‌كردنم ده‌بێت. به‌ڵام با جارێ بزانین خوێنه‌ران و لێكۆڵه‌ران له‌ باره‌ی «شه‌وانی تاعوون» ەوە چی ده‌ڵێن.

سه‌رچاوه‌:
سایتی T24

 141 جار بینراوە