سەرەکی » راپۆرت » نرخ له‌سه‌ر هاوبه‌شه‌كانی كاره‌بای نیشتمانی كه‌م ده‌كرێته‌وه‌

نرخ له‌سه‌ر هاوبه‌شه‌كانی كاره‌بای نیشتمانی كه‌م ده‌كرێته‌وه‌

راپۆرتی/ رێزه‌ حسێن

شه‌هرام كه‌ریم وه‌ك خاوه‌ن دوكانێك ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ نرخی كاره‌با به‌ شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ریان گران كراوه‌ كه‌ زۆرینه‌ی سوودی كاركردنیان ده‌بێت مانگانه‌ بده‌نه‌ كرێی كاره‌بای نیشتمانی، هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد نرخی ئاو لەگەڵ باج و خزمه‌تگوزارییه‌كانی تر لایه‌نێكی تری بارگرانیی و بردنی سوودی خاوه‌نكاره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.
به‌پێی زانیارییەکانی رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ كه‌ له‌م به‌ دواداچوونه‌دا به‌رده‌ستكه‌وت، سه‌رجه‌م كاسبكاران و هاووڵاتیان له‌ هه‌رێمی كوردستان نیگه‌رانن له‌ گرانبوونی نرخی كاره‌بای نیشتمانی له‌ ناوچه‌ی پیشه‌سازی و بازرگانی و كشتوكاڵی و ماڵه‌كاندا، چونكه‌ به‌ هۆی خراپی باری دارایی خه‌ڵكه‌وه‌، بازاڕكردن و جموجۆڵی بازرگانی كزبوونی به‌رچاوی هه‌یه‌، هه‌روه‌ك پاره‌ی نه‌ختینه‌ی خه‌ڵكی لاوازه‌ كه‌ ئه‌ویش كاردانه‌وه‌ی بێبازاڕی له‌ بازاڕكردن و خواست له‌ سه‌ر كڕینی شمه‌كه‌ جۆر به‌ جۆره‌كان هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌.

كاسبكاران ساردبوونه‌‌ته‌وه‌ له‌ كار
قادر محه‌مه‌د وه‌ك دوكاندارێك له‌ سنووری بازرگانیدا بۆ كوردستانی نوێ رایگه‌یاند: گرانبوونی نرخ زۆرینه‌ی خاوه‌نكاری ساردكردۆته‌وه‌ له‌ كاروپیشه‌، وتیشی: ئێمه‌ له‌ ماوه‌ی سێ مانگدا بڕی زیاتر له‌ 5 ملیۆن دینار حه‌قی نرخی كاره‌بامان بۆ هاتووه‌ته‌وه‌، ده‌بێت لایه‌نی په‌یوه‌ندار ره‌چاوی بارودۆخی بازاڕ بكات، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری سوودی كاسبكاربێت به‌وه‌ی كار و كاسپی و قازانج كردن و خواستی كڕینی شمه‌ك له‌و ئاسته‌دایه‌ تا نرخی خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ گران بكه‌ن له‌سه‌ر دوكاندار.
به‌پێی زانیاری وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، زیادبوونی نرخی كاره‌با له‌ چوارچێوه‌ی راستكردنه‌وه‌ی نرخدا، سه‌رجه‌م هاوبه‌شه‌كانی كاره‌بای گرتۆته‌وه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا وه‌ك ناوچه‌ی پیشه‌سازی و بازرگانی و كشتوكاڵی و نیشته‌جێبوونی هاووڵاتیان.
سه‌میره‌ فاتح وه‌ك هاونیشتمانییه‌كی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد به‌ جۆرێك كرێی كاره‌بای ماڵان زیادیكردووه‌ كه‌ بارگرانی زۆری بۆ هاوبه‌شه‌كانی دروستكردووه‌، خه‌ڵكی له‌ مانگێكدا دوو جۆر نرخی كاره‌با ده‌ده‌ن، ئه‌ویش كاره‌بای موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان و كاره‌بای نیشتمانی، ئه‌و هاووڵاتییه‌ له‌ رێگه‌ی رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ_وه‌ له‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندار له‌ حكومه‌ت، پرسی «ئایا باری دارایی و دابه‌شكردنی مووچه‌ و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار و بازاڕ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌و ئاسته‌دایه‌ تا میلله‌ت به‌و شێوه‌یه‌ بخرێته‌ ژێر فشاری بارگرانیی و قورسایی ئه‌و پێداوستی و خزمه‌تگوزاریانه‌ی كه‌ مافی سه‌ره‌تایی هاووڵاتییه‌«؟.

