سەرەکی » هەواڵ » ״یەكڕیزیی نیشتمانی و پاراستنی مافەكانی گەلەكەمان״

״یەكڕیزیی نیشتمانی و پاراستنی مافەكانی گەلەكەمان״

رۆژی 2/5/2021 لە مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی، دكتۆر سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكان، پێشوازیكرد لە وەفدێكی باڵای پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخوازی كورد لە سوریا بە سەرۆكایەتی ئەحمەد سلێمان و ئەحمەد بەرەكات.

لە كۆبوونەوەیەكدا، كە سالار سەرحەد ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییە كوردستانییەكان ئامادەبوو، ئاماژەكرا بە پەیوەندیی دێرین و گەشەكردووی نێوان یەكێتی و پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخوازی كورد لە سوریا، كە لە 45 ساڵی رابردوودا لەسەر دەستی خوالێخۆشبووان سەرۆك مام جەلال و حەمید دەروێش، بنیاتنراوە، لەو چوارچێوەیەشدا پشتیوانیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ خەباتی رەوای گەلی كورد لە رۆژئاوا، دووپاتكرایەوە.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا، د.سۆران جەمال تاهیر، باسی لە ئامادەكارییەكان كرد بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق و رایگەیاند: هاوپەیمانیی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرۆكایەتی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی، هەروەها لێكتێگەیشتنی نێوان یەكێتی و لایەنەكانی دیكە بەتایبەت بۆ هەڵبژاردنەكان، بنەمایەكی گرنگە بۆ یەكڕیزیی نیشتمانی و پاراستنی مافەكانی گەلی كورد لە بەغدا، دەرگاش كراوەیە بۆ بەشداریی هەر هێز و لایەنێكی تر. دووپاتیشیكردەوە كە كورد چەند یەكڕیز و تەبابێت، زیاتر دەتوانێت پارێزگاری لە مافەكانی خۆی بكات.

لای خۆیشییانەوە، وەفدی میوان، تەئكیدیان لەپتەوكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ یەكێتی كردەوە و سوپاسی هاوسەرۆكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان كرد كە هەمیشە پاڵپشت و هاوكارییان بوون.
پتەوتركردن و گەشەپێدانی پەیوەندییەكان

لەبارەی سەردانەكەوە، عەلی شەمدین ئەندامی مەكتەبی سیاسی و نوێنەری پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخوازی كورد لە سوریا لە هەرێمی كوردستان، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: پەیوەندییەكی پتەو و مێژوویی لە نێوان سەرۆك مام جەلال و مامۆستا عەبدولحەمید دەروێش-دا هەبوو، بە هەمانشێوە پەیوەندییەكی پتەو و مێژووییش لە نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی پێشكەوتنخوازی كورد لە سوریا، هەیە، ئامانجی سەردانەكەش تەئكیدكردنەوە بوو لە پتەوتركردن و گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا، هەروەها چەند پرسێكی گرنگیش تاوتوێكران.

           عەلی شەمدین

 307 جار بینراوە