سەرەکی » راپۆرت » خوێندنی ئەلیکترۆنی لە نێوان واقعێکی نەرێنی و سەپاندنی بەزۆردا

خوێندنی ئەلیکترۆنی لە نێوان واقعێکی نەرێنی و سەپاندنی بەزۆردا

مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان*

ئاشکرایە دنیای نوێ، دنیای تەکنەلۆژیاو پێشوەچوونی زانستیە، هەمووشتێک خەریکە دەچێتە ناو شاشەی ئامێرە ئەلکترۆنییەکانمانەوە، ئێمە لەبەردەم دنیایەکی جەنجاڵی خێرا تێپەڕی پڕ کێبڕکێ و تاودانداین، دنیایەک کە بەجۆرێکی وا داگیری کردووین کە نازانین لەکوێوە سەر دەربکەین.

چیمان وەرگرت لە تەکنەلۆژیا؟
ئەو تەکنەلۆژیایەی کە بەبێ مەعریفە و ئەتەکێتی دروستیی بەکارهێنانی هاتە ژیانمانەوە، ئێستا لەبەردەم ئاڵنگارییەکی جدیداین لەگەڵیدا، ئێمە چیمان وەرگرت لە تەکنەلۆژیا؟ سەرقاڵبوون و کات کوشتن و یاری و رۆچوونێکی نامەعقوڵ و بێبەرنامە لە بەکارهێنان، کێبڕکێ لەسەر کوالیتی ئامێر و نرخ و شێواز نەک ناوەڕۆک و لێزانین و باش بەکارهێنان، بەردەستخستنی بێ گوێدانە تەمەن و پێویستی بۆچییەتی بەکارهێنانی، هێندە ئەم هەلومەرجانە رەنگدانەوەی نێگەتیڤی هێنایە کایەوە کە بەچاوێکی نەرێنی و مەترسیدار بۆ هەر ئامێرێکی پەیوەندی و ئەلکترۆنی بڕوانرێت و بگرە لەلایەن تەنانەت پسپۆڕ و دەروونناس و پەروەردەکارانیشەوە رێنمایی دوورکەوتنەوە و بەکارنەهێنانیان بکرێت و بەتایبەتی بۆ خوێندکاران و بەکارهێنانیان لە بوارە فێرکاری و زانستی و پەرەپێدانەکانی خۆیاندا، هەلومەرجەکان گۆڕان و ئێستا خوێندنی ئەلیکترۆنی وەک جێگرەوەی خوێندنی ناو پۆل بەشێوەی سەپاندن داخوازی جێبەجێکردنی دەکرێت لە واقیعێکدا کە هیچ زەمینەسازییەکی پێش وەختەی بۆ نەکراوە و هیچکاتێک وەک شێوازێکی فێرکاری کار بۆ ئەنجامدانی نەکراوە، ئەمەش وایکردووە لای زۆرینەی مامۆستایان و ناوەندە فێرکارییەکان و خوێندکارانیش کاردانەوەی زۆر نێگەتیڤ دروست بکات و لە بەردەم حاڵەتێکی نەخوازراودا بوەستن و نەشزانن چی بکەن، کە ئەمانخاتە بەردەم پرسیارێکی حەقیقی، ئایا سیستمی ئەلیکترۆنی و سەپاندنی بەزۆر ئەتوانێ چ ئامانجێکی فێرکاری بێنێتەدی؟

ئەگەر ئاوڕێک لە خوێندنی ناو پۆل لەپێش سەردەمی شاڵاوی کۆرۆنا بدەینەوە، لەو حەقیقەتە تێدەگەین کە بەشێوەیەکی گشتی خوێندنی ئەلیکترۆنی غائیبێکی هەمیشەیی بواری فێربوون و فێرکردن بووە، بەداخەوە نەک هەر نەتوانراوە ئامادەسازییەکی باش بۆ بەکارهێنانی بکرێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە لەلایەن زۆرێک لە ناوەندەکانی خوێندن و تەنانەت زانکۆ و پەیمانگاکانیشەوە بەجۆرێکی وا پشتگوێ خراوە کە ئێستا زانیارییەکی زۆر کەم نەبێت هیچ لە ئامانج و میکانیزمی ئەو جۆرە خوێندنە روون وئاشکرا نەبێت لای مامۆستایان چ جای لای خوێندکاران.

نەرێنییەکانی خوێندنی ئەلیکترۆنی چەند هێندی باشیەکانێتی
گواستنەوەی لەپڕ لە سیستمێکی تەقلیدی پێڕاهاتووی ناو پۆل بۆ سیستمێکی ئەلیکترۆنی تەواو جیاواز لەپێکهاتەو بەکارهێنان، کارێکی هێندە دژوارە کە نەرێنییەکانی چەند هێندی باشیەکانیەتی، چونکە ئەبێت واقیعی بین لە بڕیاردا نەک داسەپێن، ئێستا ئێمە لەکوێی خوێندنی ئەلیکترۆنیداین؟ تەنها ئەو پرسیارە بەسە بۆ ئەوەی بەبڕیاری سەپاندنی خوێندنی ئەلیکترۆنیدا بچینەوە.

