سەرەکی » راپۆرت » ڤێرجینیا ۆڵف

پڕۆفایل

ڤێرجینیا ۆڵف

ئامادەکردنی: ئاڤان جەلال

ئادێلین ڤێرجینیا ۆڵف(Adeline virginia woolf) ساڵی 1982 لە لەندەن لە دایکبووە. خانمی رۆماننووس، چیرۆکنووس، دەرهێنەر و رەخنەگری بەریتانیا، دایکی جولیا ستیڤن و باوکی لیسلی ستیڤن نووسەر و رەخنەگرێکی بەناو بانگ بوو، کە کاریگەرییەکی زۆری بەسەر کچە رۆماننووسەکەیەوە هەبوو، بەهۆی کتێبخانە گەورەکەی باوکیەوە بە زوویی ئاشنای دنیای نووسین و ئەدەب دەبێت.

لە قۆناغەکانی ژیانیدا ڤێرجینیا دووچاری گرفتی دەروونی کاتیی بووە و لە دەستدانی دایکی لە تەمەنی 13 ساڵیدا یەکەمین شۆکی دەروونی دەبێت بۆ ڤێرجینیا، بەڵام هەر زوو توانی بەسەر بارودۆخی خۆیدا زاڵ بێت و لە نێوان هەردوو جەنگی جیهانیدا یەکێک بووە لە رووخسارە ناسراوەکانی ناو بازنەی ئەدەبی لە لەندەن و کەسایەتیەتییەکی رەسەن و دامەزرێنەری کۆمەڵەی رۆشنبیری «بلو مسبێری» بوو.

دووەمین شۆکی ڤێرجینیا ساڵی 1904 بوو بە هۆی لە دەستدانی باوکییەوە، کە تەنیا 22 ساڵ تەمەنی بوو، بەهۆیەوە ویستی خۆی بکوژێت، بەڵام لە هەوڵەکەی سەرکەوتوو نەبوو و کەوتە نەخۆشخانە.

لە دوای ماوەیەک ڤێرجینیا لەگەڵ خوشک و برا و کۆمەڵێک هاوڕێیدا دەستیان کرد بە کۆبوونەوە و مشتومڕی هاوڕێیانە، لە کۆبوونەوە و دانیشتنانەدا گرنگی بە شێوە و رەگەز نەدەدرا، بەڵکو ئەوەی گرنگ بوو توانای بیرکردنەوە و ئارگومێنتەکانیان بوو، هاوکات دەستی کرد بە گەشتکردن کە ئەزموونێکی تازە و چێژ بەخش بوو بۆی.

سەبارەت بە رێگە نەدانی ژنان بۆ کارکردن لە بواری ئەکادیمی و یاسا و پزیشکی کە ئەوکاتە ژنان لە زانکۆی ئۆکسفۆرد و کامبیرج وەرنەدەگیران، بەڵام هاوڕێ کوڕەکانیان ئەو مافەیان هەبوو، ئەمەش بووە مایەی خەم و نیگەرانی ڤێرجینیا. ئەو پێی وابوو، تەنانەت لە بواری ئەدەبیاتیشدا، ژنان توانا و لێهاتوویی ئەوەیان هەیە کە ژیاننامەی باوکی خۆیان بنووسنەوە، هەروەها پێی وابوو ژنان و پیاوان لە ژیانی ژن و مێردایەتیدا یەکسانن و لە رۆمانی (بەرەو چرای لای دەریا) بەشێوازێکی داهێنەرانە ئاماژەی بە نەبوونی ئەو یەکسانیەدا داوە لە نێوان دایک و باوکیدا، رەخنەگرانیش پێیان وایە کە دایک و باوکی ڤێرجینیا هەوێنی دروستبوونی کەسایەتییەکانی ناو رۆمانەکەن.

ڤێرجینیا نووسەری رۆمانی ئەزموونییە، کە هەوڵ دەدات راستی دەروونی مرۆڤ نیشان بدات، بۆچوونە فێمێنیستییەکانی ئەو کە لەناخی هەستیاری ئەودا سەرچاوەیان گرتبوو، لە دەیەی شەشەمی سەدەی بیستمەدا، گۆڕانکارییەکی زۆریان سەبارەتە بە ژنان هێنایە ئاراوە.

ڤێرجینیا لە هەردوو جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانیدا، زۆرێک لە هاوڕێکانی خۆی لە دەستدا، ئەمەش بووە هۆی خەمۆکییەکی زۆر بۆ ئەو، بۆیە لە کۆتایی مانگی ئاداری 1961دا، لە دوای نووسینی کۆتا رۆمانی خۆی بە ناوی(لە نێوان دوو پەردەی نمایشدا)، گیرفانی پڕ دەکات لە بەرد و دەچێتە ناو رووبار و کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت و دوای یەک مانگ لە خۆ کوژییەکەی لە لایەن چەند منداڵێکەوە تەرمەکەی دەدۆزرێتەوە، لە دوایین نووسینی خۆیدا بۆ هاوسەرکەی بە رۆحێکی ماندوو و پڕ خەمەوە دەڵێت: «ئازیزترینم، گومانم نییە دووبارە تووشی شێتی بووم، هەست دەکەم ناتوانم جەنگێکی تر ببینم، ئەمجارە چاک نابمەوە، کۆمەڵێک دەنگ دەبیستم کە ناتوانم لێیان تێبگەم، لەبەر ئەوە ئەم کارە دەکەم کە باشترینە.»

ڤێرجینیا لە ماوەی تەمەنیدا، خاوەنی یانزە بەرهەمی ئەدەبیی و نووسین بوو لە بوارەکانی دیکەدا.

 752 جار بینراوە