سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » كۆتایی شەڕی فەلەستین و ئیسرائیلپەڕە 3

كۆتایی شەڕی فەلەستین و ئیسرائیل

لە رۆژانی رابردوودا بە نێوەندگیریی میسر، ئاگربەستی نێوان حكومەتی ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس لەلایەن ئەمریكاوە راگەیەنرا. دوای ئەو هەنگاوەش هەردوو لایەن سەركەوتنی خۆیان راگەیاند و لە هەندێك شوێنیش ئاهەنگی بۆ رێكخرا. بەپێی لێكدانەوەی چاودێرانی سیاسیی ئەڵمانیاش «جگە لە هاووڵاتیانی مەدەنی و دانیشتوانی هەردوولا، زۆر وڵات و لایەن لەم شەڕەدا سەركەوتووبوون«.

حكومەتی ناتانیاهۆ
حكومەتی ناتانیاهۆ بەو شەڕە زوومی پێكهێنانی حكومەت و پرۆسەی چاكسازی و بنبڕكردنی گەندەڵی لەسەر خۆی لابرد و ئاڕاستەی چاوی كامێراكان چووەسەر بەرەكانی شەڕ و ئەنجامی ئەو مووشەكانەی كە دەهاوێژران، وەك دیارە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا لە ئیسرائیل چوارجار هەڵبژاردن كراوە، بەڵام تا ئێستا پێكهێنانی حكومەتێكی كارا و هەمیشەیی و دەستپێكردنی پرۆسەی چاكسازیی رووینەداوە.

ئەوە دەستكەوتێكی بایەخدارە
بزوتنەوەی حەماس، گەورەترین قازانجی لەو شەڕەدا كرد بەوەی لەجێی حكومەتی فەلەستین و مەحمود عەباس، خۆی كرد بە نوێنەر و دەمڕاست و داكۆكیكاری فەلەستینییەكان، بەجۆرێك كە كاتێك دەست دەكرێت بە پرۆسەی ئاشتەوایی، دەبێت ئەو بزوتنەوەیە حسابی بۆ بكرێت و بكرێتە لایەنێكی گرنگی گفتوگۆكان، ئەوەش كاری خۆرئاوای كەمێك زەحمەتتر كردووە، چونكە ئەو بزووتنەوەیە لەلایەن ئەمریكا و ئەوروپا و ئەڵمانیا و زۆریك لە وڵاتانی عەرەبیش، لە لیستی تیرۆردایە و نایانەوێت بیخەنە ناو هاوكێشەی سیاسی، بەڵام وای لە خۆی كرد بەبێ ئامادەیی ئەو لایەنە كێشەكە چارەسەرنەكرێت، ئەو راستییەش چەند رۆژێک لەمەوبەر لەسەر زاری ئەنجیلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا دەربڕدرا، كە مێركڵ وتی: زۆر گرنگە حەماس لە گفتوگۆكانی داهاتوودا ئامادەبێت، ئەمەش دەستكەوتێكی بایەخدارە بۆ حەماس، كە زۆرێكیان بە تیرۆریست ناوزەدی دەكەن، بەڵام ناشتوانن پەراوێزی بخەن.

حكومەتی فەلەستین
حكومەتی فەلەستین و سەرۆكەكەی، كە چوار مانگ لەمەوبەر بە هەڵبژاردن هاتۆتەسەر حوكم، لە ئاست هاتنەپێشەوە و پەیدابوونی هەژموون و رەواجی حەماس زیانی پێگەیشتوە، بەوەی حەماس وەك سێبەری ئەو رەفتار دەكات و نوێنەرایەتییەكەی لێ سەندۆتەوە. بەمەش؛ مەحمود عەباس، ئەو رۆڵەی لێ وەرگیرایەوە، كە پێشتر وەك نوێنەر و گەورە دانوستانكاری فەلەستینییەكان مامەڵەی لەگەڵ دەكرا، ئەو شەڕە بۆ داهاتووی ئەو كەسایەتییە بەهێزەی رابردوو، زیانی هەبوو.

حكومەتی میسر
بەو پێیەی سەرگرتنی وەستاندنی مووشەكبارانەكان و ئەو ئاگربڕەی نێوان هەردوولا بە ناوبژیی عەبدولفەتاح سیسی بووە، ئەو هەنگاوە ئەرێنییە بۆتە كارتێكی براوە بۆی و لەلایەن ئەمریكاوە رۆڵ و پێگەی زیاتر دەبێت، لەوانەیە لە ئایندەدا وەك وڵاتێكی نموونەیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، وەك میسرییەكان دەڵێن لەو شەڕەدا ئەوان بوون بە فریادڕەسی فەلەستینییەكان و هۆكاری وەستاندنی ئەو نەهامەتییەی كە بەسەریاندا هات.

هاووڵاتیانی مەدەنی
دوور لە سیاسەت و پەیدابوونی هەژموونی ئەملاوئەولا، هاووڵاتیانی مەدەنی گەورەترین زیانیان بەركەوت لە كوژران و برینداربوون و ئاوارە و دەربەدەربوون و زیانی مادی بۆیان، بەپێی راپۆرتی نەتەوەیەكگرتوەكانیش «كەرتی غەززە لە بارودۆخێكی مرۆیی خراپدا دەژی». بەپێی ئاماری حكومەتی فەلەستینیش لە شەڕی حەماس و ئیسرائیلدا 243 فەلەستینی و 13 ئیسرائیلی بوونەتە قوربانی، بەپێی ئەو ئامارەش دەردەكەوێت كە گەورەترین زەرەرمەندی ئەو شەڕە فەلەستینییەكان بوون. وەك كەناڵەكانی میدیای ئەڵمانیاش باسی دەكەن «ئیدی نابێت خۆیان بكەنە سووتەمەنی ئەو لایەنە چەكدارانەی كە دەیانەوێت لەسەر حسابی ئەوان خۆیان بگەیەننە دەسەڵات و هەژموونی زیاتر پەیدا بكەن. وەك چاودێرێكی سایتی DW ئاماژەیپێكردووە «دەبێت لایەنە شەڕكەرەكان رووە و گفتوگۆ و ئاشتی و دانوستان بن و لەو رێگەیەوە مافەكانی خۆیان بەدەستبهێنن».

سەرچاوە DW

 340 جار بینراوە