له‌ هه‌رێم دوو جۆر كرێی كاره‌با هه‌یه‌
به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی كاره‌با بۆ ماوه‌ی 24 سه‌عات، له‌ هه‌رێمی كوردستان، دوو جۆركاره‌با،(نیشتمانی، موه‌لیده‌ی ئه‌هلی) بۆ هاووڵاتیان دابینكراوه‌ كه‌ بۆ هه‌ریه‌كه‌یان نرخ جیاوازه‌، هه‌روه‌ك به‌پێی ئاماژه‌ی سه‌رجه‌م هاووڵاتیانی كوردستان، حكومه‌ت بۆ پڕكردنه‌وه‌ی خواستی كاره‌با ئه‌و لۆده‌ زۆره‌ی هه‌یه‌تی، له‌ رابردوودا موه‌لیده‌ی ئه‌هلی كرده‌ به‌ دیلی كاره‌بای نیشتمانی، هاوكات ئێستاش له‌به‌رامبه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار، كرێ كاره‌بای نیشتمانی له‌سه‌ر زیادكردوون، بۆیه‌ هاونیشتمانیان به‌ كۆی گشتی ناڕازین به‌ پلان و به‌رنامه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، داواكارن له‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندار، ره‌چاوی باری دارایی هاووڵاتیان بكرێت، له‌ به‌رامبه‌ر دابینكردنی سه‌ره‌تاییترین مافدا كه‌ كاره‌بایه‌.
هاوكاری كاسبكاران ده‌كرێت
ئومێد ئه‌حمه‌د وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ نیگه‌رانی هاووڵاتیان بۆ گرانبوونی نرخی كاره‌بای نیشتمانی بۆ كوردستانی نوێ رونكردنه‌وه‌ی زیاتر خسته‌ڕوو ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه‌ هه‌ڵه‌ تێگه‌یشتن هه‌یه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌، چونكه‌ شتێك نییه‌ به‌ ناوی گرانبوونی نرخی كاره‌با، هه‌روه‌ك نرخی كاره‌با وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌، له‌ پێشتردا نرخی چه‌ند بووه‌ ئێستاش هه‌روایه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌ له‌ دوای به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ دیناری عیراقی، په‌سه‌ندكردنی نرخه‌كه‌ی له‌ لایه‌ن بانكی مه‌ركه‌زی عیراقه‌وه‌ وایكرد ته‌واوی وه‌زاره‌ته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ وه‌زاره‌تی كاره‌باشه‌وه‌ پلان و پڕۆژه‌كانیان نرخی به‌رزبێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌موو كارێكی پڕۆژه‌كان به‌ دۆلاره‌، له‌ هه‌مانكاتدا كۆكردنه‌وه‌ی داهاتمان به‌ دیناری عیراقییه‌، ئه‌مه‌ گرفتی گه‌وره‌ی بۆ وه‌زاره‌تی كاره‌با و به‌رهه‌مهێنانی هێنایه‌ ئاراوه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌موو كاری مقاوله‌كان له‌ پڕۆژه‌كان په‌ك خست.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان وتیشی: بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی به‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی دۆلاره‌وه‌ هاته‌ پێشمان، وه‌زاره‌تی دارایی و لایه‌نی په‌یوه‌ندار هه‌ستان به‌ راستكردنه‌وه‌یه‌ك به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌ر فیئه‌یه‌ك به‌ هێنده‌ی سه‌ركه‌وتنی دۆلار به‌ بڕی 20 % بخرێته‌ سه‌ر نرخی كاره‌با، واته‌ نرخی كاره‌با له‌ 15 دینار به‌رزكرایه‌وه‌ بۆ 18 دینار كه‌ سێ  دینار نرخی كاره‌با به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌ خۆیه‌وه‌ بینیووە.
به‌ سوودی كاسبكاران نرخ كه‌م ده‌كرێته‌وه‌
به‌پێی زانیاری وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نرخی كاره‌با بۆ جۆری بازرگانی له‌ 130 دیناره‌وه‌ زیادكراوه‌ بۆ 157 دینار، كشتوكاڵی 130 دینار بۆ 136 دینار، فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان 150 دینار، بۆ 181 دینار، پیشه‌سازی 120 دینار، بۆ 145 دینار، هاوبه‌شه‌كانی كاره‌بای ماڵان 20 % زیادیكردووه‌، هه‌روه‌ك به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ هه‌ركیلۆ واتێک كاره‌با له‌ سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان له‌سه‌ر تاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان، نرخه‌كه‌ی 20 % زیادیكردووه‌.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ رۆژی 8ی ئه‌م مانگه‌، وه‌زاره‌تی كاره‌بای هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌یەکی راوێژكاری به‌ڕێوه‌بردكه‌ تیایدادا وه‌زیری كاره‌بای هه‌رێم، لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانی راسپارد تا نرخی كاره‌با كه‌م بكرێته‌وه‌ و پێداچوونه‌وه‌ به‌و نرخه‌ی ئێستادا بكرێت، ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و نرخه‌ی كه‌ ئێستا دیاریكراوه‌، چونكه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری دۆخی كاسبكارانین به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ی پیشه‌سازی و بازرگانیدا، هه‌روه‌ك له‌م نرخ كه‌مكردنه‌وه‌دا، مه‌به‌ستمانه‌ هاوكاریان بكه‌ین، پاڵپشتیان بكه‌ین به‌شێوه‌یه‌ك به‌ سوودی كاسبكاران بشكێته‌وه‌، نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بارقورسیان بۆ دروست بكه‌ین.

 126 جار بینراوە