سەرەکی » زانست » لە بەریتانیا پۆستەرەكانی خۆپارێزیی لە كۆرۆنا دیكۆمێنت دەكرێن

لە بەریتانیا پۆستەرەكانی خۆپارێزیی لە كۆرۆنا دیكۆمێنت دەكرێن

لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا وێنەگرێكی رۆژنامە بەدەیان تابلۆی رێنماییە خۆپارێزییەكانی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ مێژوو دەكاتە دیكۆمێنت.

ئەو وێنەگرە ناوی ( ماتیۆ چاتل)ە و تا ئێستا (270) وێنەی تابلۆی رێنماییەكانی دژ بە كۆرۆنای گرتووە كە تایبەتن بە بەڵای كۆرۆنا، ئەمەش بەمەبەستی دیكۆمێنتكردنی وەك بەشێكی گرنگی مێژوویی لە بەریتانیا.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەریتانیا لە سەرتاسەری لەندەن دەستكرا بە بڵاوكردنەوەی پۆستەری رێنماییەكان لەسەر زەوی بە مەبەستی بیر خستنەوەی هاووڵاتیان بۆ پەیڕەوكردنی رێساكانی دووریی كۆمەڵایەتی و چۆنیەتی وەستانیان لەكاتی ڕیزبوونیان لەسەرەدا كە مەبەست لەوەش رێگرتن بوو لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

زۆرجار ئەو پۆستەرانە كە بریتیە لە وێنەی روونكردنەوەی زانیاریی لە شێوەی تابلۆ لەسەر زەوی دوكان و بازار و شەقامە بەرد ڕێژەكان بە بۆیە دروست دەكرێن یان لە شێوەی چەسپ دەلكێنرێن بە زەوی ئەو شوێنانەوە و لەلایەن ئەنجومەنە ناوخۆییەكانەوە دروست دەكرێن و هەریەك لەو ئەنجومەنانە دیزاینی تایبەت بە خۆیان هەیە، هەروەها بازاڕە گەورەكان و كۆمپانیاكانیش بە هەمان شێوە دیزاین و تابلۆی تایبەت بە خۆیان هەیە»
ماتیۆ لەكاتی كارەكەی و گەڕانی بەو شوێنانەدا بە كامێراكەی وێنەی گرتوون ، لەمبارەیەوە وتی» سەرەتا وێنەكان كەم بوون و تەنها بۆ كات بەسەربردن بوو، دواتر بووە پڕۆژەیەك و دەمزانی كە دەبێت زۆر باشتر كاری بۆ بكەم»

ماتیۆ وتیشی» زۆر جار لە شوێنیكدا پۆستەرێكی رێنمایی دەبینین كە رۆژگار كاڵیكردۆتەوە و كەمترین شوێنەواری ماوەتەوە لەدڵی خۆمدا دەڵێم ئەم تابلۆیانەش رۆژگار كاریان تێدەكات و رۆژێك دەبێت دەبنە بەشێك لە رابردوو».

هەروەها دەڵێت»كاتێك وێنەم دەگرت، هەندێك كەس بەسەرسوڕمانەوە لێیان دەپرسیم بۆ وێنەی قاچت دەگریت؟، بەڵام كاتێك بۆم رووندەكردنەوە كە وێنەی پۆستەرەكانی سەر زەوییەكە دەگرم تێدەگەیشتن و زۆربەیان دەیانگوت ئەو دۆخەی تێیدا دەژین كاتییە وەك ئەو پۆستەرانەی سەر زەوییەكە «.

وتیشی» ئێمە لە سەردەمێكی گرنگی مێژوودا دەژین، ئەو نیشانە و هێمایانە یەكێك لە لایەنەكانی ئەم سەردەمە لە خۆ دەگرێت».

ماتیۆ ئاماژەی بەوەداوە كە وێنەكانی بردووە بۆ پڕۆژەی ( ئەرشیفی چاودێریی گشتیی) كە پرۆژەیەكە و هەموو بابەتەكانی ژیانی رۆژانەی بەریتانیا ئەرشیف دەكات بۆ نەوەكانی داهاتوو و ئەوانیش كارەكەیان پێ باش بوو.

ئەو وێنەگرە باسی لەوەش كردووە وەك هەموو قەیرانێكی تری مێژوو پێویستە ئەم سەردەمەش تۆمار بكرێت و وتی» هەرچەندە خەڵك خوازیارن كە ئەم سەردەمە كۆتایی بێت و بیریان بچێتەوە، بەڵام ئەوەی ئێستا خەڵك لێی بێزارن ڕەنگە بۆ نەوەكانی داهاتوو شتێكی تر بێت و بە جۆرێكی تر لێیبڕوانن»

سەرچاوە:BBC

 100 جار بینراوە