سەرەکی » راپۆرت » دیواری قوتابخانەكان بە نووسینی جۆراوجۆر داپۆشراون

دیواری قوتابخانەكان بە نووسینی جۆراوجۆر داپۆشراون

كەركوك، هێمن ئەحمەد

سەر دیواری قوتابخانەیەکە لە شاری کەرکوک چەندین جۆر نووسینی جۆراوجۆری لەسەر نوسراوە، ناوی جیاواز، ژمارەی تەلەفۆن، پەیامی خۆشەویستی و چەندین شتی تر کە هەندێکیان قسەی نەشیاون، ئەم پەیامانە لەلایەن کەسانی دەرەوەی قوتابخانەکان نوسراون، کە خوێندکاران و مامۆستایانی نیگەران کردووە و بەشێکی زۆری نووسینەکان لەسەر قوتابخانەکانی کچانن.

یارا محەمەد خوێندكار، نیگەرانە لە نووسین لەسەر دیواری قوتابخانەکەیان و دەڵێت، ئەو هەموو نووسینە لەسەر دیواری قوتابخانەکەمان شتێکی ناشیرین و نەشیاوە.

وتیشی، تەنها نووسینەکە نییە گەنج لە دەرەوەی قوتابخانەکە دەوەستن و لەکاتی هاتن و رۆشتنەوەمان توانجمان لێ دەدەن بۆیە پاسەوانێکی تایبەت لەبەردەم قوتابخانەکەمان زۆر پێویستە.

نووسین لەسەر دیوارەکان کارێکی ناشارستانییە
تارا خورشید خوێندكارێكی ترە و رای وابوو ئەو كەسانەی ئەو جۆرە شتانە دەنووسن لە بێدەسەڵاتی ‌و كات زۆرییانەوەیە و هیچ شتێكیان دەست ناكەوێت تەنها ئەوەندە نەبێت دیوارەکان پیس بکەن و وتی، پێویستە ئەو کارانە بەدواداچوونی بۆ بکرێت و ئەو کەسانەی وشەی نەشیاو لەسەر دیواری قوتابخانەکان دەنووسن یان دەوەستن و توانجیان لێ دەدەن سزا بدرێن.

رۆشنا مستەفا خوێندكار، نووسینی دیوارەكان بە كارێكی دواكەوتووی ‌و ناشارستانی دەزانێت و دەڵێت: ئەوانەی لەسەر دیوارەكان شت دەنووسن چ شتێكیان دەست دەكەوێت، ئەوە نەك تەنها دیواری قوتابخانەكان، بەڵكو شارەكەش ناشیرین دەكات.

وتیشی: داوا لەو کەسانە دەکەم واز لە تانەو توانج ‌و نووسین ‌و وەستان لە بەردەم قوتابخانەکان بهێنن و دەپرسم ئایا خۆیان قبوڵ دەكەن خەڵك لەسەر دیواری ماڵەكانیان شت بنووسێت ‌و رێگەیان پێبگرن بەدڵنیاییەوە قبوڵی ناكەن.

شارەوانی کەمتەرخەمە لە بەدواداچووندا
شەیما محەمەد، لە یەكێك لە قوتابخانەكانی كەركوك مامۆستایە بۆ كوردستانی نوێ وتی: شت نووسین‌ و پیسكردنی دیواری قوتابخانەكان دەبێتە هۆی پیشاندانی ئاستێكی نزم ‌و نا هۆشیاریی دەوروبەر و کارێکی زۆر ناشارستانییە ئەو كەسانەش لەوپەڕی نا هۆشیارییەوە ئەو جۆرە كارە دەكەن و ئەگەر كەسێك هۆشیار و ژیربێت لەو جۆرە كارە نا بەجێیانە ناکات.

مامۆستا شەیما شارەوانی بە كەمتەرخەم دەزانێت لە بەرامبەر بە دواداچوون ‌و ئاگاداربوون لە پاكوخاوێنی شوێنە گشتییەكانی شار هەروەها داوای لێکردن بەردەوام ئەو شوێنانە بەسەر بكەنەوە كە شتی لەسەر دەنووسرێت، بۆ ئەوەی پاك بكرێتەوە ئەو كەسانەش دەستگیر بكرێن كە شتی نەشیاو و خراپ لەو شوێنانە دەنووسن و وتیشی، ناوی قوتابیەكانمان لەسەر دیوارەكان دەنووسن، ژمارەی مۆبایل دەنووسن ‌و لەبەردەم دەرگای قوتابخانەكەشمان دەوەستن، كە ئەمەش قوتابیەكانمان نیگەران ‌و بێزار دەكات.

ئەو مامۆستایە وانەیەکی تایبەت بە پاراستنی ژینگە و هەڵمەتی هۆشیاریی بەردەوام بۆ گەشنجان بە گرنگ دەزانێت بۆ دورکەوتنەوە لەو کارە نەشیاوانە.

جگە لەوانە دیواری بەشێک لە قوتابخانەکان هێشتا وێنە و پۆستەری کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پێشووی هەندێک لە لایەنەکانی پێوەیە بۆیە مامۆستایان و قوتابیان داوای لێکردنەوەیان و قەدەغەکردنی هەڵواسینیان دەکەن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.

 622 جار بینراوە