سەرەکی » هەواڵ » مەكتەبی راگەیاندن: تاسەر پابەندی دروشمی نان و ئازادی دەبین

مەكتەبی راگەیاندن: تاسەر پابەندی دروشمی نان و ئازادی دەبین

بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئازادیی رۆژنامەگەرییەوە، مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وێڕای پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسان و میدیاكارانی كوردستان، تەئكید لە پێویستیی فەراهەمكردنی ئازادی بۆ كاری رۆژنامەوانی دەكاتەوە، كە پایەیەكی گرنگی بەرەوپێشچوون و پەرەپێدانی میدیا و رۆڵگێڕانی كایەی رۆژنامەگەرییە لە كۆمەڵگەدا، كە لە مێژە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان (نان و ئازادیی) كردۆتە پرەنسیپی نەگۆڕی خۆی و پشتیوانییەكانی سەرۆك مام جەلال-یش بۆ رۆژنامەنووسان و نووسەران لەو بوارەدا پرشنگدارە.

ماوەی سێ دەیەیە نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر راسپاردەی رێكخراوی یونسكۆ 3ی ئایاری هەموو ساڵێكی بە رۆژی ئازادیی رۆژنامەگەریی لە جیهاندا ناساندووە و یادی دەكاتەوە، بۆ ئەمساڵیش كە دروشمی «زانیاری بۆ سوودی گشتی» بۆ یادكردنەوەكە دەستنیشانكردووە، جێی خۆیەتی پێداگری بكەینەوە لەسەر دەستڕاگەیشتنی رۆژنامەنووسانی كوردستان بە زانیاری و سەرچاوەكانی بەبێ جیاوازی، كە ئەوەش بە كۆڵەگەیەكی سەرەكی فەراهەمبوونی میدیایەكی بەتوانا و شەفاف و دوانەكەوتوو لە كاروانی خێرای رۆژنامەگەریی دادەنرێت، لەو پێناوەشدا پشتیوانیی خواست و پێویستی هەموو رۆژنامەنووسێكی بە ویژدان و میدیایەكی سەنگین و پابەند دەكەین و كاریشی بۆ دەكەین.

بە ئومێدی چارەسەركردنی هەموو ئەو ئاستەنگانەی لە رابردوودا هاتوونەتە رێی ئازادی و سەربەخۆیی و هەمەڕەنگی رۆژنامەگەریی، هاوشانیش پانتایی ئازادی و رەخنەگرتن بەرتەسك نەكرێتەوە و لە جێی بەندكردنی رۆژنامەنووسان، مامەڵەی یاسایی و هاوچەرخیان لەگەڵ بكرێت، میدیاش رێز و شكۆی دەسەڵاتی چوارەمی بپارێزێت و بەرپرسیارانە مامەڵە بكات و رۆڵی سەرەكی لە چاودێریكردنی جومگەكانی دەسەڵات و حومكڕانیدا بگێڕێت.

لەم یادەدا درود دەنێرین بۆ هەموو ئەو رۆژنامەنووسانەی لەپێناوی ئەركی پیرۆزیاندا گیانیان بەخت كردووە.

مەكتەبی راگەیاندنی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

3ی ئایاری 2021

 434 جار بینراوە