سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » لیبیا دەروازەیەكی گرنگی پەڕینەوەی كۆچەرانە بۆ ئەوروپا

لیبیا دەروازەیەكی گرنگی پەڕینەوەی كۆچەرانە بۆ ئەوروپا

هەرچەندە 10 ساڵێك بەسەر رووخانی دەسەڵاتەكەی موعەممەر قەزافی سەرۆكی پێشووی لیبیادا تێپەڕیوە، بەڵام لەو وڵاتە شەڕی ناوخۆ دەستیپێكردوە ‌و دەستوەردانی دەرەكیش هۆكارێكی سەرەكییە بۆ ئاڵۆزتربوونی دۆخی ئەمنیی لیبیا ‌و وێڕای سەختتركردنی باری ئابووری، بۆشاییەكی ئەمنی زۆر دروستبووە، ئەوەش هۆكارێكە بۆئەوەی ئەو وڵاتە ببێتە دەروازەیەكی سەرەكیی پەڕینەوەی كۆچەران بەرەو ئەوروپا ‌و هەرچەندە ژمارەیەكیان لەلایەن پاسەوانی ئێشكگری كەناراوەكانی ئەو وڵاتە ‌و چەند كەشتییەكی خێرخوازییەوە رزگار دەكرێن، بەڵام ساڵانە چەندین كەس لەو رێگەیەدا گیان لەدەستدەدەن.

لە چەند رۆژی رابردووشدا، پاسەوانی ئێشكگری كەناراوەكانی لیبیا زیاتر لە 600 كۆچەری لە نزیك كەناراوەكانی خۆرئاوای وڵاتەكەیان رزگاركرد.

رزگاركردنی 334 كۆچەر
وتەبێژێك بەناوی هێزی دەریایی لیبیاوە رایگەیاند: لە باكووری خۆرئاوای تەرابلوسی پایتەخت، هێزە ئێشكگرەكانیان 334 كۆچەریان رزگار كردووە، كە هەموویان خەڵكی ئەفریقان. وتیشی: كۆچەرەكان لە چوار بەلەمی لاستیكیدا بوون ‌و ویستوویانە بۆ ئەوروپا بپەڕنەوە.

روونیشیكردەوە: رۆژانی شەممە ‌و هەینی رابردووش، هێزە دەریاییەكانیان رێگەیان لە دوو گروپی 132 كەسی ‌و 172 كەسی گرتووە ‌و گەڕاندوویاننەتەوە بۆ بارەگای هێزە دەریاییەكان لە تەرابلوس ‌و پاشان گوازراونەتەوە ‌و تەسلیمی دەزگای نەهێشتنی كۆچ لە وەزارەتی ناوخۆ كراون.

لای خۆشیەوە، رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاند: تەنها لەماوەی 48 سەعاتدا، رێگە لە زیاتر لە 600 كەس گیراوە، كە ویستوویانە لە رێی دەریای ناوەڕاستەوە خۆیان بگەیەننە ئەوروپا ‌و گەڕێنراونەتەوە بۆ كەناراوەكانی لیبیا.

خنكانی زیاتر لە هەزار ‌و 200 كەس
وێڕای ئەوەی لە دوای رووخانی دەسەڵاتەكەی موعەممەر قەزافی لە ساڵی 2011 دا ‌و بەردەوامبوونی كردەوە توندوتیژییەكان لە لیبیا، ئەو وڵاتە وەكو دەروازەیەكی گرنگی پەڕینەوەی پەنابەران بەرەو ئەوروپا ماوەتەوە ‌و بەپێی ئاژانسەكانی فریاكەوتن ‌و بەهاناوەچوونی كۆچەران، ژمارەی ئەو كۆچەرانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە دەریادا رزگاركراون ‌و گەڕێنراونەتەوە بۆ لیبیا، لە شەش هەزار كەس تێپەڕیوە.

بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەكانیش، تەنها لە ساڵی 2020 دا زیاتر لە هەزار ‌و 200 كەس لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە.

گەیشتنی زیاتر لە 200 كۆچەر بۆ ئیتالیا
لەلایەكی دیكەوە، رێكخراوی خێرخوازیی ئێس ئۆ ئێس میدیتیرانیە رایگەیاند: كەشتیی ئۆشن ڤایكینگ بۆ رزگاركردنی پەنابەران لە دەریادا، زیاتر لە 200 كۆچەری رزگاركردووە ‌و رۆژی شەممەی رابردوو گەیاندوویاننەتە بەندەری ئۆگۆستا لە دوورگەی سیسیلیە لە ئیتالیا.

رێكخراوەكە داوای لە رێكخراوەكانی ئەوروپا كردووە، هەوڵ بۆ رزگاركردنی ئەو كۆچەرانە بدەن، كە دەیانەوێت لە دەریای ناوەڕاستەوە خۆیان بگەیەننە ئەوروپا.

لە پێنج ساڵدا نزیكەی 33 هەزار كۆچەر رزگار كراون
رێكخراوە خێرخوازییەكە كە بارەگاكەی لە فەرەنسایە، داوای دەستپێكردنەوەی بەرنامەی ئەوروپای كردووە بۆ گەڕان لەناو دەریادا ‌و رزگاركردنی كۆچەران بەشێوەیەكی قانوونی ‌و مرۆیی، ئەوەش دوای حەوت ساڵ دێت لە تەواوبوونی كارەكانی.

روونیشیكردۆتەوە: گەڕانەوە بۆ كەشتیگەلی گەڕان ‌و رزگاركەری ئەوروپا تاكە رێگەیە ‌و ناكرێت ئەوروپا دەستەوستان بێت لەبەردەم دووبارەبوونەوەی رووداوی تێكشكان ‌و نوقمبوونی بەلەمەكانی كۆچەران.

ئەمەش دوای ئەوە دێت كە بەهۆی دواكەوتنی كەشتیی ئۆشن ڤایكینگ لە بەهاناوەچوونیان، رۆژی 22ی مانگی رابردوو، 130 كۆچەر لە دەریای ناوەڕاستدا خنكان.

رێكخراوی خێرخوازیی ئێس ئۆ ئێس میدیتیرانیە ئاماژەی بەوەكردووە، كە لە ساڵی 2016وە، نزیكەی 33 هەزار كۆچەریان لە خنكان رزگار كردووە.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

 320 جار بینراوە