سەرەکی » کەلتوور » چه‌پڵه‌ بۆچی و بۆ كێ‌ لێ ده‌ده‌ن؟

روانینئ دوێنێ و خوێندنەوەی ئەمڕۆ

چه‌پڵه‌ بۆچی و بۆ كێ‌ لێ ده‌ده‌ن؟

عەبدوڵڵا عەباس

ئه‌م هه‌فته‌یه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی خۆمان ده‌ڕوانم . هه‌ر رووداو و وه‌رچه‌رخانێكی كاریگه‌ر له‌م ناوچه‌یه‌ی ئێمەدا روو ده‌دا و مایه‌كه‌ی چه‌پڵه‌ڕێزانی خه‌ڵكە، زۆری پێ ناچێ‌ قوڕپێوانی خه‌ڵكی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌. دووباره ‌و سێباره ‌و زیاتر بۆم ده‌رده‌كه‌وێ‌ كه‌ مه‌لا سمایلی سلێمانی وته‌نی ئه‌و هێزه‌ ئیستعماریانه‌ی هاتن و له‌سه‌ر وێرانه‌ی عوسمانییه‌ دۆڕاوه‌كان كۆمه‌ڵێ‌ ئیمارات و به‌ناو مه‌ملكه‌ت و جمهوریه‌تێكیان له‌ لوبنان دروستكرد، ئه‌ونه‌ گه‌مژه‌ نه‌بوون، ئێمه‌ ئێستا وا تێ ده‌گه‌ین غه‌دریان له‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه ‌كردووه‌. به‌شیرموشیر وته‌نی: ئه‌وانه‌ داهیه ‌و عاقڵ و دووربین بوون. ئه‌و ئیستعماریانه‌ له‌ رۆخی رۆژئاوای ده‌ریای سپییه‌وه‌ په‌ڕینه‌وه‌ تاگه‌یشتنه‌ ئاخر ئه‌رزی وشكانی له‌ رۆژهه‌ڵاتی دوور، دوایی هه‌ر له‌ هیندستانه‌وه‌ هه‌تا سنووری رۆژهه‌ڵاتی ئێران، یان به‌ ده‌ركردن یان به‌ قه‌ناعه‌تی خۆیان هێزه ‌داگیركه‌ره‌كانیان كێشایه‌وه‌، ئێستا له‌ ئێرانه‌وه‌ به‌ره‌و رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا سه‌یر بكه‌: چین و ژاپۆن و هیندستان و كۆریای خوار و ژووروو و ڤێتنام و ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ وڵاتانه‌ی به‌ (عه‌مالیقه‌ی ئیقتیصاد ) ناوبراون و هه‌یانه‌ بوون به‌ خاوه‌ن هێزی ئه‌تۆمی كه‌س ناتوانێ‌ له‌ گوڵ كاڵتریان پی بڵێ‌.

بگه‌ڕێینه‌وه‌ به‌هه‌شته‌ هه‌مه‌جۆره‌كه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ، ئێران و توركیا كه‌ دوو به‌شی خاكی كوردستانیان له‌ژێر ده‌سته‌ به‌چاو پۆشین: چۆن و به‌ چی توانیان ببنه‌ میراتگری ئه‌و دوو ئیمپراتۆره‌ی رووخان و له‌و رۆژه‌‌ هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی له‌ شێوه‌ی گه‌رده‌لوولی سیاسیدا به‌سه‌ریاندێ،‌ زۆری پێناچێ‌ ئه‌بنه‌وه‌ به‌ تاقه‌ دوو ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن موئه‌سه‌سات له ‌ناوچه‌كه ‌و زلهێزه‌كان حسابیان به‌ وردی بۆ ئه‌كه‌ن! له‌م ناوچه‌یه‌ وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان ئه‌مێننه‌وه‌ كه‌ ئه‌وانیش دووبه‌شی خاكی كوردستانیان به‌ركه‌وتووه‌! و بوونه‌ته‌ مه‌یدانی ململانێی زلهێزه‌كان، بیست و دوو به‌ناو ده‌وڵه‌تی پڕ ئینقلابی عه‌سكه‌رو پڕكێشه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ….هتد.

به‌ر له‌دوایی هاتنی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی بیست راپه‌ڕینی تووڕه‌یی خه‌ڵك كه‌ به‌ به‌هاری گه‌لانی ناوچه‌كه‌ ناونرا (به‌هاری راپه‌ڕین) سه‌ری هه‌ڵدا و ئه‌نجامی هه‌رهه‌موویان به‌نیسبه‌ت خه‌ونی گه‌لانه‌وه‌ له‌بارچوون بوو.

ئه‌وه‌ی له‌م باسه‌دا ئه‌مه‌وێ‌ له‌سه‌ری بووه‌ستم : خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه‌ بۆ له‌ چاره‌یان نووسراوه‌ به‌ چه‌پله‌ رێزان ده‌ست پێبكه‌ن و به‌ دڵشكاندنی زۆربه‌ پاداشت بكرێن؟

• دوا قسه‌:
_ له‌قوتابخانه‌ وانه‌ت فێرده‌كه‌ن دوایی ئیمتیحانت ده‌كه‌ن، به‌ڵام ژیان ئیمتیحانت ده‌كات ئه‌وسا وانه‌ت فێرده‌كات!

(ئه‌لبێرت ئه‌نشتاین)

 406 جار بینراوە