ئێستا ژێرخانی زانستی و تەکنەلۆژی قوتابخانەو خوێندنگەکانمان لە ئاستێکی زۆرباشدا نین، ئەمەش کێشەیەکی گەورە بۆ کارگێڕی قوتابخانەکان و مامۆستایانیش دروست دەکات تابتوانن بەشێوەیەکی باش بەشداربن لەو خوێندنە ئەلیکترۆنییەدا و تێیدا سەرکەوتووبن، ئەمەو لە هەمانکاتدا بەهۆی ئەو هەلومەرجە نەخوازراوانەی کە لە رابردوو ئێستاشدا پەروەردە پێیدا تێپەڕیوە بڕوا و قەناعەتکردن بەو جۆرە خوێندنە هێشتا نەخەمڵیوە و هیچ کارێکیش بێ بڕوا و متمانە بەرهەمی باشی نابێت.

کێشەی دارایی و خراپی بواری گوزەران ئەو دەرفەتە ناڕەخسێنێت
دەستەبەری ئامێرە تەکنەلۆژیەکان بە تەنها دادی خوێندنی ئەلیکترۆنی نادات لە کاتێکدا کە پەروەردەی تاکی ئێمە بەداخەوە بەشێوەیەک کراوە کەوا هەست بکەن ئامێرە تەکنەلۆژییەکان نەرێنی زۆریان هەبێت بۆ فێربوون و هانی بەکارنەهێنان و دوورکەوتنەوە لێیان دراوە، لەبری ئەوەی بە جۆرێک رێنمایی خوێندکاران بکرێت کە وەک هۆکارێکی فێرکاری گرنگ بەکاریان بهێنن و فەرهەنگی زانست و زانیاری خۆیانی پێ دەوڵەمەند بکەن، بەرچڤەکردنەوەی ئەو پێڕاهاتنە کە ئامێرەکان تەنها هۆکاری تەرفیهی و یاری و خراپ بەکارهێنان بن جۆرێک لە دوودڵی و بێ متمانەیی لای قوتابیان و خێزانەکانیش درووستکردووە.

کێشەی دارایی و خراپی بواری گوزەران ئەو دەرفەتە ناڕەخسێنێت کە هەموو خێزانەکان بتوانن بەشێوەیەکی زۆرباش سوودمەندبن لەهێڵی ئینتەرنێتی خێراو بەردەست کە رەگەزێکی بنەڕەتی خوێندنی ئەلیکترۆنییە.

بەشدارینەکردنی راستەوخۆی مامۆستایان دابڕان دروست دەکات
بەشدارینەکردنی راستەوخۆی مامۆستایان لە هاوبەشی لەگەڵ خوێندکاران و نەبوونی پلانێکی گونجاو و لەبار و کەم شارەزایی لەو بوارە دا دابڕانێکی زۆر لەنێوان خوێندکاران و مامۆستایاندا دروست دەکات و هیچ پاڵنەرێکی پۆزەتیڤ لای خوێندکاران ناڕەخسێنێت تا بەشێوەیەکی کارلێک لەگەڵ مامۆستایانی خۆیاندا بەشداریبکەن.

تێڕوانینی نەرێنی بەشێک لە مامۆستایان بۆ خوێندکاران لە کاردانەوەیان بۆ داخوازی مامۆستایان و چۆنییەتی بەشدارییان لە پرسیار و وەڵامەکانی مامۆستایان لە بەرامبەریشدا قۆستنەوەی ئەو هەلە لەلایەن بەشێک لە خوێندکاران بۆ ئەوەی رەفتاری نابەجێ بەرامبەر مامۆستایان ئەنجام بدەن جۆرێک لە سڵەمینەوە و دڵەڕاوکێی وای خوڵقاندووە کە تێڕوانین بۆ گروپ و بەشداری لە ئەپەکانی خوێندنی ئەلیکترۆنی قورس و ئەستەم بێت.

دەبێت لەو حەقیقەتە تێبگەین سەپاندنی بەزۆری خوێندنی ئەلیکترۆنی بێ باشترکردنی هەلومەرجەکان و راهێنان و ئامادەکاری و ئاسانکاری دەرئەنجامی زۆر نەرێنی تری لێدەکەوێتەوە وەک لە بەکارنەهێنانی، دەبێت درک بەو حەقیقەتە بکرێت ئەمە پڕۆسەیەکی خودییە و ئەگەر تاک چ فێرکاربێت یان فێرخواز ئەگەر بڕوا و متمانەی بە پڕۆسەکە نەبێت و لەناخەوە کارلێکی لەگەڵ نەکات، بێجگە لەناوێ هیچی تری لێ بەرهەم نایەت.

ئێستا خوێندنی ئاوێتە واتا خوێندنی ناو پۆل بە سوود وەرگرتن لە بەشێکی خوێندنەکە لەماڵ و بەشێوەی ئەلیکترۆنی وەک قۆناغی یەکەمی پێڕاهاتن بەو سیستمە کارێکی تاڕادەیەک گونجاوترە.

*سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

 842 جار بینراوە