سەرەکی » وتار » ستران عه‌بدوڵڵا » لەبارەی چەواشەكارییەوەپەڕە 25

لەبارەی چەواشەكارییەوە

دیاردەی خراپی گوڵبژێركردنی كتێبەكانی بیرەوەریی ‌و مێژوویی و كردنی بە پەن، ببوورن كردنی بە فیچەری چەواشەی ڤیدیۆیی، دڕكبژێرییە نەك گوڵبژێری، چونكە خاوەنانی بیرەوەرییەكان چیرۆك یان رووداوێك لە سیاقی مێژووییەك دەگێڕنەوە، خۆشیان دەڵێن لە گۆشەنیگایەكی تایبەتەوە، یان ساتەوەختێكی دیاریكراوی سەرنج ‌و را ‌و هەڵسەنگاندنە لە كایەی نووسین ‌و كتێباندا هاتووە. كردنی بە ڤیدیۆ ‌و تەپڵ بۆ لێدانی، كە زۆر جاریش بێ ئیزنی نووسەرەكە ‌و بێ پاراستنی موڵكیەتی فكریش كە مافێكی نووسەرە ‌و سەرمایەیەكی رەمزی شەخسیشە، زوڵمێكە لە نووسەرەكان دەكرێت پێش ئەوەی زوڵم بێت لەو مێژووەی گوایە نووسەرەكە رەخنەی لێ گرتووە.

فەرق هەیە لە نێوان سیاقی نووسینی كتێب ‌و سیاقی تەپڵی میدیایی لە سۆشیال میدیا ‌و لە مینبەرە گشتییە كۆمەڵایەتییەكانەوە. ئەگەر مینبەرەكان جیا نەبوایەن، ئەگەر ئاستەكانی جۆری لە مینبەرەكان جیا نەبوایەن، رۆمان ‌و سینەما دەقاودەق دەبوون. سینەمای حەریفی ‌و درامای خێزانی جیا نەدەبوون. وردەكاری گێڕانەوە نین لە فیلمی سینەمادا. پلەكانی +12،+16، +18 بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئاستەكانی گوزارشت لەم سەكۆ بۆ ئەو سەكۆی تر دەگۆڕێت. هەمان شت بۆ دڕكبژێری كتێبەكانی بیرەوەری راستە كە دەبێ لەبەرچاو بگیرێت.
*
ئەگەر نووسەران بیرەوەریی ‌و مێژووی شەخسی كە بە دیدێكی رەخنەییەوە لەسەر رابردووی شۆڕشی كوردستان ‌و بەتایبەتیش شۆڕشی نوێ ‌و ئەزموونی خەباتی یەكێتی دەنووسن، مەبەستیان فراوانكردنی فەزای دیموكراسیی ‌و رەخنە بێت كە دەبێ ئەو هەقەیان بۆ بسەلمێنین ‌و بە نیازی پاكەوە لێی بڕوانین، بەڵام وەختێك فیچەرەكانی سۆشیال میدیا ‌و پەیجەكانی لاكۆلان دڕكبژێری لەو بیرەوەریانە دەكەن ‌و لێی كەرت ‌و كەت دەكەن ئەوا ترس ‌و بیم ئەخەنە دڵی خاوەنی بیرەوەرییەكانەوە كە داخۆ وشە ‌و ئەندێشە ‌و قسەكانیان، دوای یاداشتكردنیان لە فەزای كتێب ‌و نووسراوەكاندا، چۆن لە پەیج ‌و سۆشیال میدیا بەكار دەبرێن ‌و دەخرێنە گەڕ؟ چۆن لە ماشێنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هەڵدەسورێن. ئەم دەركەوتنانە وا دەكات سڵكردنەوە جێی كرانەوە ‌و ئەندێشەكراوانی بگرێتەوە، چونكە خەڵك لەوە دەترسێ رەخنەكانیان وەك تەشهیر ‌و سووكایەتی سەیر بكرێن ‌و پەیامێكی پێچەوانەی پەیامی رەخنەیی ‌و نیەتی چاككردن ‌و پێشكەوتن بگەیەنن.

 1,133 جار بینراوە