سەرەکی » مانشێت » ״یەكێتی بە هەموو شێوەیەك دژی هەر هەوڵێك دەوەستێتەوە، كە سەقامگیریی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی هەرێم و عیراق تێكبدات״

بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆكی هاوپەیمانیی نەسر، عادل عەبدولمەهدی كۆبۆوە

״یەكێتی بە هەموو شێوەیەك دژی هەر هەوڵێك دەوەستێتەوە، كە سەقامگیریی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی هەرێم و عیراق تێكبدات״

كۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و حەیدەر عەبادی

دوێنێ، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانیی نەسر، كۆبۆوە.

لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی پرسە سیاسی و ئەمنییەكانەوە كرا و هەردوولا راشكاوانە هەڵوێستی خۆیان لەبارەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراقەوە خستەڕوو.

هاوسەرۆكی یەكێتی، چارەسەری سیاسییانە و ئاشتییانەی بۆ كێشە سیاسییەكانی نێوان هەرێم و عیراق و هێزە كوردی و عیراقییەكان دووپاتكردەوە و روونیكردەوە، كە یەكێتی، پەرۆشی لێكتێگەیشتنی هاوبەشە لەنێوان هێزە كاریگەرەكان، چونكە باوەڕی نەگۆڕمان بە سازان و گفتوگۆ هەیە لەسەر كۆی پرسەكان و تەنها لە رێگای دیالۆگ و بنەما دەستوورییەكان دەتوانین رێكبكەوین و زاڵبین بەسەر ناكۆكی و گرفتەكاندا. دەبێت وڵات لەم دۆخە پڕ لە كێشمەكێش و ململانێیە رزگاربكەین و نەهێڵین چیتر خەڵك و گەلەكەمان ببنە قوربانی ململانێ سیاسییەكان.
لەبارەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراقەوە، بافڵ تاڵەبانی، هەڵوێستی یەكێتی روونكردەوە و وتی: دەبێت هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەشێوەیەكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت و چاودێرانی نێودەوڵەتیش رۆڵێكی گرنگیان لە چاودێریكردنی دۆخەكەدا هەبێت.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا، هاوسەرۆك، راشكاوانە ئاماژەی بە مەترسی و هەڕەشە جددییەكانی سەر پرۆسەی سیاسی لە هەرێم و عیراق كرد و روونیكردەوە، كە یەكێتی بە هەموو شێوەیەك دژی هەر هەوڵێك دەوەستێتەوە، كە سەقامگیریی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی هەرێم و عیراق تێكبدات و رایگەیاند: هەموو خەمێكمان روو لە رەوینەوەی كێشەكان و دووبارە بنیاتنانەوەی متمانەیە لەنێوان هێز و لایەنەكان و سەرجەم نەتەوە و پێكهاتەكان.

كۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و عادل عەبدولمەهدی
لە چوارەمین رۆژی سەردانەكەیاندا بۆ بەغدا و بەردەوامی دیدارە سیاسی و دیپلۆماسییەكان، وەفدی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بافڵ تاڵەبانی، لەگەڵ د.عادل عەبدولمەهدی سەركردەی دیاری عیراق و سەرۆك وەزیرانی پێشووی عیراق كۆبوونەوە.

لە دیدارێكدا وەفدی یەكێتی، پێزانینی بۆ رۆڵی عادل عەبدولمەهدی دەربڕی، كە وەك كەسایەتییەكی دیار، دۆستی دێرینی گەلی كورد و سەرۆك مام جەلال، هەمیشە لە بەرەی داكۆكیكردن بووە لە بەدیهێنانی مافەكانی كورد و چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان.

لەمیانی دیدارەكەدا، وەفدی یەكێتی، جەختیان لە زەروورەتی هەماهەنگی و دیدی نیشتمانیی هاوبەش و بەردەوامیی گفتوگۆی بنیاتنەر لەنێوان هەرێم و عیراق كردەوە بۆ چارەسەركردنی ریشەیی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەسەر بنەمای دەستوور و بەرژەوەندیی گشتی. بافڵ تاڵەبانی، پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی سەركردە و هێز و لایەنە سیاسییەكانی عیراق دەربڕی، كە تێگەیشتنیان هەیە بۆ مافەكانی كورد و هاوپشتی بەدیهێنانی خواستەكانی كوردن. وتیشی: یەكێتیی نوێ، بە هەمان سیاسەت و رێچكەی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلال، بەردەوام دەبێت. لەگەڵ هێزە عیراقییەكاندا هاوبەش و هاوڕا دەبین بۆ پرسە نیشتمانی و نەتەوەیی و گرنگەكان لەسەر بنەمای گفتوگۆ و تێگەیشتنی هاوبەش. بەهەموو شێوەیەكیش سیاسەتی پەراوێزخستن و رەتكردنەوەی گفتوگۆ رەتدەكەینەوە. لەپێناوی مافی گەلەكەمان و بەهێزیی قەوارەی هەرێم، هەموو سازشێكی حزبی دەكەین، بەڵام سازش لە ماف و بەرژەوەندیی گەل و خاكەكەمان ناكەین.

دیداری بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ كاردیناڵ مارلویس ساكۆ
لەلایەكی دیكەوە، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە بەغدا لەگەڵ كاردیناڵ مارلویس ساكۆ كۆبۆوە.

لە دیدارێكدا، بافڵ تاڵەبانی، ئاماژەی بە رۆڵی مەسیحییەكان لە عیراق و هەرێمی كوردستان كرد، كە بەدرێژایی مێژوو رۆڵێكی گرنگیان بینیوە لە بنیاتنانی ئاشتەوایی و قووڵكردنەوەی گیانی پێكەوەژیان لە ناوچەكەدا.

هاوسەرۆك، روونیشیكردەوە كە یەكێتی، باوەڕی تەواوی بە پێكەوەژیانی هەموو نەتەوە، پێكهاتە و ئایین و ئاینزاكان هەبووە و پارێزگارییش لەو تایبەتمەندییە، كە یەكێكە لە كۆڵەكەكانی دیموكراسی و گیانی پێكەوەیی لە هەرێم، بە ئەركی خۆمانی دەزانین. داكۆكیكارێكی سەرسەختیش دەبین بۆ پاراستنی ماف و داخوازییەكانی مەسیحییەكانی هەرێم و عیراق، كە پێكهاتەیەكی رەسەن و دانەبڕاوی ئەم گەلەن.

لەبەرامبەردا، كاردیناڵ مارلویس ساكۆ، ئاماژەی بە هەوڵەكانی سەرۆك مام جەلال كرد، كە لە رابردوودا چەتری كۆكەرەوەی هەموو پێكهاتە و لایەنەكان بووە و زیندووكەرەوەی گیانی تەبایی و یەكترقبوڵكردن بووە. راشیگەیاند: ئومێدی تەواومان بە سەركردایەتیی نوێی یەكێتی هەیە، كە بتوانێت بە هەمان رۆحیەتی مام جەلال كاربكات و درێژە بەو رێبازە بدات.

 64 جار بینراوە