سەرەکی » زانست » یەكەم گەشت بۆ بۆشایی ئاسمان بە پێی پەتی دەستیپێكرد و 108 خولەكی خایاند

یەكەم گەشت بۆ بۆشایی ئاسمان بە پێی پەتی دەستیپێكرد و 108 خولەكی خایاند

كەشتیی نوح

رۆژی 12ی نیسان یادی شەست ساڵەی یەكەمین گەشتی مرۆڤ بوو بۆ دەرەوەی خولگەی زەوی و یەكەمین كەسیش ئەم دەرگایەی كردەوە یۆری گاگارینی سۆڤێتی بوو.

بەر لە شەست ساڵ و لە 12ی نیسانی (1961) یۆری گاگارینی سۆڤێتی بووە یەكەمین كەس كە بڕوات بۆ بۆشایی ئاسمان و بەمەش سەركەوتنێكی گەورەی بۆ یەكێتی سۆڤێتی ئەوكات تۆماركرد كە ئەوكاتە قۆناغی جەنگی سارد بوو و لەگەڵ ئەمریكادا لە پێشبڕكیدابوو بۆ دەستگرتن بەسەر بۆشایی ئاسماندا، گاگارین لەو كاتەدا بووە نوێنەری قۆناغێكی نوێ لە مێژووی دۆزینەوە لە فەزادا.

ئەو گەشتە سەرنجی هەموو جیهانی بەلای خۆیدا راكێشا و هەر لەو گەشتەوە پێشبڕكێكانی ئەمریكا و یەكێتی سۆڤێت بۆ دۆزینەوەی بۆشایی ئاسمان چووە قۆناغێكی نوێوە و لە ماوەی ئەم 60 ساڵەدا نەك ئەمریكا و روسیا، بەڵكو چەندین وڵاتی دیکەش هاتوونەتە ناو پێشبركێكەوە.

ئاژانسی فرانسپرێس چەند شتێكی دەربارەی ئەو گەشتە ئەفسانەییەی یۆری گاگارین و ئەو كەسەی لەپشت ئەو گەشتانەوەیە بڵاو كردۆتەوە لەوانەش:

گاگارین بەرلەوەی بۆ ئەو ئەركە هەڵبژێردرێت، لە كارگەیەكی دروستكردنی ئاسن كرێكار بووە و دواتر بووە بە فڕۆكەوانی سەربازیی و لەناو هەزاران كاندیددا هەڵبژێردراوە كە مەشقێكی قورسیان پێكراوە بۆ ئەوەی بە باشی ئەو گەشتە بۆ بۆشایی ئاسمان بكات.

بەدەر لەو ئەنجامە زۆر باشانەی بەدەستیهێناوە لە تاقیكردنەوەكاندا، دەوترێت گاگارین لەو كاتەدا تەمەنی (27) ساڵ بووە، لە هەمووشی سەیرتر بەرلەوەی بچێتە ناو كەشتیی( فۆستۆك)ەوە، پێڵاوەكانی دادەكەنێت، چونكە ئەمە نەریتێكی باوی روسیایە بەرلە چوونە ژوورەوە لەبەر دەرگا پێڵاوەكانیان دادەنێن.

كاتێك ئەو بەیانییەی 12ی مانگی نیسانی (1961) یوری گاگارین لە بنكەی بایكۆنۆری كازاخستانەوە سواری كەشتییەكەی دەبێت، وەك پیشەی هەمیشەیی هاوار دەكات و دەڵێت: «با دەرچین»، ئەو گەشتەی گاگارین تەنها (108) خوولەكی خایاندووە و تێیدا فۆستۆك یەكجار بە دەوری زەویدا سووڕاوەتەوە.

لەبەرئەوەی گاگارین بە سەلامەتی گەڕایەوە بۆ سەر زەوی، خۆشیی ئەو سەركەوتنە زاڵ بوو بەسەر ئەو راستییەی كە هەموو شت وەك ئەوەی پلانی بۆ دانرابوو بەڕێوە نەچوو.

یەكێك لە هەڵە تەكنیكییەكان لەوكاتەدا ئەوە بووە كە كەشتییەكەی لە بەرزاییەكی زۆرترەوە چۆتە خولگەی زەوی، واتە بەرزییەكە زۆر زیاتر بووە لەوەی پێشبینی كراوە.

ئەگەر ئیستۆپە تایبەتەكانی ئەو كەشتییە خراپ ببوایە، ئەوا دەبوو گاگارین چاوەڕیی نیشتنەوەی خودیی بێت، ئەمەش لە كاتێكدایە، كەشتییەكە بەشی (10) رۆژ خواردن و ئاو و ئۆكسجینی تێدابووە، بەڵام ئەو بەرزبوونەوە پێشبینی نەكراوە ئەگەری هەبوو گاگارین وا لێبكات ماوەیەكی زیاتر بمێنێتەوە و لەو كاتەشدا خواردن و خواردنەوە و ئۆكسجینی لێ دەبرا، بەڵام گاگارین شانسی هەبوو كاتێك ئیستۆپەكانی كەوتنە كار.

لە كاتی نیشتنەوەدا گاگارین چەند میلێك دوورتر لە شوێنی دیاریكراو لە سەر زەوی نیشتەوە و لە كیڵگەیەكی ناوچەی ساراتۆڤی باشووری روسیا لە كەپسولەكەی هاتە دەرەوە و یەكەمین كەسیش كە بینی كچێكی بچووك و نەنكی بوو كە لەو كاتەدا خەریكی پەتاتە چاندن بوون، گاگارین بە كڵاوە خڕەكەی و جلوبەرگە فەزاییە پرتەقاڵییەكەیەوە زۆری پێچوو تا باوەڕی بەو كچە بچووكە و نەنكی هێنا كە ئەو روسییە و سیخوڕ نییە.

هەرچەندە گاگارین بووە هێمایەك بۆ یەكێتی سۆڤێتی جاران، تا ماوەیەكی زۆر كەس نەیدەزانی كە (سێرگی كۆرۆلیف) كە زانا و ئەندازیارێكی بلیمەت بوو لە پشت پرۆگرامی گەشتی بۆشایی سۆڤێتەوەیە كە رۆڵی گەورەی هەبووە لە دیزاینكردنی مانگە دەستكرد و رۆكێت و كەشتییە ئاسمانییەکاندا، نەك هەر ئەوەندە، بەڵكو لە سەردەمی ئەو زانایەدا یەكەمین ژنیش رەوانەكرا بۆ بۆشایی ئاسمان و یەكەمین پرۆسەی رۆیشتنی لە بۆشایی ئاسماندا رێكخست.

دەسەڵاتدارانی یەكێتی سۆڤێت ئەو خەڵاتەی نۆبڵیان رەتكردەوە كە بەخشرابووە كۆرۆلیف و پێداگریان كرد لە بە نهێنی هێشتنەوەی ناسنامەی ئەو زانایە کە جیهان ناوی نەبیست تا كاتی مردنەكەی لە ساڵی(1966) .

سەرچاوە: الشرق الاوسط

 1,007 جار بینراوە