سەرەکی » راپۆرت » كەركوكییەكان بە گەشبینییەوە لە هاوپەیمانیی كوردستان دەڕوانن

كەركوكییەكان بە گەشبینییەوە لە هاوپەیمانیی كوردستان دەڕوانن

كەركوك، سیروان محەمەد

شەقامی كەركوك و كەركوكییەكان، بە چاوی ئومێدەوە لە (هاوپەیمانیی كوردستان) دەڕوانن و تەئكیددەكەنەوە «هاوپەیمانێتیی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەنێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان و لێكتێگەیشتن لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكانی دیكەدا، هەنگاوێكی گرنگ و پێویستە».

زیاتر بەهێزكردنی پێگەی هەرێم و گەڕانەوەی هاوسەنگی هێز
سەبارەت بە هاوپەیمانیی كوردستان، محەمەد نەسرەدین سکرتێری مەكۆی كەركوكی بزوتنەوەی گۆڕان، دەڵێت: پێكهێنانی هاوپەیمانێتی لەنێوان یەكێتی و گۆڕان و لێكتێگەیشتن لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكانی دیكەدا، هەنگاوە راست و دروستەكەیە لە چەندین رووەوە بەتایبەتی بۆ زیاتر بەهێزكردنی پێگەی هەرێم و گەڕانەوەی هاوسەنگی هێز بەتایبەت لە هەرێمی كوردستاندا، وتیشی: سەرباری گرنگی و تایبەتمەندیی هاوپەیمانیی كوردستان لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا، هاوپەیمانێتییەكە بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان بایەخ و گرنگیی زۆری هەیە و گۆڕانكاریی گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

گرنگیی بۆ پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان
لە لێدوانەكەیدا بۆ كوردستانی نوێ، ئاماژەی بەوەشكرد كە هاوپەیمانیی كوردستان، هەنگاوێكە ئەندام و لایەنگرانی هەردوولا و هاووڵاتیان بە گشتی، بە چاوی ئومێدەوە لێی دەڕوانن، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەمووان ئەو راستییە دەزانن كە كاریگەریی هاوپەیمانێتییەكە جگەلەوەی كاردانەوەی بۆ سەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دەبێت، كاریگەریی گەورەشی دەبێت بۆ سەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی گەلی كوردستان لە هەموو روویەكەوە.

هاوپەیمانێتییەكە هەنگاوێكی پڕ بایەخە
هەر لەبارەی گرنگی و بایەخی هاوپەیمانیی كوردستان، هیدایەت تاهیر جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، تەئكیدیكردەوە كە هاوپەیمانێتییەكە هەنگاوێكی پڕ بایەخە بۆ ئێستای هەرێمی كوردستان و داهاتووی میللەتەكەمان و وتی: هاوپەیمانیی كوردستان هۆكارێكی گرنگ دەبێت بۆ یەكخستنی تواناكانی هەردوو حزب و وادەكات گۆڕانكاریی گەورە بێتەئاراوە لە هەرێمی كوردستان و عیراق و بەتایبەتیش لە ناوچە دابڕێنراوەكاندا و لە ئێستاشەوە هاووڵاتیانی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان بەگشتی، بەوپەڕی گەشبینییەوە لە هاوپەیمانیی كوردستان دەڕوانن و ئومێدی زۆریان لەلا دروستبووە و باوەڕی تەواویان هەیە كە لە ئەنجامدا سەركەوتنی گەورە بەدەستدەهێنرێت.

دەستكەوتی گەورەی دەبێت بەتایبەت بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان
باسی لەوەشكرد كە دابەشكردنی كاندیدەكان بۆ بازنەكانی هەڵبژاردن، بەشێوەیەكی دروستە، ئەوەش وایكردووە ئاڕاستەی هەنگاوەكانی یەكێتی و گۆڕان بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە بەگشتی گەرم‌وگوڕتر بێت و هاوپەیمانێتییەكەش دەگەیەنێتە ئاستێكی زۆر پێشكەوتوو لە كوردستان و عیراقدا و دەستكەوتی گەورەشی دەبێت بەتایبەت بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان و وتیشی: هاوپەیمانێتییەكە لەلایەن لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی سەرۆكایەتی دەكرێت، كە ئەزموونێكی گەورە و كاریگەری هەیە لە پرسی هەڵبژاردندا و رۆڵی گرنگیشی هەبووە لە سەرخستنی لیستی یەكێتیدا، بۆیە هەڵبژاردنی هاوسەرۆك بۆ سەرۆكایەتیی هاوپەیمانێتییەكە بەدڵنیاییەوە سەنگ و قورسایی هاوپەیمانیی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عیراق زیاتر دەكات و بۆ كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانیش دەبێتە پاڵپشتێكی گەورە و كاریگەر و سەركەوتنی بەدوادادێت و بەشداریكردنی كورد لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانیش لە هەڵبژاردندا گەرم‌وگوڕتر دەكات.

 567 جار بینراوە